پردا دەلال

خەبات ڕەسووڵی

بۆ دەیەمین جار سەیرێکی نێو ماڵە بەتاڵەکەی کرد و بە هێواشی هاتە حەسارە بچووکەکەی خانووەکە و لە بن سێبەری هەیوانەکە، لە پەنا مەکینەی سپلیتە کوژاوەکەی دانیشت. گەرمای دوایین مانگی هاوینی هەولێر هیچ لەوە نەدەچوو بەزەییەکی بەم خەڵکە بێ ئاو و کارەبایەدا بێت و نەختێك تینی گڕەکەی کەم بکاتەوە. لە سووچێکی حەسارەکە تانکێڕێکی تا نیوە پڕ لە ئاو لە سەر چوار بلوک دانرابوو. لە پەنا تانکێڕەکە توێكڵە شووتییەکی ویشک چەند مێشی لێ نیشتبوو، توێکڵەکە سەرنجی ئەوی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. هەستا و بەرەو توێكڵە ویشکەکە چوو و بە نووکی پێڵاوەکانی ویستی بەرەو دەرکەی دەرێی فڕێ بدات. چاوی بە لینگە سەرپاییەکی ڕەنگ پەمەیی منداڵانە کەوت کە لە نێوان دوو بلوکدا خۆی شاردبووەوە. داهاتەوە و بە حوزنەوە دەستی درێژکرد و سەرپاییەکەی هەڵگرت. لەسەر قایشی سەرپاییەکە وێنەی پشیلەیەکی ئەنیمەیشێنی کێشرابووەوە. خەفەتێکی ناخهەژێن ڕوحی داگرت. وێنەی ئەوڕۆژەی خێزانی کە بە پەلەپەل جلوبەرگ و کەرەسەکانی خۆی و کچەکەی کۆکردووەتە و سواری تاکسییەک بوون و لە کاتێکدا ئەو لە گەڵ بەرپرسی کۆمپانیاکەی لە لای چەمچەماڵ خەریک بوون بەرەو سلێمانی بڕۆن، چوونەتە ترمیناڵی شەقڵاوا و تاکسییەکیان بۆ حاجی ئۆمەران بە کرێ گرتووە، هاتە پێش چاوی. ئەو هێشتا لە سلێمانییەوە نە گەیشتبووە گەڕەکی مەنتکاوەی هەولێر کە ئەوان سنووریان تێپەڕاند و ئەم و ئەو لینگە سەرپاییەیان بۆ هەمیشە لە هەولێر بەجێهێشت.

بە دەنگی موبایلەکەی چاوی لەسەر سەرپاییە پەمەییەکە هەڵگرت. کۆنەکڕ بوو. هاتبوو سپلیتەکەی لێ بکڕێت. فەرمووی ماڵەچۆڵەکەی کرد و سپلیتەکەی نیشاندا. پیاوێکی کورتەباڵای ڕەقەڵەی ڕەش ئەسمەری زیت، کە تێپەڕ بوونی شەشت بەهاری پێوە دیار بوو. بە وردی سەیرێکی ژوورە بەتاڵەکەی کرد وبەدەنگێکی زیقنەوە گوتی: بۆ دەیفرۆشی؟ ئەو لەکاتێکدا لینگە سەرپاییەکەی نێو دەستی لە لێواری پەنجەرەکە دادەنا گوتی: هەر ئەوە نییە هەموو کەلوپەلەکانی نێو ماڵێم فرۆشتووە. دەڕۆم بۆ هەندەران. کابرا بە چاوی کڕیار سەیرێکی سپلیتەکەی کرد و گوتی: من دوو وەرەقت پێ دەدەم. ئەو نەیگوت: هێشتا مانگێک تێپەڕ نەبووە کە بۆ خۆی پێنج وەرەقی پێداوە و کەمە، گوتی: پیرۆزت بێت. کابرا بە پەلە چوو لە نێو ماشێنەکەی نێردیوانێکی هێنا و خەریکی لێکردنەوەی سپلیتەکە بوو. خەریک بوو شریتی خورتوومەکەی لێدەکردەوە گوتی: بە قسە کردنت ڕا دەڵێی کوردی ڕۆژهەڵاتی؟ گوتی : بەڵێ .

هەروا کە بە ددانی خەریکی پچڕاندنی چەسپێک بوو. گوتی: سیاسی؟دیسان نەیگوت: بە تۆچی؟ تۆ خەریکی کاری خۆت بە چیت لە منداوە. بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەستی کرد حەز دەکات قسە بۆ ئەم کابرا نەناسراوە بکات. هەستی کرد قسەیەکی زۆر لەسەر دڵی کۆبووەتەوە و پێیخۆشە هەڵیڕێژێت. دەیەویست بڵێ ئەندامی ڕێکخستنی حیزێکی رۆژهەڵات بووە و پاش ئەوەی قاچاخ بووە و هاتووەتە باشوور ژنەکەی لە گەڵی لە کەمپ نەژیاوە و ناچار بووە بێتە هەولێر. پێیخۆش بوو بڵێ لێرە لە کۆمپانیایەکی نەوت بووەتە شۆفیر و ڕۆژێک کە لەگەڵ بەرپرسەکەی چووتە سلێمانی، ژنەکەی دەستی کچە بچووکەکەی گرتووە و گەڕاوەتەوە ئێران. سەری هەڵێنا و سەیری نێو چاوی کابرای کرد. گوێی لێ بوو یەکێک گوتی : بەڵێ سیاسیم .دواتر زانی بۆ خۆی وای گوتووە.

