به‌ ئاڵای هه‌میشه‌ته‌وه‌ دێمه‌ مه‌یدان

یونس ڕەزایی

.

ده‌نگ ده‌ده‌م
به‌ لیستی سه‌وزی دوورگه‌کان
که‌ پڕ له‌ مرواری خه‌فه‌ت
تا له‌ ده‌نگم مووسیقایه‌ک بۆ تۆ… ڕاژانی بێشکه‌‌ی من
به‌ تۆش که‌ پارێزه‌رم بی له‌ گولله‌دا
وه‌ هێلانه‌م با گه‌رم و گوڕ بێ له‌ ڕه‌نگتدا … که‌ سارده‌

ده‌نگ ده‌ده‌م به‌ لیستی زه‌ردی هه‌ڵوه‌رین و
به‌ هه‌ناسه‌ی سواری پاییز
که‌ پیر ڕاده‌برێ به‌ خوێنماندا … شه‌وانه‌
که‌ ته‌قڵه‌ی به‌رزی بڵێسه‌دار وه‌ک سیاییی هه‌تاو و
جه‌سته‌ی گه‌رمی له‌رینه‌وه‌ی هه‌ناسه‌کان

ده‌نگم ده‌یه‌ خاتوون! با سه‌رکه‌وم له‌ لوتکه‌ی پیر
با لیستی بزه‌کانم درێژ بێت
هێندی مێژووی ئه‌و ڕووباره‌ی له‌ چاوتدا
با جه‌ماوه‌ری هه‌ناسه‌م هێور هێور … هه‌تا شه‌قام … هه‌تا شه‌وانی ئاویلکه‌

گه‌ر من متمانه‌ت بده‌مێ
له‌ به‌ستەزمانی وشه‌کان
گه‌ر من به‌ ئاڵای هه‌میشه‌ته‌وه‌ بێمه‌ مه‌یدان
بمگۆڕه‌ خاتوون
له‌ سه‌ره‌تای به‌هاره‌وه‌ تا زستان

بمگۆڕه‌ خاتوون هه‌تاکوو وه‌رزی گۆڕان
تا بحه‌جمێم له‌ لیستی شینی ده‌ریاتدا

‌تا به‌ ئیمانته‌وه‌ دروشمم پڕ له‌ کڕنۆشی داره‌کان که‌ به‌رزن
هه‌تا به‌ کازیوه‌ته‌وه‌
بانگم له‌ مه‌ناره‌ی ئه‌وینه‌وه‌ که‌لاو کا…
وه‌ک ڕاشه‌کانی به‌ژنی با

ده‌نگم ده‌یه‌ … با به‌ زایه‌له‌تدا سه‌رکه‌وم
با له‌و هه‌رێمه‌ که‌ سنووری برینداره‌ ده‌رکه‌وم
وه‌ تێپه‌ڕم بێ پاسپۆرت و بێ ناسیاو
له‌ ڕابردووی بیابان و
بێمه‌ ئاوه‌دانیته‌وه‌

ده‌نگ ده‌ده‌م به‌ له‌ره‌ی به‌ژنت
به‌ شۆڕه‌بیت که‌ نازانم خوازه‌ی کام شلکاییی له‌شت
وه‌ ده‌خزێمه‌ به‌ستێنی چاوه‌ڕوانیته‌وه‌…

پیشاندانی زۆرتر

یەک کۆمێنت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا