وێنەیەکی سوعبەتچی

فەوزیە سوڵتان بەگی

.

تا ئێستا هەزار جار بیرم لە مەرگی خۆم کردۆتەوەوە و هەزار جار بە دیار مەیتی خۆمەوە دانیشتووم و هۆن هۆن گریاوم.

هەموو مردنێکم تاقی کردۆتەوە، جارێ باسی خۆکوژێکانم هەر ناکەم کە چەندە بێ رەحمانە بە لاوێچ سیانۆرم هەڵداشتووە، یان پەتم لە ئەستۆی خۆم کردوە، دوایین کەرەستەی خۆ کوشتنم بتڵێ بێنزین و چڵێ شەمچە بوو، لە حەمامەکەدا تا بۆکروزم وڵاتی دا نەگرت و نەبووم بە خەڵووز کەس پێی نەزانیم.

جارێکیان نەخۆشی شێرپەنجە دەگرم دوای شەش مانگ ئێش و ئازار و شیمی دەرمانی و بەربەرەکانی تەسلیم دەبم. جارێکی دیکە سەکتە دەکەم نازانم سەکتەی دڵ بوو یان مێشک بەڵام بەر لەوەی بمگەیەننە نەخۆشخانە تەواو دەبم، ئەهااا وەبیرم هاتەوە سەکتەی مێشک بوو ئاخەر لە نەخۆشخانە دوای ئەوەی دکتورەکان دەستیان لێ شوتم هەموو ئەو ئەندامانەم وا حەیاتیان تێدامابوو بەخشیانە نەخۆشەکانی دیکە، لەبیرمە دڵم بەخشرا بە کچێکی بیست ساڵانی هاوتەمنی خۆم، ئەو دواتر ئاشقی دەزگیرانەکەم بوو، ئااای چەندەم پێخۆش بوو دوای مردنیشم دڵم هەر لەگەڵ دڵی بوو!

جارێکیان تاو و وبان گەرم دەبێت قوتابخانەی هەر دووکمان وەدرەنگ دەکەوێت هیوا بە زەنگی تەلەفوونەکە وەخەبەر دێت چاو لێ دەکات نۆی بەیانییە پێی سەیر دەبێت تا ئێستا هەڵم نەساندووە. هەست دەکات هێشتا سەرم لە سەر باسکێتی و قژە خاو و نەرمەکەم بە سەر باڵنجەکە و شان و باسکیدا پەرێشانە.” کچەکە بۆ هەڵنەستاوی نیوەڕۆیە!” بانگم دەکات، رام دەتەکێنێ توند و توندتر، هەناسەم دەپشکنێ، گوێ دەنێ بە دڵمەوە.سارد و سڕ لە حەوت ساڵان ڕاست بوومەتەوە.

دەیان جار لە سەفەر نەگەڕاومەتەوە نینۆکە سور و لاکاوێکانم بە فەرمانی شکاوی ماشێنەکەوە جێ ماون و خوێنم بە سینگی جادەوە شۆلاوگەی بەستووە، لە نێوەڕاستی ئاسمانەوە لە گەڵ فڕۆکە و سەدان سەرنشین بەر بوومەتەوە نێوەڕاستی دەریای رەش و حەسرەتی لە ئامێز گرتنی تەرمەکەم بە سەر دڵی دایکمەوە بۆتە مەراق!.هەر لەم دوایانەدا سواری واگۆنی شمارە 15ی قەتاری مەهاباد ـ دیاربەکر بووم و بۆ هەمیشە دانەبەزیم.

باوەڕکە بیرم لە هەموو مردنێکی خۆم کردۆتەوە بەڵام قەت قەت بە بیرمدا نەهاتوە رۆژێک لە رۆژان لە درگای ماڵەکەم بدرێ، من بە چاویلکەی خوێندنەوە وسەر و قژی ئاڵۆز و پێنووسەکەی دەستمەوە بچم درگا بکەمەوە، چەند جار بڵێم کێیە؟ کەس وڵام نەداتەوە، سەر بکێشمە کۆڵانەوە و کەس دیار نەبێت تەنیا وێنەیەک کە لە ژێریدا نووسراوە ” خۆشم دەوێی” بە دیوارەکەی رووبەروومەوە هەڵواسرابێت. من پێکەنینم بەو شۆخییە بێت و پێم وابێت ئەمەش شۆخییەکە لە شۆخییەکانی رۆژگار.!

درگاکە پێوە دەدەم و دەچمەوە ژوورێ، لە بیرم دەچێت چیم دەخوێندەوە یان چیم دەنووسی، بە کارێکی دیکەوە خەریک دەبم.

باوەڕکە مەرگی خۆم باوەڕ دەکەم بەڵام نەخۆم و نەهیچ کەسێک باوەڕ بەوە ناکات حەوتوویەک واتر ئەو وێنەیە بێتەوە بیرم و من هەر وا بزانم شۆخییە و ئەو هەر دووپات بێتەوە لە زەینمدا.

ئەو دیسان لە درگا بداتەوە و من بە پەلە دەست بە سەر و قژمدا بێنم و چاوەکانم پڕ کەم لە کل و بە هەڵاتن بچم درگا بکەمەوە، سەر بکێشمە کۆڵانەوە، کەس دیار نەبێت تەنیا وێنەیەک کە لە ژێریدا نووسراوە “خۆشم دەوێی” بە دیوارەکەی رووبەروومەوە بزەی بێت. من لێی نزیک ببمەوە و حەز بکەم دایگرم، ئەو ئەوەندە دوور بێت دەستم نەیگاتێ، من زیاتر لێی بچمە پێشێ و ئەو زیاتر دوور بێت.

من هەر رووبەرووت دێم و هەر نات گەمێ کۆڵانە و کۆڵان، شارە و شار، وڵاتەو و وڵات ئەوەندە دوور دەکەومەوە کە ئیتر رێگای گەڕانەوە بۆ ماڵەکەی خۆشم لێ ون دەبێت، پڕکێشی ناکەم لە کەسیش بپرسم ئاخەر نە بۆ خۆم باوەڕ دەکەم و نە بە بیری هیچ کەسیش دادێت من رۆژێک لە رۆژان بیرم لە تۆ کردبێتەوە.

پیشاندانی زۆرتر

یەک کۆمێنت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا