خەڵوەتێکم بە رەنگی…
ئاکام کەوسەری
.
خەڵوەتێکم بە رەنگی هەرچی لە پێستا ئەورووژێ
ئەی سوورترین باوەشی ئارام
لە شەوی بێ تۆییدا
شین لە رەنگی کراسەکەتدا وەک هەناسەیە بۆ مانەوە
خەون لە نەرمی دەستەکانتا
وەک لێوت کە شێعرترین رەنگی نووسینە
تلاوتل حەز دەپێوێ
ئاڵۆزیت قومارێکە و
لایلایەی شەوێ کە لە تۆدا بەهاری ئەخەوێ
ئارامیت….
-ئارامیم دەردێکە لە سەر شانی ئەو کوڕەی باشوری خەوتووە لە چیرۆکەکانما
ئەی کچی باکوور و قومار و خەواندن
بێ خەویت ژانێکە و
ئەولاتری هەرچی لە منا خەریکە
لە لۆچی لێوەکانتا بماسێ
لە رەنج و دەمارەکانتا تل بخوا
تلاوتل بوونی ژن و نیشتمان
دەمار و خوێنی برینن
برین تۆ
من دەرمار و
لە ئێوارەی نیشتمانا
کوا حەزێ بۆ ئارامی و خەوتن
خوێنین نەبێ؟
شپرزیاگم یا رەحیم
رژانی گەڵا بە سەر پاییزا و
دوو هەنگاو ئەولاتر
دەنگێ ئارام بە گۆنای گوڵێکەوە
هەناسەکانی تێکەڵی با و
پێشکەشی ئێوارەیەک بە دەم سەمای گوڵزارەوە
ئارەقان ئەپێوێ تەنیایی
-شپرز یانی چەندە حەیرانی چیرۆکی “میم” و تەنیایی شێرزاد حەسەن بیت
لە منا ژنێ شەقامەکان دائەکا و
لە خۆیا بێ خەوی
-ئێرە ئێوارەیە و پەنجەرەکان چ بێ رەحمانە خەریکن لە منا ئەتوێنەوە
تۆ لە تەنیایی منا خۆت و
تێکەڵ بە چاوت
حەیران دەژەنم ئێواران
و من چ تاریک لە چاوانتا
دەخولێتەوە هەینییەکانم
ئەی رەشترین هاواری کپ کراو
لە گەرووی شەوێکی خەمۆکدا
لە پاش مەرگم
برینداری ئەو وەرزانەی کە ئەتویست کۆی کەیتەوە لە پاییزدا.