ئەی بزر بووی سەدەکان
ئەنوەر عەباسی (هەرەس)
.
ئەی بزر بووی سەدەکان
لە کوێی؟
وا هەر ئەگەڕێم و ناتگەمێ
هەر ئەوەستم و هەر نایەی
من ئیتر لە شەڕ کردن ماندوو بووم
ئەمەوێ ساتێک سەر بنێمە سەر نەرمایی سینگت و
هێواش بڵێم: ئۆخەی ئارامی گیانم، ئۆخەی!
کە تۆ نەبای چیم لە وەحشەتی تەنیایی خۆم کردبا؟
تۆیش دەست بێنی بەسەرمدا و
بڵێی: گیان ئەی بارستی چەتوون، گیان
ئەمشەو لە ئامێزی کامە خەیاڵی شەڕەنگێز گەڕاویتەوە
وا دڵت وەکوو کۆترێکی غەریب
بەسەر بانی ئێوارەوە توند لێئەدا…
دەقێکی جیاوازتری لەدڵڕا هاتەی بەدڵ نیشتە بوو کە بۆنی شێعری لێدەهات. لە دەورانی بێ شوناسی ئەدەبیا دەژین و بە هەڵکەوت کاتێک کۆترێکی شوناسدار لە گوێسوانی ماڵی ئەدەب دەنیشێت پێویستە بی لاوێنین نەک قۆچەقانی تێ بگرین.
هەرەس نەهێنی هەرەس گیان.
ڕێز و سپاس هاوڕێی هێژا، کاک سەلاح.