لە ئاسۆتدا

ئەنوەر عەباسی (هەرەس)

.

لە ئاسۆتدا

کە زەوی رەدووی ئاسمان کەوتووە

خۆر، چاڵێکە لەسەر پێستی ترسنۆکت

لای پەنجەرە و لە باوەشی دیواردا سەیری من دەکەیت و دەڵێی:

زراڤە بەژنی ئێوارە.

وشەکان ئەبن بە پۆلێ گاوانی – کە تۆ پییان ئەڵێی ریشۆڵی – و

بە ئاسمانتدا کە کۆچەر نین

هاشوور ئەکێشن

.

بیرم دێتەوە ئەبێ…

ئەبێ بیرم بێتەوە ئەبێ

کەی بوو دواجار، بسکی ئێوارەم گرتبوو؟

کەی بوو دواجار، بەژنی ئێوارە هەڵیخڕاندم؟

دوایین جار کەی، چاوێکم لە دار سێوەکەی گەڕەک قرتاندوە؟

کەی بوو دواجار، سڵاوی پۆلە گاوانییەک – کە تۆ پییان ئەڵێی ریشۆڵی – م کردووە؟

من بێژم:
سڵاو ئەی هاوڕێیانی هەمیشەیی سەربانی دڵتەنگی.

ئەوان بڵێن:
سڵاو ئەی زایەڵەی مەیوو کە ئەڕژێیتە گوێی هیواوە سڵاو. ماندوو نەبووی هێند وتت کەی بوو، کەی بوو، کەی…؟

وە من دیسان بڵێم: ئێوە بزانن، زەمان کەی لە تێپەراندنی من ماندوو ئەبێ؟

تۆ سەیری نادیار ئەکەیت و ئەڵێی:

خۆشە قورسایی جەستەی شەو.

وشەکان ئەبن بە مشتێ گەنم

بە زەوی ئاسۆتدا هەڵئەوەرن و

بە پێڵوو تروکاندنێک کە تاهەتایی دەینواند

گەنمزار کەروێشکە دەکا.

.

لە پەنجەرەدا

لە ئاسۆی پەنجەرەدا

لەو شوێنەی کە ئاسمان زەوی دەڕفێنێ

خۆر فیشەکێکە لەسەر پێستی هیوابڕاوی کەون

من روو لە پەنجەرە دەڵێم:

خوێناوڵە  روخساری ئێوارە.

وشەکان لە دەمم ئەکەونە خوارەوە و ئەبن بە ڕیزێک چەکدار

هەتا ریشۆڵییەکان – کە من پییان دەڵێم گاوانی – تیرباران بکەن.

.

من ئەکەومەوە بیر…

بیر ئەکەمەوە بیر

کە بسکی ئێوارە نەگرم چیبکەم؟

کە بەژنی ئێوارە هەڵمنەخڕێنێ چی لەم هەموو هزرینە ناوەختە بکەم؟

کە دارسێوەکە بە چاوقرتاندنم نەکەوێتە بزە چاوم بۆ چییە؟

کە پۆلە گاوانییەک – کە تۆ پییان دەڵێی ریشۆڵی – نەبێ سڵاوم بدەنەوە، باسی کەروێشکەی گەنمزار بۆ کێ بکەم؟

هەروا کە لە پەنجەرەوە سەیری نادیار دەکەم ئەڵێم:

ترسناکە قورسایی جەستەی شەو

وشەکان ئەبن بە پێڕێ شەپۆل

هاشاوڵ بۆ گەنمزار دەبەن بیخنکێنن

.

لە دیوار جیا ئەبیتەوە و بەرەو من دی

گەنمزار لەگەڵتا بەرەو من دێت

رێدەکەیت و ژوورەکە لەبەردەمتا بەرین ئەبێتەوە

لەسەر پێستی ئەرخەیانت لە ئاسۆتدا، خۆر

لە نێوان من و پەنجەرەدا، تۆ

شانێک هەڵدەخەی و دارسێو لە پەنجەرە سەر دەکێشێتە ناوەوە

لە ئاسمانتدا ریشۆڵییەکان کە کۆچەر نین

هاشوور دەکێشن

من بیر دەکەمەوە:

چەن زراڤە بەژنی تۆ

چەن خۆشە قورسایی جەستەت

کاتێک بە فەراشینی ژوورەکەدا بەرەو من رادەخوشێی

چەن خوێناوڵە بەژنی من

چەن ترسناکە قورسایی جەستەم

کاتێک بە بارستی خەستی زەماندا لەشەڕ دەگەڕێمەوە.


شێعری ”لە ئاسۆتدا” لە یوتیوب

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا