شەوێکیان لە شاردا دابەزاند | سەردار حەسەنی | شێعر

سەردار حەسەنی

 

 

 

 

چ تامە
ئەم سوێری سەفەرە و
چ تامە ئەم کونجی سەقەرە
من بڕێک زام بووم و
باوەشت چۆڕکەمی گرتەوە
من بڕێک ئاە بووم سینگی تۆ سەرمی نا بە خۆیۆ
من پیاوێک پازڵ بووم
لە گەمەی مناڵێک نەدەچووم
کەسێکیش نەبوو تا
لەم شێوەی بشێوی منە هیچ حەز بکات
دەسماڵێک لە بەر سەر ئاخێزێک جێمابوو و
پاکەتێک ویژەی پڕ
ئێمەیان لە دەور بیس پێچی دووکەڵ و
بۆنێکی غەریبدا هەڵقە کرد
ئێمەیان لە بۆنێک یاخیدا هەڵژەنی
ئێمەیان فێری” با”و
فێری “نا ” و
فێری چاو چاوێنی مەتەرێز کردوو چوون
ئێمەیان لە لاپاڵ ئاسۆیەک تەریکدا
چاند و چوون
لە لێوار خۆرێکدا
بە یاری خیز و ئاو سەرقاڵ بووین
بە بەفر و سپییتر
بە دوو دەستی ژیری فێرە ڕێی ئاسن و
بە دوو گوێی وازری خشەی ڕێ
چ باسە لەم خەونە لێڵەدا
کە چۆڕگەی ڕوونی ئاو
لە چاوی پەنجەرە و ئێمەدا
میوانێک دڵتەنگ و
کە دڵمان سەفەریی سەر تەلی ڕۆیین بوو
من بایەک بە گیرفان ڕۆژانم فێر بووبوو
هەر دەستی دەبردم بەرەو دوور
هەر چۆڵیی گیانمی دەپشکاند
هەر فریای سەریشم نەکەوتم کە نەیباو نەیکاتە هەوایی
من خەونێک بە شەوگاری کپم فێر بووبوو
دەستی لەو سادانەی بێکەسم دەوەشاند
چاوانمی دەکردە گۆلێک ڕوون
لە فرمێسک
دڵمی توند دەگووشی و
گشت گیانمی پڕ دەکرد لە لوورەی دووری گورگ
من تاکوو هەنووکەیش‌ هەر یادێک تورتی تورت شک ئەبەم
لە چاوی قەد دیوار
کەمێک بۆنی مێخەک
لە یادی کاڵۆبووی وێنەیەک بە پەلە و
لە گیانێک لێوانلێو لە شاباڵ
ئێمە هەر تێکەڵی وەک خۆمان نەبووە نا
لە کاتێک وەستاودا
ترسیش و تاویش و هیوایش و هێمایش و
ئومێد و تاریکی و ورەیش و ڕووخان بووین
ئێمە هەر حەرفی سادە بووین
وشەی شێر لە گیانمان چێ دەبوو
هەر ڕێگا دەنووسراین
هەر زام بووین ڕادەبووین
چ تام بوو شیرینی سەر خەتی خەیاڵت
پێچێکی ڕەشتییەکەی دەور ملت
کە ئێمەی دوورییەوە بە خۆر و
گیانمانی پێچاوە بە باران
چ تام بوو دوا وشەی مەغریبی داچوونت
لە گیانی هەنووکەی ماتڵما
کە تا دێت دەستیشم لێ دەبێتە کێوی
چاویشم هەر ئەدا بە هەرددا و
تۆ هەر دوور دوورتری
لە لێوار ئەم شەقڵی زامەوە
هەواڵمان هیچ نەبێ مەرگێکە و
بێ کفن
هەواڵمان وەرزێکی زستانە و
سەرێکن کە بە ناو بەفردا ڕێ ئەکەن
به سەمای چەن کولووی کۆچەری
ڕێگامان هێنایە سەر زامێک
کە دەستی چەمەریی گرتین و
پێی وتین
بە دەوری دوا کڵی هەتاو و
دوا لەنجەی مێژووی گەش
پڕ دڵێک و گیانێک
لە خەونی ڕۆژانی زێڕینێ هەڵگرن
چرا ڕێی چەواشەی گرتووە و نەبایێ
بتانبات تا هەڵدێر
لە زامی دوا دێڕی سەر سینگی گەڕەکا
لێڵایی نووسراوە و
ئەوەی وا لەوێوە ڕێئەکات
نازانێ چ باسە
لە دەستی دوا چرکەی پۆپۆلیزم
سەعاتێک خەریکە نا زەمان دەچرکێ و
ئەوەی خەونی خۆشی کانی بوو
بە باری سەروبن هاتە دی و
شەوێکیان لە شاردا دابەزاند
بەشی گشت مەودایەک
مەودایەک کە دا بێ و بڵێ ئا
ئەوەی با بردبووی
هەناسەی ڕێحان و سوێسن بوو
کەچی وا سەرەی بای خەردەلە و
بۆنی خاک خەرێکە کۆچ دەکات
چ تامە فیراقی ڕووناکی و
چ تامە مەرگی خەون
لە قول مشت مناڵێک قوڕاوی و بێ ماڵدا
پەڕەیەک ئایندەی دڕاوە
کە لە تۆی کتێبێک ڕووناکی باوکیدا
بە چنگیۆ هاتووە و ئیتر هیچ
ئێوە تا سەرچاوەی ئاوەکەی ناو خۆتان پڕ نەکرد لە خۆڵ و
ئێوە تا نەبوونە بڕێک بەرد
ئێوە بوون
ئێوە تا بارانتان هەڵئەدا و
تا بەخۆر ڕێگاتان ڕادەخست
ئێوە بوون
ئێستاکە ئیتر شەو لە گیرفان دەردێنن
بە زوقم چاوانی دوواڕۆژێ دەبەستن
لە خوێندا خەیاڵتان دەنوێنن
ئایندە و دڵی با
لە سەر ئەو ئاخێزەی لۆزەنگەر بوو بە خەو
ناوەستێ و
قەرەوڵی کاروانی بەرەو سەر
لە لۆقەی شەوێڵی چاوشۆڕیی ئاگایە و
پێت دەڵێ :
کاروانێ سوور و سوور
لە ڕێگای هێنانی هەناسە و
کێشەوەی دانی سەر ناوەستێ و
ئایندە جامێکە و
لە گیرفان دڵداردا دەدرەوشێ
پێت دەڵێ مەرگێکی ساددەیە بوون بە بەرد
پێت دەڵێ
کە ئارام مردیتوو بووی بە خۆت
ڕستنەوەت لە چەرخی مێژوودا مەحاڵە و
خوری بوون داهاتوو
بە سیمای ئێمەوە پەڵەیەک ڕووناکی
بوون و چوون
بە ڕوومەت ئێمەوە ئارەقی ڕەنجێک بوون کە دەتکان
بەڵام تا توانەوە ڕێگایەک دوور نەبوو
تکان و
تکان و
مەراقی بازنێ چۆتە مل
دەنگی دایک
هۆرەی باوک
خوشکانێ سەر و سینگ دادڕاو
برایەک دەمار توند
کە باسی یادگاری و دوا مەکۆی تووڕەیی لەوێ بوو
برایەک دەستەشکاو
کە بازگەی مەرگێکی تەی دەکرد تا دەبوو بە تەیرێک
چی لە زام بە جێما ئاوسا و
چی لە مان بە جێما بوو بە تەوق
لە سۆلەی چراکەی ئەو سەریش
بڵێسەی چەن فاقێ بە جێما
کە ڕێگا هەتا بێ لەمەودوا چەواشە و
ئاسۆیشە هەر سوێیە
چ تامە ئەو شەرمەی
خووسانی داوێنی کراسی دایکێ نابینێ
چ تامە ئەو ژەهرەی
کە دەیکاتە زاری داهاتووی ڕیزەوە
خەیاڵی بڵاوی مردوویەک بە پێوە
کە بەشی میراتی لە باران دەوێت و
لە ڕێگای چرادا
هەستاوە
چ تامە مردنێک کە تاسەی چاوانێک چاوەڕێ دەمرێنێ
دوور نەبوو دەستەکەی ئایندە و
دوور نییە بەرایی کاروانی ڕێچکەی شەم
بە سۆزی سەر زاری سروود و
بە ڕێچکەی لێشاوی دڵەوە
کە ئەڕوات ببێتە ترۆپکێک لە زار و
ببێتە دوو نەڕەیش لە هاوار
دوور نەبوو دوا چۆڕی گەشی ئاو
لە قۆڕگی ئەمڕۆدا
غەرغەرەی غوروور بێ
دوور نەبوو
لە هەیوان ماڵێکی هەژاردا
دووکەڵێک لە کوانووی هەستانێ هەڵبسێ
دوور نەبوو داییسان لە پووشی پەڵاشی کەڕوودا
دوور نەبوو
دنیایەک شەوقن و جامێکی تەواو قات
کە باڵای چێخێک و چەتفەیەک لاری لار بنوێنێ
دوور نەبوو خیابان پیاسەکان داژیاری بکات و
کافەکان پڕ ببن لە بۆنی ئازادی
دوور نەبوو دوا جگەرەی کۆتایی ئەم شێعرە و
هەناسەی دەرچوونی ماندوێتی
دوور نەبوو
کە قریوەی قاقاکان قەفێکیان نەبێتە زنجیر و
کە لەنجەی ڕۆیینێ و ڕۆینەیێ بلەنگێ
دوور نەبوو بە لێوار تارمایی شارەوە
ئێواران لە پێکێ سەربەستدا
ڕەهایی هەڵبدەین
کەچی دوووور
دوورترین چیرۆکی ڕیش و ڕاست
لە خاویی خەیاڵی چەن سەری سەرتەرزدا
لە دووری دەستێکی بە گوڵ و
لە بێخەم ترینی داژیاردا
لە سیمای شارەوە ڕوان و
دوورترین ئازاری دەم چەقۆ
بە تیژتر لە باڵی باڵندە
لە چۆڵیی نیگاکەی ڕووناکی
هەلێکی بەتاڵ بوو زانییان
نیشتنەوە سەر دڵی تۆفانێ و
گۆڕییان بە گێژاو
من هەر زوو لە بن گوێی گوڵێکدا لەو پارکی شارەدا
چرپاندم کە بە بێ دەمامک ئیساولا ناتوانی بشنرێی
کە ئیتر ئێواران بێ مکیاج ناتوانی دەرکەوی و
کە ئیتر بە جێی ئاو دەبێ تۆیش چەن دەرزی لە خۆت دەی
من هەر زوو لە باسکی درەختێک هاوڕێما
دوو دێڕی دڵتەنگم بە جێ هێشت
نووسیبووم
ئەم سەروی باڵاتە خوا بکا لافیتەی مردن و
خەزانی پێوە هەڵنەواسرێ
خوا بکا باهۆی تۆ نەبێته ناو کڵی تەنووری هەڵقرچان
هیوات هەر بەر مەدە و درەخت بە هەتاکوو بۆت ئەکرێ و
ڕۆییبووم
ئێستایش هەر جارجارێ لە بەر دەم باڵایا
بە دڵتەنگ ئەوەستم
چاوانی پڕیەتی لە بریقە و
هەر دەڵێ
خۆزگە قەت ئەونەی هەم نەئەبووم
خۆزگە قەت ئەوەندە باڵام سەر نەدەکەوت
کە حەوشەی ئەو دیوی خۆمم لێ دەرکەوێ
خۆزگە قەت ئەوانەی بینیمن نەمئەدین
خۆزگە من چاوم هەر نەئەبوو
کوێر دەبووم زگماکی و
لە سینگی کۆتردا
چوڕاوکەی چەن دێڕی تکاوم نەئەدی
لە باوەش دایکا
سەری “با”م نەئەدی خەڵتان بێ و
ئەو هەموو مەیتانەم نەئەدی لە دڵی شەواندا
ببرێن و ببرێن و
چۆن نەمرم بە گێزی ملمەوە
هەر تەنیا بووم بە چاو
کرام بە ئەنتێنێک لە ئازار
کە هەرچی پەلکمە ڕۆژانە حەب نەخۆن ناخەون
چۆن نەمرم ئەم شارە بە بەرچاو گەڵاموو گوڵمەوە
ئاوا بوو
بۆ نەمرم کە تەرمی بێ گیانی شەقامێ
گشت ڕۆژێ بە کۆڵێک زامەوە دەبینم
لە سووتک سووتماکێ
لە بۆنی سووتانی تایەی تەوس
لە چاوی بێخەمی دراوسێی چاویلکە
لە بڕێک بۆیاخی ڕۆژان و
خەڵتان و خەڵەتان
هیچی تر نابینێ
ئەی ئەوسا
کە من هەر دار نەبووم
ساواتر لەمە بووم
گیانی شار شڵپەی ئاو ئەیتەنی
لەم داوێن ئێمەدا
دەیان و سەدان چاو
پڕپڕبوون لە هیواو
لە بریقەی مرواری
سەدان چاو
کە تەنیا چاوەڕێی چەن دێڕی شێلگیر بوون
لە باسی ڕووناکی
ئەی ئەوسا
کە ئەمدی
خولی چرکەژمێری سەر دەستی مانگەکان
هەر دڵ بوو دەیبژارد
هەر خوێن بوو دەیلاواند
هەر زام بوو دەیپێچاو
هەر ڕوونتر دەچرکا
ئەی ئەوسا کە مەغریب
لێرەدا هەر دەست بوو
ڕووناکی دەساودەس دەکرد و
هەر زار بوو ئومێدی ئەدرکاند
ئەی ئەوسا لە چاخی نیوەشەو
لە بن گوێی ئێمەدا
چەن چاوی وەک چرا
بە کونی گیرفانی زەماندا
نامەیان دەئاخنی و
پەیامیان دادەشارد
هەر گیان بوو و لە سەر دەست
دەهێنرا بۆ لەشی ئێمە و شار
هەر چاو بوو لە چاڵی لەشماندا دەچێنرا
هەر دڵ بوو دەخنرا بە چاکی سینەدا و
هەوا بوو ڕاپێچی ڕەهۆڵی سیی دەبوو
ئەی ئەوسا چۆن بوو چۆن ؟؟
کە مردن دوو گوڵی پیرۆزی سەر سینگ بوو
دوو باڵ بوو شەرم نەبوو
دوو چرکە و چیرۆک بوو و گوێی دنیای دەتەنی
ئەی ئەوسا بۆ ڕۆیین فڕین بوو و
بۆ باز بوو هەنگاو و
بۆ باهۆ شاباڵ بوو؟؟
ئەی ئەوسا بۆ باڵا نەمامێک نەوبەر بوو
بۆ جووڵە بەس تەنیا بۆ ژین و
بۆ سووتان هەر تەنیا بۆ هیوا و بەیان بوو؟؟
من دواجار لە دڵی ئەم خۆمی دارەوە
جارجارێک لە بۆنی ناوسەری چەن کەسێک ڕادەبووم
جارجارێ کەس کەسم ئەبینی کە بۆنی گوڵانی ئەوساکەی لێوە بێ
بەڵام هەر دوو ڕۆژ بوو
دواجارە لە دەم بای ئەوسەرەم دەبیستن کە دەبوون بە کۆچەر یان دەبوونە کەوێک دەکرانە پشت ڕیزێک میلەوە
ئەی جا خۆ
ئەوانەی وا ئێستایش لە مەرگا شەو دەنوون
دەیان جار لە بن گوێی ئێمەدا ئەمەیان دەزریکان
کە مردن خەریکە بە جەستەی شارێدا دەبێتە شاڕێیەک
سبەینان منوو تۆ
هەتا سەر جەستەی جام
پەلکێشی ئەکەین و بێ تەقە لە گەڵییا شەریکین
ئەی جا خۆ هەموویان
هەر لێرا هەزار جار جاڕ دەدا
کە مەبنە دراوسێی سێڵاوێ
با دواجار ماڵتان ئاو نەیماڵێ
یەک جاریش
بە ڕووی شەختەی شوومدا پێکەنن
هەر ڕۆژێک دنیاتان دەیبەستێ و
گڕێکە ئەم گێژی گێلییە کە دواجار
داوێنی کراسی کێژۆڵتان قرچ ئەکا و
بە لێوی هەنووکەی گەشتاندا
ترەکیای هاوارێ دەنەخشێ
کەم نەبوون
ڕیزی ئەو سەرانەی
هەر بەدەم بانگەشەی چراوە چوون بە با و
ئێوە بوون نەتانبیست
کەم نەبوون ئەو گوڵاڵەی لەشانەی
بە چرکەی چەن پەنجەی وێڵکوت و دیلەوە
کەوتن و
تا قونجانی چاویان لۆمەیان کردن و
ئێوە بوون نەتاندی
کەم نەبوون ئەو تەوری زمانانەی تا کەوتن لە پەلکی بێخەمی دەورانیان قرتاند و کردیانە هەڵاشی پرد و ڕێ و
ئێوە بوون پشتتان تێکردن
کەم نەبوون ئەو ڕەشە ڕێحانە ناسکانەی
لە چاخی جاهیلی و سمێڵدا
لە دیوار یاخی بوون
بۆ ئەوەی تۆ باران لە ڕێگات سەوز ببێ و
چەترەکەت دوو کەسی بسووڕێ و
گوڵ میوان باوشی شادت بێ و
کوا کەی دیت؟؟
کەم نەبوون ئەو ناخە شینانەی
