ڕاوەماسی

ئەنوەر عەرەب

بۆ فرانتس هولێر*

.

تازە لە ماڵێ هاتبوومە دەرێ، پەڕۆیەکم بە برینەکەمەوە نابوو تا خوێنی لێ نەچۆڕێ. تا دەرمانگا ٢٠ خولەک ڕێ بوو. دەمارەکانی دەستم لێیان دەدا، پرت پرت پرت. پەڕۆکەم توندتر گرت. خوێن لە گۆشەیەکییەوە فیچقەی کرد، بۆم ڕانەوەستا، دەمارەکانی دەستم بەردەوام لێیان دەدا، گرم گرم گرم. پەڕۆکەم لابرد تا قووڵی برینەکەم ببینم، شتێک وەک مار سەری هێنا دەر و بردیەوە ژوورێ. ترسام، خێرا پەڕۆکەم لەسەر داناوە. شتی وام قەت نەدیبوو، پەڕۆکەم لابردەوە تا دیسان بیبینم، چاڵێکی قووڵی ڕەش. کەمێک زیاتر لێی چوومە پێشێ و سەرم بە سەر داگرت هیچ دیار نەبوو، تاریکییەک بوو مەیلەوسوور، قامکم ڕۆ کردە ناوی تا بزانم چەند بڕ دەکا، ڕۆیشت رۆیشت رۆیشت رۆیشت لە پڕدا کێشامییە ناو خۆی. ویستم بقیژێنم هاوار بکەم، شتێک وەک مار لە گەروومەوە هاتە دەرێ دەرێ دەرێ دەرێ بە ددانم قرتاندم، کرتەم لێ هەستاند، خوێن بە هەناوم‌دا فیچقەی کرد و کەوتمە ناو بەحرێک لە خوێن. زمانم برد بەری خوێنەکە بگرم، ماسییەک خۆی پێ‌داکرد، شتێک وەک دڕوو بە قورگم‌دا ڕۆ چوو. دەستم برد بیهێنمە دەرێ، پیاوێک بە لانسێرێکەوە هەڵیکێشامە سەرێ.

———————————–

*فرانتس هۆلێر: نووسەرێکی سوویسییە کە بە کافکای کورتە چیرۆک ناسراوە، چیرۆکەکانی لیپاولیپی خەیاڵی بێسنوورە و پەرەی پێدەدا دەدا دەدا… هەتا خوێنەر بەرەو بێهوودەیی و پاشان پێکەنین و گریان ببا…

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا