تاڵەکان | کامۆ ئاراز | چیرۆک

کامۆ ئاراز

 

تاڵی ١
شەوەزەنگە. چەند مۆمێک ژوورە نووستنەکەیان ڕووناک کردوەتەوە. لە بەردەم ئاوێنەکە دانیشتووە و قژی بە شانەیەک دادەهێنێت. ماسولکەکانی دەموچاوی بێجوڵەن، ئاماژەی هیچ هەست و سۆزێک سیمایان پەردەپۆش نەکردووە، تەنها بە دۆشداماوییەوە و بێ نقە لە کەسی [خۆی؟] ناو ئاوێنەکە دەڕوانێت. لەپڕ وێنەدانەوەی ناو ئاوێنەکە خەندەیەکی تۆقێنەری بۆ دەکات، بە هەمان سیمای بێهەستەوە دەستەکانی لە قژداهێنان دەوەستن، ڕەشەبایەکیش دەبێتە میوانی ژوورەکە و مۆمەکان دەکوژێنێتەوە. ئێستا تریفەی مانگ تاقە مۆمی هەڵکراوی ژوورەکەیە. ئاوێنەنشینەکە لە قژداهێنان و خەندەکردن بەردەوامە تا لە پڕێکدا کچەی بەر ئاوێنەکە وەک شووشەی شکاو وردوخاش دەبێت.

تاڵی٢
ڕەشەبا شەپۆل و تاڵەقژەکانی ئەم کچە بێ جیاوازی دەهەژێنێت. لەسەر نووکی بەلەمە بچووکەکە دانیشتووە و لە هەراوهۆریای شەپۆلە تووڕە ڕەشپۆشەکان دەڕوانێت. تریفەی مانگی لێ دەربچێت، تەنانەت بەلەمەکەش هیچ ڕووناکییەک نییە. بیر دەکاتەوە لەوەی دەبێت چ نیشتمانێک لەو دیو نەڕەی ئەم شەپۆلانەوە چاوەڕوانی بێت. لە پڕێکدا چەند قاچێکی درێژ لە بنی دەریاکەوە دێنە دەرەوە و بەلەمەکە هەراسان دەکەن. سیمای هەر وەک پێشوو بێ هەست و سۆز ماوەتەوە، هیچ شوێنەواری گۆڕانکارییەکی پێوە دیار نییە، تاکە گۆڕان هزرەکانی ناو مێشکین. ئێستا بیر دەکاتەوە: تۆ بڵێیت ئەمە پێیەکانی کراکن نەبن، ئەو بوونەوەرە ئەفسانەییەی کە هاوشێوەی هەشتپێیەکی مەزن بوو و گێچەڵی بە کەشتییەکان دەکرد. قاچەکان بەلەم و کچەکە پەلکێشی نێو قووڵایی دەریاکە دەکەن، ئینجا بۆی دەردەکەوێت ئەمانە پەلوپۆیەکانی کراکن نین، تاڵەکانی پرچی خۆیین.

تاڵی ٣
کچەکە لەسەر هەسارەیەک دەژی لە منداڵیەوە قژی مێینەکان دەتاشن. ڕێ نادەن لە مانگێک زیاتر کچەکان قژیان بێ بڕین بهێڵنەوە. هەزاران ساڵە هیچ کەسێک نەبووە ناڕەزایی دژ بە، یاسا و نەریتە دەرببڕێت. ڕۆژێک یەکێک دەیەوێت جیا لە وێنە بە دەست نەخشێنراوی نێو دەستنووسە مێژووییەکان هەر بەڕاستی بزانێت کچان بە قژ درێژییەوە چۆنن. لە یاسا لا دەدات و دوو مانگ تێپەڕ دەکات قژی ناتاشێت. سەرداری شانشین توڕە دەبێت، وەزیرەکان داوا لە پادشا دەکەن جادووگەر ڕابسپێرێت شتێکی لە بارەوە بکات، ئاخر هیچ سزادانێک نەبووە بۆ قژهێڵەرەوەکان، ئەمە شتێکی سرووشتییە کە دبوو بکرایە. جادووگەر جادوویەک ئامادە دەکات. لە کۆشکێکی چۆڵکراو و دوورەدەست لە بەرزترین تاوەرییەوە بەند دەکرێت. جادووگەر بە تەڵیسمێک تەواوی دەرگاکانی کۆشکەکە دادەخات و هەرگیز ناکرێنەوە. تاکە دەرچەیەک هەبێت پەنجەرەی ئەو ژوورەیە لێی بەندکراوە. گەر خۆی هەڵبدات لەو بەرزاییەوە دەمرێت. کچە ساڵانێکی زۆر چاوەڕێ دەکات تاڵەکانی قژی وردەوردە دەڕوێن، هێندە درێژ دەبن، لە سەروو تاوەرەکەوە تا سەر ئەرزەکە درێژە. کچە قژی وەک گوریسێک لێ دەکات و لە پەنجەرەکەوە هەڵی دەداتە خوارەوە. بە سیمایەکەوە کە شوێنەواری هیچ هەست و سۆزێکی پێوە نییە، بە قژە گوریس-ئاساکەدا دێتە خوارەوە، کە دەگاتە سەر زەوییەکە و ئاوڕ دەداتەوە هەمان دیوارەکانی ئەو ژوورە دەبینێت کە لێی بەندکراوە.

تاڵیی ∞


 

*بەبێ گیانی ژینا ئەمینی ئەم وشانە لە دایک نەدەبوون.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا