بانی
خەبات ڕەسووڵی
خێزانم گوتی : ناوی دەنێین بانی.
گوتم : زۆر باشە با ناوی بانی بێت.
بانی بە قەد بەری دەستم دەبوو. نەرم و تووکن و ڕەش. گوتم: بەشکم بەچکە مراوییەکەی لە بیر بچێتەوە. خێزانم گوتی: هەولێریش.
نازانم بۆ ئەم قسەیەم پێ خۆش نەبوو. لەوانەیە چونکە تا ئێستاش دڵم هەر لە کوردستانە. هەستم کرد ناوی بانیش هەر لەوەوە دێت. دەبێ خۆمان لە گەڵ ئەم کۆچە زۆرەملییە ڕابێنین. دەبێ فێربین پیتزا بخۆین و لە مێترۆدا بخەوین و وەک خاریجییەکان ساردوسڕ بین.
ئەوانەی دەڵێم قسەی پێنج ساڵ لەوە پێشە و قەت پێمان وانەبوو پێنج ساڵ لە تورکیە دەمێنینەوە. ئێستا پاش پێنج ساڵ ئێمە لە جیاتی پیتزا فێری خواردنی کونووفە و ئەتلی ئەکمەک و پیدە بووین و چای ڕەشی بێ شەکر دەخۆینەوە.
یەکەم کەس من چاوم سوور هەڵگەڕا. شەوێ لە کاتی خەودا قووڵکەی چاوم پڕ دەبوو لە فرمێسک. هەرچەند دەقە جارێک وەخەبەر دەهاتم و کاسەی چاوم بەتاڵ دەکرد. دواتر کوڕەکەم و لە کۆتاییدا خێزانم.
چوومە دەرمانخانەیەک و چاوم لە چاوی دوکتورەکە بڕی. قسەیەکی کرد. بە دەست ئاماژەم بە چاوم کرد و بە قامکم پێم نیشاندا کە فرمێسکەکانم ڕاناوەستن. قەترەیەکی دامێ.
دیسان خێزانم گوتی: پێم وابێ بە بوونی بانی لە ماڵێدا وامان بەسەر هاتووە. پشکەڵەکانی بانیم لە هەموو شوێنێکی ماڵەکەدا دیتبوو. کە لە قەفەزەکەشی دەمانهێنا دەرێ و لەسەر کۆشمان دادەنا کە مەسەلەن دەستی بەسەردابێنین یەکسەر میزی پێدادەکردین. کاری خۆی بوو.
گوتم: چی لێ بکەین؟
گوتی: دەیبەینە ناو سرووشت و بەڕەڵڵای دەکەین.
گوتم: ئەی ناڵێ بانی چی لێهات؟
گوتی: هەڵخەڵەتاندنی کوڕێکی چوار ساڵە زۆر زەحمەت نییە.