سێ کورتەشێعری ئەنوەر عەباسی (هەرەس) | شێعر

ئەنوەر عەباسی (هەرەس)

١
شاعیرێک بووم گەرووی ئێوارەم ئەگووشی
هەتا شەو بەسەر خوێندا نەیەت.
زۆر گرنگ نییە دواجار چی بەسەر شەودا هات…
(بە تایبەت یەکێکیان)
زۆر گرنگ نییە کۆچ گەرووی ئەم وشانە ئەگووشێ
هەر دەیڵێم با خۆم بیرم نەچێتەوە کێم!
بیرگەی سەردەم لاوازە دێما!
٢
من تەکنۆلۆژیم خۆش ئەوێ
وەک چۆن ستۆکهۆڵم حەزی لە سەرمایە
لە کاتێکدا هەموو ڕۆژێک سەرما بە نەحلەت ئەکا و
خۆزگە بە گەرمای لەشی کیژە تەرچکەکانی مۆراکۆ و
کەناراوە ئاڵۆشییەکانی سپانیاوە دەخوازێ… .
٣
لە هەزار کەشتی کە لەم بەندەرەدا لەنگەر ئەخەن
تەنیا یەکدانەیان سەرگەردان نییە!
ساڵەهایە
چارۆکەکانی، خەونی با دەق دەکەن و
لە تاقی بیرەوەریی
قەتیس
بەجێیدێڵن…
پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا