بۆ گەڵایەکی پێخواس ببمە شەقام؟ | نەهرۆ جەرجیس | شێعر | لاونووس

نەهرۆ جەرجیس

 

 

له گەرووی باخچە چرۆی کرد
لاواندییەوە، ژیر نەبۆوە!
لەگەڵ پەپولەیەکی ژەنیار مێژووی وەرینی چڕی
لەتەک گوێی زەوی کوخێک وشەی بۆ ئافراند
زامەکانی لە ڕۆژئاوای بیستن،
ساڵەکان لە هێلانەی لەپی دەست،
گرفتارییەکانی لە قەرەباڵخی سینەی
شاردەوە!
پتر لە ڕەشبینی ونبوونی خۆشدەویست
لەگەڵ نێرگزی مردن ئەڤینداربوو
دەیویست
بۆ گەڵایەکی پێخواس ببێتە شەقام
بۆ منداڵێکی باوک مردوو،
لە ترافیک بکووژێتەوە.
دەیوت، “قەیتانی کۆڵان دەبەستم
گەنم بە کۆتری زەمەن دەدەم
ماچی نێوچەوانی شێتێک
لە جانتای گزنگ هەڵدەگرم.
لەگەڵ نەسیمێکی دڵنەواز ساز دەچنم،
چونکێ لەسەر زەمینی نەهامەتی بانگ نادرێت.
وەک لێوەکانی گوڵە بەڕۆژە
گۆرانی قەرەجان دەجووم
چونکێ فنجانەکەم لە پێکەنین بەتاڵە.
لە باخچەکانی کارەسات
ڕۆژهەڵاتم بسکی ڕێحانەیە
وەرزەکانم تەژی لە قەوان.”
تیرێک بیری هێنایەوە، کە
لەمێژە سنگی پشکۆیە!
لەمێژە شار لە هەناوی
بەربۆتەوە
ددانی وشە لەدەمی ڕستەی
یادگارییەکان لە گیرفانی بزربوونە
دەستەکانی نەهامەتییان لێ شین بووە
سێبەریش لەگەڵی نایەتە پیاسە.
ئازارێکی لاسار،
دروێنەی بیابانی شادومانیی بۆ دەکرد
لە نێو داوای لێبووردن ئاگری دەدۆزییەوە
لە سوچەکانی مردن،
سەرگەردانی چۆڕێ ئاو بوو.
وەک گژوگیای سەر گۆڕێک،
حەزی بە ژیان بوو.
لەشی گەرم وەک گوللەیەک
هەمیشه گڵۆپی بەختی دەپێکا
هاواری کرد و
چرپەکانی
ت
و
ا
ن
ە
وە…

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا