شەش جار ڕۆچوون… | پێشەنگ شێرزاد | پەخشان
شەش جار ڕۆچوون بە جەستەیەکدا کە پەکت خستووە!
پێشەنگ شێرزاد
“…ئۆفیلیای سپی وەک زەنبەقێكی گەورەی سەر ئاو كەوتوو…”
هاملێت’ـی شەکسپییر
١
بیرکردنت لە فیشەکی کۆتاییەکانی جەنگ دەچێت/ سەربەستی و ڕزگاریی دێت، ئاشتی
یەکەم سپێدە دەنەخشێنێت/ ئیتر ئەوە یەکەم سپێدەی فێربوونی گریانە کە تێیدا بە قوڵایی
تەنیاییدا ڕۆدەچم و تۆی لێ نیت/ دەکەوم بەسەر دڵی خۆمدا و قورسایی بارێک هەڵدەگرم
کە هی من نییە و تۆش نەتبەخشیوە.
٢
بیرکردنت لە یەکەم خولی فڕینی بێچووە مراوییەک دەچێ/ کە ڕووبار بە خنکان وەڵامی
دەداتەوە و ئاوێنە بە ناشرینی دەیپێوێ/ بێچووەکە بڕیار دەدات هەرگیز نەفڕێت- بەڵام من
چۆن بڵێم هەرگیز بیرت ناکەم؟ دەشێت بمرم بۆ ئەم بڕیارە؟ یان دەشێت جەستەتم لێ
نزیک بکەیتەوە و بە تەواوی بکەومە ژێر باری بیر نەکردنت؟
٣
لە ماڵ دەردەچم و منداڵان لە خوارەوەی ڕێگاکە یاری تۆپێن دەکەن -با بیرت بخەمەوە،
من هێندە شومم کە بە هەر ئاوەدانییەکدا تێپەڕم، دەیکەم بە سەرزەمینی قاقڕ- منداڵێک پێی
لەسەر تاشە بەردێک دەخلیسکێ و گوێم لە قرچەی ئەژنۆیەتی، بیری ئەمان دەکات/ ئەو
منداڵە بۆچی هاواری دایکی ناکات؟ منداڵ سپێدەی کوا دایکی نەبێت؟ – منیش بیرت دەکەم
بەڵام خۆ لە کۆشی تۆدا نیم و ئەمان بم!
٤
لە کاروانێکدا لەگەڵ هاوپیشەکانم، ڕێمان کەوتە زەریا – من هێشتا لە ژوورەکەمدا
نەبزوابووم کەچی گیانم لە گەرمایی و شێدا قوڵپی دەدا – بە لای گردە خوێیەکدا تێپەڕیم و
لە قوڵاییەکەیم ڕوانی و گوتم؛ گەر برینەکەم تا قوڵاییتان ببەم، وەک ئەوە بەسوێیە کە
ماچێکم تا قوڵایی گردنی بۆ ناکرێ؟ بۆ لێرە نیت و زەریا هاتۆتە ژوورەکەم وا دەخنکێم.
٥
لە هەڵەبجەم، بە کۆڵانێکدا دەڕۆم و لەودیو دەرگایەکەوە ژنێک مەمک و قژی خۆی
دەڕنێ – ئەنفال وایکرد نەتوانین جیاوازی لەنێوان دایک و بێوەژندا بکەین، شیوەنی
هەمووانی هاوشوناس کردەوە – بەسەر دیوارەکەدا سەرکەوتم و گوتم: بەجێ ماوم،
نابەجێ ماوم، ئەجەل زووبە.
-بۆچی وەک بێوەژنێک سزام دەدەیت؟ مەگەر من چیم هەیە بیڕنم پەیکەرەکەت نەبێ؟-
٦
لە باڕەکەدا بە غەمگینییەکی قوڵەوە لە پشت مێزێکەوە بە دوکەڵی چروتەکەمدا ڕۆچووم،
لەو شەوانەیە کە ناتوانم قوم لە هیچ بدەم – ئاخخخ ناتوانم قوم لە جەستەی تۆش بدەم!-
کەسێک لەوبەرەوە بە خواحافیزییەکەی دەمخاتە بیری ئۆفیلیا – کۆتاجار وەختێک کە
خواحافیزیمان کرد نەمگووت خانمەکەم شەوێکی شاد، تفف لە شەو کە لەو ڕۆژەدا
نەهات- بڕوانە چۆن لە گیانی ئۆفیلیادا و لە کۆشی ڕووبارەکەدا بۆ نەبوونت دەمەوێ
بخەوم…
شەو بەسەر ژیانمدا چێ بکە، سزام بدە بە قورسترین تاریکی بەڵام شتێک بکە بیرت
نەکەم/ من ترسناکم.