میرۆک
خەبات ڕەسووڵی
باپیرم هێشتا زۆر لاو بوو، ئەو کاتە تەنانەت سمێڵى
گووگرەش نەببوو و پڕ بە سییەکانى قەتى لە لێرەوارەکانى کوردستان نەچریکاندبوو. ڕۆژێک
کە نەنکمیان بە هەڵە دەدا بە کەسێک کە باپیرم نەبوو. باپیرم بێ ئەوەى خۆى شلوێ
بکات دەستیدا دەسرۆکەى سەرچۆپى و تا کازیوەى بەیانى هەڵپەڕى و ئەو کاتەى هەموو
داوەت لە ماندوویەتیان خەونووچکە دایگرتبوون. دەستى نەنکمى گرت و بە هەنگاوێک لە
چیرۆکەکەى من هاتە دەرێ و هاتە نێو ئەم چیرۆکەوە.
تازە باوکم لەدایک دەبوو کە منیش تۆوەکەم گوورا.
من ئەوکات دەمزانى دەبێ چاوەرێى ئەوە بکەم کە باوکم گەورە ببێ و ڕۆژێک لە شەقامێکى
تەڕ پێى لە سەر تۆێکڵە مۆزێک دانێ و شڵپ بەدەمەوە بکەوێتە خوارێ و دایکم لە
پەنجەریەکەوە چاوى لێ بێ، تەنانەت بزەیەکیش نەکات و باوکم سوێند بخوات کە دەبێ ئەو
کچە بێنێت کە تەنانەت ئەو کاتەى شۆخترین گەنجى گەڕەک بەدەمەوە دەکەوێ پێکەنینى
نایەت، بەڵام ئەو کاتە کە باوکم پێى لەسەر تۆڵکە مۆزەکە دانا دایکم بیرى لە
وتەکانى ئەرەستوو دەکردەوە و تێڕامابوو کە بە ڕاستى تۆ بڵێى یەکەم فەیلەسووفەکان
لە یونانەوە سەریان هەڵدابێ.
لەدایک بوونى من زۆر بە هەڵکەوت بوو. دایکم
لەبیرى چووبوو حەبەکانى بخوا و ئەو کاتە باوکم خۆى خزاندە پاڵى، ئەسڵەن بڕواى
نەدەکرد کە منداڵى ببێ و زۆرتر حەزى دەکرد ماسییەک یان چۆلەکەیەکى ببێ و دواتریش
ئەو کاتەى من گەورە ببووم بە دزى باوکمەوە تفێکى خستە سەر ئەرزى و وتى: ئەو
نەبوایە من ئێستا سەربەست بووم. بەڵام ئەو چیرۆکەى من بەتەمام بینووسم نە باسى منە
و نە باسى باوکمە و نە باسى باپیرمە تا ئێرە تەنیا ویستم قەڵەمەکەم گەرم بکەم و بڕێک
بکەومەوە سەر گەڕى نووسین… نا نا مەترسە باسى بەچکە مراوى ناشیرنیش نییە. ئەسڵەن
کێ دەڵێ دەبێ چیرۆکێکى نوێ بێ. من دەڵێم با ئەو چیرۆکە کۆنە نەفەوتێ کە دەڵێ پاشایەک
زۆر زاڵم بوو. خوێنەر گیان پاشا عەمدەن زاڵم بوو و حەزى دەکرد خەڵکەکەى شۆڕش بکەن
و وەک لویى شانزدەهەم سەرى بە گیوتین لێدەن، بەڵام تەنیا ئەو بە چاوى خۆى ببینێ کە
خەڵک دژی ئەو هاتوونەتە دەرێ. پاشا ئەمری کرد، تەواوى ڕێگاکان بگرن تەنیا ڕێگایەک
نەبێ و پاشان پردێکى لێدا و وتى: هەرکەس بیەوێ بێتە ناوشار دەبێ بەسەر ئەو پردەدا
بڕوات و هەمیشە بانگى وەزیرى دەکرد تا بزانێ خەڵک ڕازین یان نا، وەزیر بە
ئەدەبیاتێکى وەزیرانە دەیگووت: بەڵێ بەڵێ سەروەرم خەڵک ڕازین و پاشا لە داخان
چڕنوکى لە گونى خۆى دەگرت و لەبەر ماڵى خودا چۆکى دادەدا و دەیگوت: خودایە من کەى
بەدەستى خەڵکەکەم سەردەبڕدرێم؟ پاشان پاشا ئەمرى کرد هەرکەس بەوێدا بڕوات شەقێکیشى
تێهەڵدەن. من ناڵێم بەڵام پاشا ماوەیەک دواتر خەڵکى کۆکردەوە و بە پێکەنینەوە
گوتى: خەڵکى ڕازین یان نا.. باشە کەم بزە بتگرێ ئەسڵەن لەو چیرۆکەش دەگەڕێم بەمن
چى خەڵک گوتوویانە پاشا نەفەرێک کەمە کەسەکان زیاتر بکە با تێمانهەڵدەن کارمان
هەیە و دەبێ بڕۆین.
من ئەوەندە دەزانم کە من و پاشا لە پۆلى یەکەمى
سەرەتایى بە یەکەوە هاوپۆل بووین و زۆرجار قەڵسەم لێ دەگێڕا و لێم دەدا. بۆ
ئاگاداریت پاشا زۆر کوڕێکى جوانکیلە بوو. بەمن چى کوڕان چیان لێ کردووە، بەڵام
هەموو کاتێک دایکم گوێچکەمی بادەدا و دەیگووت: تۆش ئاگات لە خۆت بێ. تۆ نازانى
دایکم چۆن گوێچکە بادەدات. گوێچکە بادانیش چەند جۆرە. بە خۆشەویستى، بێ خۆشەویستى،
تێکەڵاو. دایکم زۆرتر تێکەڵاوى پێخۆش بوو، تەنانەت ئەو کاتەى کە دەچووین بۆ
بەستەنى فرۆشیش دایکم مەخلووتى دەخوارد. مەخلووت تێکەڵاوێکە لە بەستەنى و فاڵوودە.
ئاى یادى فاڵوودە بەخێر. فاڵوودە نیشاستەى لە ڕەندە دراوە.
لەوەتا لە بیرم دێ فاڵوودە لە ماڵى ئێمە خوراوە
دەڵێن جەدى یەکەمم کە فاڵوودەى زۆر پێ خۆش بووە ئەمرى کردووە حەوزێکى بۆ پڕکەن لە
فاڵوودە و لەگەڵ خێزانى دایکى دایکى دایکى دایکى دایکى دایکى نازانم چەندەى باوکم
مەلەى تێدا بکات. بەڵام وادیارە کە پاش چەندجار ویستویەتى شیرجە لێدا و و نەیوێراوە
لە خێرى مەڵە کردن گوزەراوە و گوتوویەتى قاپێکى بۆ پڕکەن لە فاڵوودە و لە پەنا
حەوزەکەوە بە تاسەوە هەڵیقوڕاندووە و پاشان کە جوان دەموولچى خاوێن کردووەتەوە، من
ناڵێم ئەوە ڕەوایەتە و وەچە بە وەچەى بنەماڵەى ئێمە دەیزانن. هەستاوە و میزى تێکردووە
و پاشان…. بەمن چى ئەو واى کردووە شا……….شا خۆى مۆن دەکات، پاشان لەنێو
هەژارانى شاردا بەخشیویەتییەوە. ئاى کە هەژارى دەردێکى گرانە. تۆ نەتپرسى نەنکتیان
بۆ بە زۆرى بە مێرددا کە باپیرت بۆ هەڵگرتنى تا بەیانى سەماى کردووە. کاکى برا
نەنکم کچى کابرایەکى هەژار بووە کە دەبێتە باوکى نەنکم و ئاغا ئەو ساڵە باوکى
نەنکمى ڕووتاندووەتەوە و باوکى نەنکم ناچار نەنکمى بە کابرایەک لەجیاتى تەلیسێک جۆ
بەخشیوە. وام سەیر مەکە دەڵێى درۆت بۆ دەکەم بەخوا بەڕاستمە.