بریسکەڕێ | سۆران محەمەدەسوورە | شێعر
سۆران محەمەدەسوورە

هەوایە هەمیشە بە ئازاری ئارامیی هەڵدەقڕچێت
ل وێرێ واریسی من تەنیاییی هاوخوێنیەتی و
لەمەڕ تۆش دەخوازم هیچ شتێک هەمیشەیی نەبێت
من هەر دەتوانم ئەو وشەیە بانگ بکەم کە لێکترازانە
ناوت کاریگەری لەسەر خۆشنەویستراوییەوە نییە
تەنێ ئازار و تووڕەیی زۆر هەڵدەچنێ
لە مرۆڤی خۆی سەیر هەڵدەنگوێت چارەنووس
وەک شاخێک کە لەسەر هەرەسی خۆی وەستابێ
*
لە ڕوو ژماردنم بوومەوە و ڕووی خۆمم پێ جوێ نەکرایەوە
کامەیان بووم؟ کامیان نەبووم؟ کێهانم نەبوویت!
کە هەنگاوەکان نزیکیتیان دوور دەخستەوە
چاو پزیسکی دەپێوا
بێدەنگیش سێبەری ئەو زمانە داتەکێندراوەی
کە مرۆڤی لە خۆ هەڵبڕیبوو
*
شەو بە بێداریی لە خەو ڕادەبێت
ڕووناکییەکی ڕەش دزەڕێی ئەو دیو دێیە و
چیاش ونبوونی هەزاران توولەڕێ
***
بە ئازار هەڵقڕچا
ئاور کز بوو ڕێگەش دوور
ڕێبوار بە هەزار خەونی لەیەک ئاڵۆزاوتر
ڕووەو کڕێوەی زستانێکی تووش …
تراویلکەی هەزاران توولەڕێی لە گیرفان داشاردووی دەبزاند
ونبوون شارە شار
غەریبیت بەفری تێدا پیر دەکا
*
سۆزی١ بۆ هەمیشە کە دەمی خۆشویستن نییە
بەرەو پیلی خۆشەویستیی دەیانبەیت
دەبنەوە ڕەژوو پەراسووی پڕ لەباوەش
لە دڵ هیچ یادگارییەک هەڵناگیرێ
ئەوە وشەیە لەسەر ئەو گۆڕستانە
چرپەیەکی سارد دەچێنێ
*
شادیی دوای خۆی خستم و ژوانی نەدا
ڕێ پووشڕەنگی کردم نەیدا ئومێد
لە خۆشویستن شکستت هێنا ئەرێ
لە لەیادکردن هەروا! سیلە چاوێکی سارد دەتەنگێوێ
غەمشادیی پەلکوتینی وشەیە بۆ ژیان
پیرەژنەکەش گوتی “ئەوەی بە بڵندان هەڵبڕوانێ بەناویاندا دەکەوێ٢”
گوتم خەونی شاعیر بە خوێنی ڕۆژگار دەپێورێت!
گوتی بڵێی بەسەریدا ڕابورد ببینەوە؟
***
لێرە بە وشەدا دەبزرێت٣
لەوێ هیچ شتێک بیرەوەریی نییە ناگوترێ
سپێدان هەزاران وشە دەنووسێ
شەوان دەبێ دەست بخاتە بێنیان
ئا ئەمە چارەنووسی ئەو خودایانەشە
لەناو پەرستگەیەک
هەر سێبەرێک خودایەک و هەزار قیبلە
خوداکان ڕووەو قوڵایی چاوی خۆیان
نوێژ چرپەیەکی بێ ئاسمان
***
هەموو شتێک خاوەنەکەیان دەگۆڕن
تەنێ منم لەوێش هاوخوێنەکەم تەنیایییە
ئاوها
بۆ وشەیەک ژیام کە نەبووە هی من
لەگەڵ وشەیەک ژیا-م/یت کە هی من نەبوو
*
وەک وشە کە بەبریندا هەڵدەگەڕێ
وەک من کە دار و نەداری
ئێدی وشە زا تۆ بووی
منیش وشەیەک ژیام کە نەمبوو
هەر شتێ زمانت هێنابێتی
بە ئاگر پەرستوومە
*
هەوایە هەمیشە بە ئازاری ئارامیی هەڵدەکڕووزێت
خاڵی ڕوومەتێکی چاوەڕوان تاریکیی تێیدا داییسێت
دەست بە ڕووخسارت دادێنێت لایەکەی ترت ناتدۆزێتەوە
مەهزرە دەستت بێخوێن بن یان بەخوێن چش
بیر لەوە بکەرەوە خوێن گەیشتە چۆکان پشوو بدەیت یان پشتێن!
*
هەمیشە ترسی لە تووڕەیی خۆیەتی
ئەوەی کەمتر تووڕە دەبێت
ئەوەی کە بێدەنگە و خۆی مەڵاسداوە
ئەوەی پێی گرتووە و ژیانەشەونوێژیەتی
ترسێکی زۆری لە بێدەنگیی و تووڕەنەبوونی خۆی هەیە
ئەوەی هەمیشە گڕتاوە لە زوان و زام و
شۆنی پڕ تاسە و سەرهەڵگرتوویی هەواڵی لێ دەدا
ئا ئەوەم من کە لە داهاتووی تووڕەیی و بێدەنگیی خۆی گڕکانین کڕ کەوتووە
بێدەنگیی من ڕەگی لە هاریی پیرترە٤
***
داهاتوو هی ئەوانەیە هەزاران لاپەڕە دەنووسن
وشەیەکی لە تووڕەیی دڵبڵندانەی خۆیانمان پێشکەش دەکەن و
هەمیشەش بە ئازاری تەنیایی دەکولێنەوە
دەنووسین لەبەر ئەوە نا شتێکمان نییە
لەبەر ئەوەی هیچ شتێکی تر نییە بیکەین
ئومێد بە ژیان واتە
ڕشتنی بێ ئەندازە خوێنی ڕەش
لەهەنبەر بڵۆقکردنی ئامێزی خەنین بە سوتماکدا!
لەپای ئەوە نا هی ئێمە بووە
لەهەنبەر ئەوەی هەرگیز هی ئێمە نەبوو
بڵێی ئەم خوێنە ڕەشە
ڕاسانی باخچەیەک بێت کە هەرگیز لە دەرەخەونی ئێمە نەڕسکا؟
*
ئەو سەدەیەی بێدەنگیی نەبینێت
جێبرینێکی بۆ گوتن نابێت!
*
دوای ساڵانێک
لەسەر نەخشەی کێلی گۆڕێک
پیتێکیان دۆزییەوە
میراتی سێبەری زمانێکی بێزار
کە نەدەخوێندرایەوە.
پەراوێز:
١- سۆزی: ا: سۆ؛ بەیانی. ب: بەڵێن. پ: گۆرانیگوتنی لەبەرخۆوە. ت: میهرەبانی …
٢- ئەوەی بە بڵندان هەڵبڕوانێ بەناویاندا دەکەوێ: پەندێکی کوردییە.
٣- دەبزرێت. ا: کەسێک کە لەخەودا قسە دەکات، وەک: فڵانکەس شەوێ دیکە دەبزرا. ب: بزر؛ وەندا.
٤- بێدەنگیی من ڕەگی لە هاریی پیرترە: سوود لە پەندێکی کوردی وەرگیراوە.