کابرا گوتی: منیش بیست ساڵ پێشمەرگە بووم. یەکێتی بووم، بەڵام شەڕم بۆ ڕۆژهەڵاتیش کردووە. لە سەردەشت. پاشان گوتی: هێزی بەرگری بووم. دواتر کە خەریک بوو بە شێنەیی سپلیتەکە دابگرێتە سەر زەوی دیسان گوتی : ئەو کات یەکێتی بووم. بەڵام ئیستا هیچ حیزبێک نیم. دەزانی لە کامە شەڕدا لە ڕۆژهەڵات بەشدار بووم؟ هەرچەند تۆ منداڵی پێم وانییە ئەو عەیامەت وەبیر بێت. چەند ساڵت تەمەنە کاکە؟،پاشان گوتی: ناویشت نازانم.بە پرسیارەکەی کابرا ڕاچڵەکی و وەک لە خەوێکی قووڵ ڕاپەڕیبێت بە ڵاڵە پەتەیی گوتی : لە دایک بووی هەشتام، ناویشم ئەحمەدە.کابرا گوتی: منیش حاجی عەلیم، کەوایە تۆ وەبیرت نایەت کاک ئەحمەد. دەزانی کووە برام؟ حیزبایەتی هیچ نییە. من بیست ساڵ پێشمەرگە بووم. هێندەی شەڕی حیزبە کوردییەکانم کرد هێندەم شەڕی بەعس نەکردووە. دیارە هەر من وانەبووم و ئەوەش تایبەت نییە بە باشوور. ئەرێ تۆ شەهید مستەفا دەناسی؟ئەحمەد گوتی: مستەفا کێ؟

 حاجی گوتی: بە خوا ناوی باوکی نازانم، حەزی لە کچی بەرپرسێکی حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی دەکرد. لە جەنگەی شەڕی بەرگریدا بە فەرمانی باوکی کچە کوشتیان. بە شەش زەلام تەقەیان لێکردبوو. پێشمەرگەکانی دیکە لە نێو شەڕدا ببوون چووزانن ئەم تەقەیە چیە. کە گەیشتبوونە شوێنەکە تەرمی شەهید مستەفایان بینیبووەوە. بە شەش کلاشینکۆف تەقەی لێکرابوو. هێندەیان فیشەک لە جەستەی دابوو، جێگەی ساغی نەمابووەوە. بەس سەیرەکە لەوەدا بوو، دەنگی تەقەکان تەواو نەدەبوو. تەرمەکەیان هەر لەوێ لە بن گڵ شاردەوە. دەنگی تەقە لە گۆڕەکەی دەهات. چەند ڕۆژ دواتر کە پاسدار ئەم گردەی گرتەوە. چووبوون لۆرییەکیان گڵ لەسەر گۆڕەکەی ڕۆ کردبوو، کەچی دەنگی تەقەکە هەر تەواو نەببوو. لۆرییەکی دیکەیان ڕۆکردبوو. دیسان دەنگەکە هەر نەبڕابووەوە . تا پەنجا لۆریان گڵ لەسەر گۆڕەکەی بە تاڵ نەکردبوو دەنگەکە تەواو نەببوو. پێم سەیرە نەتبیستووە. من ئەو ڕۆژە لە سەردەشت بووم.لە گەڵ ئەوەی قسەکەی کرد. دەستی خستە نێو گیرفانی و دوو سەد دۆلاری دەرهێنا و ڕوو بەئەحمەدی ڕاگرت و گوتی: ئەمەش پارەکەت. پاشان خەریکی کۆ کردنەوەی کەلوپەلەکانی بوو.

سپلیتەکەی دەخستە نێو ماشێنەکەیەوە کە تەلەفوونێک بۆ ئەحمەد هات. قاچاخچییەکەی بوو. گوتبووی بەیانی لە نزیک پردی دەلالی زاخۆ چاوەڕێتین. گوتبووی دوو وێنەی سێ لە چواریش لە گەڵ خۆت بێنە. حاجی گوێی لە قسەکان بوو و پێش ئەوەی بڕوات گوتبووی لە شەقامی مەلا عوزەیر برادەرێکی وێنەگرم هەیە بچۆ بۆ لای و بڵێ برادەری حاجیم. پاشان سواری ماشێنەکەی ببوو و ئەو و لینگێک سەرپایی و ماڵێکی بە تاڵی بە جێهێشتبوو.

بە وێنەگرەکەی گوت برادەری حاجی عەلیم. کوڕە گەنجەکە بە بزەیەکەوە گوتی: بەخێر بێی، ئەگەر دەتەوێ بە قاتوریباتەوە وێنەت هەبێ. تا من موەلیدەکە پێ دەکەم ، کراسەکەت داکەنە، چونکە یەخەکەی بەرزە و دواتر بمەوێ لایبەم وێنەکەت تێکدەچێت. پاشان بە فۆتۆشۆپ قاتوڕیباتێکی کەشخەت بۆ دادەنێم. گوتی: ئاخە لە بنەوە هیچم لەبەردانییە دەبێ بە ڕووتی دانیشم؟ بەڵام چاوەڕێی وەڵامی کابرا نەماوە و خۆی ڕووت کردەوە و لەسەر کورسی وێنەگرەکە دانیشت. دوو گەنج سەریان بە شووشەی دوکانەکەوە نابوو و سەیریان دەکرد. وێنەگرەکە چووە دەرێ و خەریکی هەڵکردنی موەلیدەکەی بوو. گوێی لێ بوو یەکێک لە گەنجەکان بە پێکەنینەوە گوتی: وادیارە خەریکی خەڵک ڕووت کردنەوەی. لە ئاوێنەکەی تەنیشتی ڕوانی. پیاوێکی ڕووتی تووکن. زگێکی زل و سەرێکی تاس، کە لاجاینگەکانی سپی ببوون، سەیری ئەمی دەکرد.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا