ژنێک بە دەم زامەوە بۆتە گۆرانیی | یونس ڕەزایی

یونس ڕەزایی

کچێک لە بیر خۆی چۆتەوە
دوای ئەوەی سەربازەکان لە خەونیدا سەنگەریان لێدا
رێژە رۆیشتن بە مێژووی بیابانەوە

کچێک ئاوەدان بوو تا دەمێک بەر لە ژان
بسکی ببووە بایەوانی گەمییەک
روو لە ئینسان
خەونەکانیان ریشەکێش کرد
بە بەرچاوی جەنگەڵێک پیاو و ژنەوە
ئەوەی دەبسترێ هەر وێردی بایە
شەقام دەمێکە لە کۆمادایە

رۆژنامەی بەری بەیانی نیشتمان
دێڕی سپی دەنووسنەوە
ئەو رۆژەی رەش دەبێ رێگا
دوور دەبنەوە لە ناوێکی مێوینە بێ
دوور لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی کاتیش
رۆژنامەکان، خانە خۆڵەمێشیەکانیان کەم بۆتەوە ئەوڕۆ
دەنا دەبوو ئەو گشتە ماڵە سوور بنووسن

هەوا چەواشە بووە لە پێستی کیژێکی رەش تاڵەدا چەند رۆژە
کەشێکی زەرد پیادەڕێیەکانی گرتوەتەوە

رۆژنامەکان بەڵام زمانیان بەرە بەرە لێڵترە
سەردێڕەکانی کەش و هەوا دەنووسن
بە راوێژێک بزرە لە رەوتی ئاوێنە
دوورە لە وەرزی ئەو خەڵکە:

دووکەڵێک نیوکورەی باکوور دادەپۆشێ…

ئاگر دەکەنەوە کیژە رووتەکان لە دارستانەکانی برێزێل و
فاڵێکی قاوە دەگرنەوە بۆ دونیا…

بایەکی فێنک لە هەموو رستەکانی وڵات دا دەشنێتەوە…

بەیانیان رۆژنامە پڕە لە خەڵکێک
لە کەلامی ساکار ناگەن
پڕە لە وێنەی گوڵەبەڕۆژە
کە ئاسۆکان لە چاویاندا دەخوێننەوە منداڵان

رۆژنامەکانی نیشتمان
ژن رووت دەکەنەوە لە بەهار
پیاو دادەپۆشن بە کەش و هەوایەکی
مەیلەوزستان و
نم نم باران نادوورنەوە

ئەوڕۆ بە پێوانەی وێنەی روونی شەقام
ژنێک لە کۆمادایە جار جارە…
پیاوێک کازیوە بەدارەکان هەڵدەگەڕێ و
دوا راسپاردەکانی نووسیوە.
کۆڵبەرێک بە دەم باوە بۆتە جگەرە.
کەسێک واژۆیەک لە سەر تەرمی خۆی دەدا و
رۆژنامەکانی بەیانی خەواڵوو
بیر لە پیتاندنی خوێن دەکەنەوە و باوێشک دەدەن تا سبەی…

لەکۆمادایە کچێک کە بیرەوەری من بوو
زەینی پاک پاک پاک بۆتەوە لە دیوار
مێشکی سڕاوەتەوە لە دەنگی چەقۆ و
منیش بەرە بەرە کاڵ دەبمەوە لە رابردووی

بەیانی بەدەم هەواڵی رادیۆوە
دەچمە کۆماوە
رۆژنامەکانم لە بیر دەچێتەوە و
دەنووسم

ئەوڕۆ کچێک لەچکەکەی بۆتە ئاڵای من
ناوی لە بیرم دا پاک دەبێتەوە
وەک کتێبی پیرۆزی زام

تا سبەینێ دیوارەکان دەبژێرم
کە بە دەورمەوە دەخولێنەوە
لە بەندیخانە

کچێک لە کۆمادا رۆژنامە دەنووسێ
سەردێڕی هەرەسی تەنیایی کۆڵانە…

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا