دوور مەنواڕە لە شاخ ئاسۆ | ژاندۆس | شێعر | لاونووس
ژاندۆس
تۆ پیاسەیەک دایگرتووی لە خۆیا خەست
«خەستە نەوی ئابا»
خەستی و بە چ دەستێک ڕوون نابییەوە
خەستی و تراوییەک نابینی ماندوویەتیت بهۆنێتەوە
تۆ ئەڕۆیت و لە ونێکا خۆتی
لە تەرمێکا خوێنیت کە وێستاوی و خنکاو
گەنیوی لە گەرای بێهوودەی بەردەوامیتا
تۆ ئەڕۆیت و لە هەر ڕێبوارێک دێتە ڕێت پرسیارت هەیە
لە تگێرێکی دڕاو
تا کڵاشی کا حەبیبی دراوسێتان کە سەر پێ خراوە پرسیارت هەیە
تۆ نازانی چیت لێ ون بووە
نازانی چیت کەمە لە مەرگتا
سترانێکی ڕۆژاوایی ئەبیستی و لە ناو تریتی وشەکانیا
بە شوێن پڵتە تەماتەیەکا ئەگەڕێی
هیچ چێژی لێ نابەی و تەنیا ئەتەوێ برسیت نەبێ
نازانی ئەو خەڵکە داماوەش یەکەم جارە بوونیان لێ ڕوونە
لێ ڕوونە تۆ ناناسن و نازانن چیت کەمە
نازانن گیرفانت لە کام بۆشایی
لە کام پەنجێرەی ڕوو بە کوێ
لە کام خیانەتی سەرما ئاخێندراوە
تۆ ناناسن و
بێهوودە وێڵی لە پیاسەتا
کە لە جامانە ئەپرسی و نازانێ
لە پشتوێن ئەپرسی و نازانێ
لە کڵاشی سەرپێخراوی قاچاخچییەک
لە خەلالدیانی گۆشەی لێوی دێهاتییەک
لە مستەویلە زەلامەکانی مامت ئەپرسی و نازانێ
تۆ بێهوودە زیندوویت لە ژیانێک کە مەرگێکی بێ دەسەڵاتە
کە هێزی نییە بتلاوێنێتەوە
کە هەر ناتبینێتەوە لەتاو لەرزۆکیی قسەوباس
لەتاو ونبوونی پارچەکان
کە خاک چیدی کەس ناگرێتە خۆی تا داگیر کرابێ
تۆ ئەمە ئەزانی و لێ بەردەوامی لە پیاسەتا خەست
«خەستەیت ئابا ئەزانم»
لێ تراو نابیتەوە تا خاکت نەبێژییەوە
تا بژار و دەسکەنەیەک نەکەی سەربەخۆ
ئابا گەر بە خەستەیی کارێک نەکەی
خاک ناتگرێتە خۆ
تفت ئەکا
ئەتقڵخێنێ
بە هەموو ڕیخۆڵەکانییەوە تۆ و ڕابردووت ئەڕشێتەوە
مێژوو بۆچەک بۆچەک ئەمیزێنێ لە مێشکتا
ناودەمت کەف ئەکا و
لە دەروونتا گۆڕ هەڵئەدەی
لە پیاسەکانتا
زووخاوی دایک و پەلکەی پرژی مناڵی شەهیدت لێ ئەتکێ
هەر پرسیارت هەیە و
لە وەڵاما بێوەژنی دووگیان ئەماڵن بە دەموچاوتا
گۆڕێک دێتە گۆ و
نۆزدە کەس نینۆکیان لە پێستت ئەگرژێنن
هەشتا و هەشت کەس قریشکەیان ئەگیرێننە پشتت
تۆ ۱۸۰ هەزار کەس تاویان داوەتە گەرووت
بینەقاقات دڕاوە
کانیی ڕوانینت پڕ بووەتەوە:
تۆ ناتوانی بگریت
تۆ ڕێت پێ نادرێ بگریت
هەر دڵۆپ فرمێسکێکت بکەوێتە سەر خاک
قوڕ ئەگریتەوە بۆ خۆت و ئەوانەی لێت ئەڕوانن
تۆ بۆت نییە بگریت دەنا قوڕ ئەکرێ بە ملتا و
سەری حیز بۆ بەیانیت دائەخەی کە لە دوێنێت ئەچێ
سەری حیز دامەخە ئابا بەسەر دوێنێتا
بە وێنەی تەوراسێک کە مێشک هەڵئەتەکێنێ
بەسەر ڕابردووتا داخوڕە هەڵتەکانێک، سەرەوبن
لە چرکەیەک کە ئێستا لێت تێپەڕی
تا بنمیچی کورد هەڵقڵیشێنە بە تووڕەیی و
پرزۆڵە پرزۆڵە هەنگاو بدوورە بەرەو ئاکۆ
دوور مەنواڕە لە شاخ و ئاسۆ
نزیک نزیک پرزۆڵە بدوورەوە لە هەنگاوتا
نزیکە وچانێک هەنیەت بسڕێ و
چۆکی بێسامت ڕامووسێ و
بە زەردەیەکی حەماسییەوە پێت بڵێ
«خەستە نەوی ئابا»
کە خەستاییت لە تراویی سەربەستییا نوقم بوو
کە خۆت وەڵامی پرسیارەکانی خۆتت
چەپکە چەپکە لە گیرفانتا شەتڵ کرد
تۆ هەر ئەڕۆیت و
پرسیاری نوێت بۆ دێتە پێش
لە کۆڵانێکی چەوڕێژەوە
تا ژنێک کە بە مانتۆ و لەچکەوە دیوی ناوۆی پەنجێرەیەک ئەسڕێ