کە ژیان دەپەیڤین بۆ کاولەی دەورانێ و
نەتبیستن
کەم نەبوون ئەوانەی
چناری باڵایان
هەستوون بوون بۆ شار و بۆ ژیان
کەوتن و نەتگرتن
چ تام بوو گێلی و خەو
کە دەستی نایتە دەس ئەژدیها و
لە گۆشتی جەستەی خۆت تێرت کا و
ئاگرێک بەر باتە ئایندەت
چ تام بوو وێڵگەردی بەر دەرگای قەڵایەک
کە ڕۆژێک لێت دەبێت بە گۆڕ و
سەرێکی بە خەیاڵ سەرسام و
گیانێکیش کە جارێ نووستووە و
دەستێکیش گیرۆدەی بژاردن
لە زاری ڕۆژانێک تەنیاوە جارێکیان
بێدەنگی ئەم شارە شکێنرا و
کەس نەبوو هاواری بباتە ماڵەوە
لە لێوی وشکۆبووی نزادا
هەرچی بوو لە گیانی چەن دێڕدا نووسریان بە شاردا و
بە بێکەس سەریان لێنراوە
لە سووڕی دەورانێک بەرەو خەو
بەرەو مۆڕفین و سڕ
چ سادە و چ شیک بوو ڕەوتی گێل
کە ئەوسای پیرۆزیان تا بەردەم ناسکۆڵێی نووستنێ هێناوە و
دوو دەستی لە خۆ دوور
لە گیرفان خەڵکیدا دەسووڕێن
ئەی برا
ئێوەمان لە کوێی ئەم سەڕسەڕی تووشەدا
بێخەم کرد
ئێوەمان بە کام بای دەم کەلان سپارد و
چۆنتانمان ئاوا کرد
ئەی خوشکێ
چۆن لارەی لەشی تۆی
فێرە شاڕێی خۆرمان نەبینی و
گوڵاڵەی قەتیسی ناو بەرگی پیرۆزتمان چۆن نەدی؟؟
ئەی لاوۆ
چۆن ئێمە توانیمان بنووین و تۆ بمری ؟؟
ئەی لالۆ
چۆن چاوی پەنجەرە لا دەدەین
کاتێ کە شەقامێ پڕیەتی لە پرزۆڵی گیانت
ئەی ئازیز
چۆن چرا هەڵبکەین کاتێکە خۆری تۆ
لە گیانی گەڵاو خۆڵ گەوزابێ؟؟
من دەستمم گشت ڕۆژێ
لەو سەرڕێی باران و
لەو جاڕی هاوارە دەچاند و
ئێوارە کە دەچووم سەردانی گەشەی بکەم
پەنجەم بوو هەڵوەریو
بە کۆڵی ڕەوێک مێروولەوە
دەیانبرد بیکەنە هاودەستی ڕۆژانێ
دەیانبرد بیکەنە هاودەمی قەڵەمێک چاو برسی
دەیانبرد بیخەنە گیرفانێک لووسەوە
دەیانبرد چیرۆکێ ئاوەژوو بنووسێ
دەیانبرد لە ئاستی داوایەک نزمدا
کۆم کۆمیان بکەنەوە
کە تا هەر دەگەمێ هەڵدێن و
پەنجەکان جێدێڵن
بێ گۆشت و بێ خوێن و بێ گیان و
بەس تەنیا ئەوەی وا پێیانۆ مابێتیش
تاڵ تاڵ و ڕیشاڵی دەمار و
گیانێکی گوویینە و
دوو چاوی خێلەو خۆر نەبێ هیچ
من لاقم لەو ڕێگای مانگەدا سواند و
قوڕگیشم سپاردە چەن سروود
کە ئێستایش هەر دەڵێن
جارجارێ هەست دەکەن
بە زمانێک تر دەدوێن
هەر هێندە نامۆن و
هەر هێندەش غەریبن
ئەی نەبوو ئەوساکە کە ڕیزێک دەستی بەرز
لە دیوار چاڵەکەی نەفرەت و نزمەمەوە
گشت ڕۆژێک وەک لەولاو
ئەوەندەی ئەنتێنێ هەڵدەچوون
بەیانی دەقرتان
هەتاکوو دیسانۆ ئەمڕۆژا ئەونەی تر
ڕەگاژۆ و پەلکاژۆیان هەڵییەدا
تا ترسان
لە ڕەگ و ڕیشەیان بوون بە تەور
ئەی نەبوو
ئەو هەمووە فڕینە کرانە ژوورەوە و
ئەو هەمووە شاباڵە ڕاونران
ئێستاکە
لە سووچی کافەیەک دەم قونجاو
لە زاری ڕادوێکەی پشتەوە
ئاوازێک دەبیستن غەریب و
قاوەیەک دەنۆشن غەریب و
هەواڵێک دەبیستن غەریب و
جگەرەیەک پێدەکەن غەریب و
پێکێکیش هەڵدەدەن هەر غەریب
دوو چاوی تەڕتەڕیش
کە هێشتا ئاوەتا لەم سووچی مەیدانی خۆمانە و لێرەیە
دڵێکیش کە هەر بۆی نەبراوە و
بە دیاری برینی کۆڵانێک لالێژۆ دایناوە
خەیاڵێک کە ئەویش لێرەیە و
لەم زام و زارانە دانابڕێ و
هەر لێرەن هەستەکان
ئەوەی وا لەوێیە
قاپووڕی پیاوێکە
قاپووڕی ژنێکە
کە تەنیا تەنیایی هەڵئەدا و
لە نوێنێک شێداردا بێز لە بوونی دەکات
ئازادیی
کە ڕۆژێک بوو بە خوێن
گەر ڕۆژێک جێی بەرزی هەناسەی گرتەوە
گەر ڕۆژێک جێی نان و جێی مان و مردنی گرتەوە
ئیتر تۆ لە هەر کوێ دانیشی هەست دەکەی سەفەرییت
تۆ ئیتر هیچێکت لە لای خۆت بەن نییە و
گشت گیانت میوانە
تەنانەت سەریشت هەمیشە پەڵاشی دەم بایە و
لە کوێ بێ تروسکەی چەخماخی ڕابوونێ لەوێیە
ئازادی بارانێک هێورە و
هەتاکوو لە گیانی شارێکا دانەکا
نازانێ گەڵاکان کەی گەڵان
کۆڵان کەی کۆڵانە و
جۆگەلە کەی مانای خۆی ئەدات
ئازادی دەستێکی خرپنی نەرمۆڵەی دڵدارێک ناسکۆلەس
هەتاکوو نەیخەتە چەپاڵی پەنجەوە
نازانی هێمنی چ تامە
ئازادی خۆرێکی ڕووگەشی دەم کەلەو
هەتاکوو هەڵنەیەت
نازانی ڕووی ڕاستیی ڕووناکی کامەیە
ئەی نەبوو ئەوساکە
چی سەر بوو فێر کران لەو وشە بترسێن
ئەی نەبوو دەیانگوت ئەم وشە پیت پیتی
پیت لە عەرز هەڵدەگرێ و دنیامان دەکاتە شۆرەکات
ئەی نەبوو تەنانەت لە ڕیزی ئەوانەی
کە چرا بە دەست بوون
ڕیزێکیان چەکیان لێ هەڵگرت و
مشتیان گرت لە جەستەی
ئەی نەبوو
هاواری هەنێ دەنگ چوونە پاڵ ئەژدیها
بۆ ئەوەی هەناسەی ئاگریان یەک بخەن بۆ گیانی
ئەی نەبوو لە سەر یەک نەخشەدا
پێک هاتن لەسەر ڕاودوونانی؟؟
ئەی نەبوو دەریانکرد؟؟
هەر ئەوسا
کە دەنگی ئەویان دوور خستەوە
خۆیشیان بوون بە دوو دەستی شکاو
کرانە مل مێژوو
کە ئێستا نە دەستن نە تەوقیش
دۆڕانێک دەپێچن گشت ڕۆژێ و
گینگڵێک لێ دەدەن دەستەمۆ
ئێستاکە ئیتر هەر
بڕێک جووڵەی کزن
دەرزی لێدراو و خەسێنراو
جارجارێ یەک دوو باڵ لێئەدەن
دڵیشیان داوەتە دەست چەن ڕۆژ لە مێژوو و ئاو بێنە و دەس بشۆ
لە بیرمە لە لێوار چی گۆڕی تازەدا
چەن دەستێک تێکەڵ بوون لە ئایەت
چەن دەستێک وتیان با و
ئەوەی وا وتی نا
لە پەڕەی پەڕاوی دواڕۆژدا
دێڕێکی سەربەرز بوو
تیشکەکەی هیچ کەلێک داینەشارد
دیوارێک بەری پێنەگیرا
من بیرمە لەو سەکۆی مەرگەدا
ئەوەی وا کرایە خۆراکی جنیین و
ئەوەی وا لە بوونی سڵ کرا
هەر چرای بن میچی هەژار و
هەر جامی ڕووناکی بن ماڵ بوون
ئەوەی وا لە شانیان شکۆ بوو نیشتبوو و
دەستیشیان بۆ دواڕۆژ هەڵدەبڕی
ئەوەی وا خۆیانیان لە جامێک سێ خەتا
پێ هەڵدان نەلەرزین
ئەوانەی لە گیانیان لالووت و
بە مردن پێکەنیین
ئەوانەی بە هیچکوێی
ناوقەدی زراڤی دەورانێ
شاگەشکە نەبوون و
ئەوانەی بە زریوەی خشڵی ڕۆژ نەخڵەتان
ئەوانەی لە چاوی مۆتەکەی مردنێ
مۆڕۆ بوون
ئەوانەی کە گەنم لە لەشیان سەوز دەبوو و
کە کۆتر لە لەپیاندا ژیا
ئەوانەی باران و بەهار و
گوڵاوی بۆنخۆشی هەناسەی کۆڵان بوون
ئەوانەی کە گیانی گیانداری زیندوو بوون
کە گوڵی داوێنی کراسی کچان و
کە عەتری باخەڵی نۆخەتی ڕۆژان بوون
ئەوانەی سڵ لە هیچ لە دڵیاندا نەبوو و
سەریان ئەو سەرە بوو
کە بای سەر بەرزترین ترۆپکی ئەم دنیا ئەیشەکاند
ئێمە تا نەبووینە دڵۆپێک لە شەرم و ئارەق و
تا دەستمان بۆی کەڕووی گیرفانی نەئەدا
لە هەرچی فرێکانسی خەوەردا
لە چرپەی هاوارێک شەوقن و
لە زەڵەی زوڵاڵی ڕابوونێ دەگەڕاین
ئیتر هەر وای لێهات
گ شتێکمان شاردەوە و
دڵمان و دەستمان و گوێمان و چاوانمان
بە دزی چاوانی پەنجەرەی سیخوڕ و
گوێی سووکی دیوارۆ دەردێنا و
جارجارێ لە گەڵیان دەهاتینە پەیڤین
ئیتر با گوێ قوڵاخ بە گیانی سووکییەوە
لە سروەی هەواڵێک دەگەڕا کە بیبا و بیداتە کوتێ نان
من ناڵێم لە سینگی ئەوانەی چرا بوون کۆتری بێقەرار نەیدەخوێند
دەیخوێند و یاخیش بوو بەڵام فاڵش
گیانیش و ڕێگایشی پڕی بوو لە باڵی بەهەڵە و
لە ڕێگای بەهەڵە و لە ئاسۆی لێڵایی
من ناڵێم لە لەشی نۆخەتی خوێن گەرما خوێن نەبوو دەگەڕا
با خوێن بوو
بەڵام خاو
با خوێن بوو بەڵام سارد
لە ڕێگای لاڕێوە هیچ بارێک لە کاروان ناگاتە دوا مەنزڵ
لە زاری ڕۆژانێک چەواشە
هاوارێک ڕاستەڕێ ناپێکێ و
ئەوەی وا لە سینگی ئێمەدا لێئەدا
دڵێکە و مەترسی وەستانی لە سەرە
لە سوێی یەک ترپەی ڕوون
لە سوێی یەک جووڵەی ڕوون
چ تامە چڵپانی قەوزاو و
چ ڕەنگە ئەم تارای سەر ژینە
کە ڕێگا هەتا بێ دەکاتە سەراب و
کە ئاسۆ هەتا بێ لێڵ دەکات ؟؟
لە سینگی دەفتەری هەر ئێستای ئێمەدا
بە خەتێک بەرینتر لە مێژوو
نووسراوە بەیانی و
کێشراوە ڕێگاکەیش
کەچی لێڵ هەر لێڵە و
هاواریش هەر سینگی ڕێگایەک جێیەتی
کەی ئێمە ئەوەندە دەسپڕ بووین لە دروشم
دەم پڕ بووین لە هاوار
چاو پڕ بووین لە ڕوانیین
کەی هێندە بەتاڵ بووین لە گ شتێک
کە دڵمان بە باڵای چەن دروشم داکەوت و
ئایندە و ئەمڕۆکەیش هەر پڕییە لەزێراب
کێ نادوێ و کێ کەوتە تەختی چاڵ
وا شەقام بەتاڵە لە گیان و
بەتاڵە لە هاوار
کێ دەستی دوا دێڕی ئەم شێعرەی بەرداوە
کە گریان بەربینی بەرناداو
کە تا دێت دەبێتە زریکە
من ئەمڕۆ لە ناوەند خۆمێکا
بوومەتە پرسیارێک بەرین و
لە هەر کوێی ئەم زاما ئەوەستم تاریکە
بە دەوری بەتاڵی بەردەوە
دەسووڕێ چەرخی چەوت
چەپگەردێک چاوەڕێی هەوایەک یاخییە و
لە سۆمای گشت چاوێک ماتڵا
ئەوەی وا هەر دەبێ ڕۆژانێک دابەزێ
سۆراغی دوا دێڕی سەرکەشە و
کەسیرەی خیابان
چاوەڕێی هاڵاوی دەماخی بەرزێکە
کە تەرتی دەورانێ جێبێلێ و
بە ڕۆحی سەهۆڵدا ڕۆ بچێ
ئێستاکە ئیتر شار
لە خەتی ئاخری لێڵیدا
دوا دێڕی تووڕەی خۆی دەنووسێ و
خۆی ڕەنگە دەس داتە زامی خۆی بیپێچێ
ئێستاکە لە دەوری هەیکەلی زامدارییا
ڕیزێک سەر کە خۆیان چران و
چی چاوی ڕستەیە چاندیان لە خۆدا و
بەرز بەرز
چریکەی هەڵدانێ دەچریکێن
بە دەستی دەورانی بێبەری لە ڕێگا
هەر زامێک نووسرابێ
مەراقێک تازەیە و
هەتا دێت شەقامێک کێش دەکات
تا لێوار لێوە بوون
لەوێوە شاراوەترینی پەنجەکان
هەڵدەکەن لە تۆفان
زریانێک ڕێدەخەن
بۆ جەستەی گەنیوی ڕێگایە و
سروودە هەمدیسان ئەڕژێتە شارەوە
من لەوێی ئەو چاخی هاوار و
ئەو وەرزی پرسیاره
دەستم بۆ زۆر وشەی بریندار کێشاوە و
هەر کامەو زوخاوی خۆی پێبوو
هەر کامیان گلەیی لە چاویان دەباری و
هەر کامیان بەش خۆیان لالووت بوون
من لەوێی ئەو چاخی سەهۆڵە
هەر چێکم دواندبێ
بەشی خۆی ڕچیان و شەختەبەند
لە زاریا هەر بووە
هەر دەستێک کە دەگری
زستانێک دەچێتە ڕۆحتەوە و
نیگایشت ئەیبەستێ
ئاسۆیەک لە دڵتا چێ دەبێت ڕچێندراو
ڕەش هەرچی باران بوو نووسرابوو و
من سپی خوێندمەوە
ڕەش هەرچی ڕۆژان بوو کێشرابوو و
سپی سەیرم کردن
ڕەش هەرچی هەنگاوە هەڵدەهات
من سپی پێشوازیم لێوەکرد
ڕەش هەرچی ڕۆژێکە هاتە دەر
من مانگم کردە چاو
ڕەش هەر با بوو دەهات
من سپی ڕوومەتمم دایە دەست
ئەی ئەگەر لە ڕواڵەت خەونێکا
ئەوەی وا کێشاوتە دواجارێ تێکبچێ و
لێت بێتە مۆتەکە چی ئەکەی ؟؟
ئەی ئەگەر ئازارت بێتە بەش
کە جامی بەرانبەر گشت ڕۆژێک
پیرترت بنوێنێ چی ئەکەی؟؟
ئەی ئەگەر لە تامی دواڕۆژتا
هەر تاڵ بێ و بیچێژی چی ئەکەی؟؟
ئەزانی چی دەبێ
تۆ ڕۆژێک سەری خۆت لە هەرچی بەردە داو
لە قوڕگتا هاوارت بەخشییەوە
ئەوەی وا تۆ ویستت
کەس نەیویست و ئاوا
ئیتر تۆ ئەو دەستەی شکاوی و
ئۆباڵێک لە گەردن
تا دیسان لە سووچی زەمانێک نووستوودا
چەن چرکە بڕیار دەن بجووڵێن
چەن خولەک هەستنە پێ و
ڕایبگرن ئەو ڕەوتەی
کە دەستی لە گەڵ خۆڵ تێکەڵە و
بەشداریی پڕۆژەی کەویری کردووە
ڕاببن لە پیرۆز
لە جامخانەی شیک و
پاساژی ناسکۆڵە
ڕا ببن لە ڕەوتی خەفڵۆکی خەڵەفاو
بە ئاسۆی چەن گڵۆپ
لە سەردای چی سەودای خاوەوە
بە شاڕێی شارێکی ڕووناکدا
بێنەوە و
بە شاڕێی شارێکی ڕووناکدا
بێنەوە

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا