قەڵای… کلیل!

ناسر وەحیدی

.

«گفتوگۆ كلیلێكە هەموو دەركە داخراوەكان دەكاتەوە»

ئەمە نووسراوەی سەرەتای یەكەم لاپەڕەی كتێبەكەی بوو. ئەم كتێبە كۆن و زەرد هەڵگەڕاوە، كە وەك خەزێنەیەكی بەنرخ، وەك نهێنییەك، هەمیشە لە بن چاكەتە ئەفسەرییەكەیدا شاردبوویەوە. ڕەنگە خۆشی دڵنیا بووبێ، تەنیا مەرگ بتوانێ لێی جیا بكاتەوە. پاش ئەوەی لە كارەكەم بوومەوە، دڵنیا نیم، لەوەی یەكەم شت، كە سەرنجی ڕاكێشابم، ئەو بەرزاییەی لای چەپی سەرسینگی بووبێ،. وەك مار، لە سەر دڵی پاپۆكەی خواردبۆوە. زووتریش وەخت و ناوەخت، بە پێی هەل‌ومەرج هەستم بە بوونی كردبوو. شتێك لە ژێرەوە، چاكەتە ئەفسەرییەكەی هەڵمساندبوو. بەڵام تا ئەم دەرفەتە، نەمزانی چییە؟ ئەگەرچی دڵنیام، لای ئەو لە هەموو شتی دونیا پیرۆزتر بوو. شتێك كە بە ماوەی هەموو تەمەنی، شەو و ڕۆژ لەگەڵ خۆی گێڕاویەتی. تەنیا ئیستێك چییە، لە خۆی دوور نەكردۆتەوە.

رەنگە یەكەم كەس كە هەستی بەو ڕەقاییەی سەرسینگی كردبێ، ئافرەتێك بووبێ! ئەگەرچی بڕواش ناكەم، ئەو جگە لە خۆی و ئەم خەزێنەیەی، كەس و چی‌تری خۆش ویستبێ. ڕەنگە ئەو ئافرەتە بە بۆنەی لاواندنەوە، لە سەر چاكەتە ئەفسەرییەكەیەوە ـ كە لە كاتی خەویشدا دەری‌نەهێناوە ـ دەستی لەو ڕەقاییەی سەر سینگی كەوتبێ. كاتێك ئەو خۆی كڕ كردووە، ڕەنگە ئافرەتەكە زیاتر تامەزرۆ بووبێ. پەی بەو نهێنییەی بەرێ. یەكە یەكە دوگمەی ئەفسەرییەكەی ترازاندبێ، بە هێوری دەستی بردبێ بۆ خەزێنەكەی. ئەویش وەك ئەوەی لەپڕ لە خەوێكی قورس ڕابووبێ، بە پێی هەڵسوكەوتی خاوەن ماڵ لەگەڵ دز، پڕی كردبێ بە پەنجەیدا. وەهای ڕێك‌گوشیبێ، خوێن لە سەری هەر پێنج قامكی پەنجەیەوە فیچقەی كردبێ. ئیتر قەت زاتی ئەوەی نەكردبێ جارێكی تر، قومارێكی لەم چەشنەی كردبێ. یان ڕەنگە بە پێی ئەو بەڵگانەی قەت ناخرێنە ڕوو، بووبێتە قوربانی، كوت‌وپڕی هەڵمەتی دەستێكی بەهێز و چەقۆیەكی تیژ و جەرگبڕ.

خەزێنەكەی كتێبێك بوو. بە قەرایی بەرە دەستێكی مام‌ناوەندی پان، بەندی ئەنگوستیش ئەستوور. لاپەڕەكانی زەرد و تەنك. شتێك لە مابەینی كاغەز و چەرم. تەنك چەشنی كاغەز، سفت و قایم وەك چەرم. خەتەكەی وا وێدەچێ، بە زیندوویی لە سەر ئەو پێستە داغ كرابێ. زبری هێڵەكانی لە پشتەوە ناكەوێتە بەردەست. گنجێكی چووكەی تێدا نییە.

بەو چەشنەی سێحری كتێبەكە نووسیبووی. قووڵكەیەكم بە قەرایی بەرەدەستێك، بە نووكی چەقۆكەم، بستێك دوورتر لەو، هەڵكەند. شوێنێكم وەك جۆگە، لە قووڵكەوە تا لای ئەو كێشا. تا خوێنەكەی بڕژێتە نێو. دواتر خوێنەكە لە نێو قووڵكەدا بمەیێ. ببێتە كلیلێك بۆ كردنەوەی سێحری ئاخر دەركەی قەڵا.  دڵۆپ دڵۆپ خوێن، لە تەرمەكەی دەچۆڕێتەوە. چەشنی دەنكی تەزبێح، بەرەو چاڵەكە بە شوێن یەكدا لۆزمە دەبەستن. لە ناو چاڵەكەدا كۆزیلكە دەدەن.

ئەمە نەریتێكە دەگەڕێتەوە سەرەتایەكی زۆر دوور. پشت بە پشت و سینگ بە سینگ، لەگەڵ ئەم كلیلە سوورانە هاتوون. تا ئەمڕۆكە، گەیشتۆتە من. ڕێی هیچ شك و گومانیش نییە، لە منەوە دەگاتە تۆ. لە تۆشەوە تا كێ؟ نازانم. ئەمە مێژووە، درێژەی دەبێ. ناپسێتەوە. نووسەری یەكەم لاپەڕەی ئەم كتێبە، بەم چەشنەی نووسیوە.

ئێمە دوو هۆزی بەهێز و یەك ڕەگەز بووین. دوو دەست لە یەك پەیكەر. دەستمان دایە دەستی یەك. وەك برا و یەكتەن، هەرچی نەیارمان بوو لە ناومان برد. تەخت و بەختیمان ڕووخاند. بەم شێوە خۆمان لە فەوتان قوتار كرد. بە سەربڵیندی خۆمان لەو فەرتەنەو ئاژاوەی پێكهاتبوو دەربرد. شاد و بەختەوەر، بە تێر و تەسەلی دەژیاین. بەردەوام خەریكی ڕاو و شكار، كەیف و نەهەنگ بووین. ڕۆژگارمان بەم شێوە ڕادەبوراد. دڵنیا بووین لە سەر عەرد نەیارمان نییە. هەركات هەڕەشە و مەترسییەك لە گۆڕێ بوایە، شان بە شانی یەك ملمان پێوە دەنا. زۆر جار لە بەر غلووری و ئازایەتی، سینگی خۆمان دەكردە قەڵغانی هۆزی برا.

ئاخر شەڕ، دوژمنێكی بە زەبر و هێز، هێرشی كردینە سەر. ئەوەی پیاو لە هۆزی ئێمە دەستی چەكی دەگرت، دەستی دایە چەك و هاتە مەیدان. هۆزی برا، بڕیار بوو دوژمن دەور بدا. لە پشتەوەڕا دەست لە دوژمن بوەشێنێ. شەڕ دەستی پێكرد. شەڕێك كەس بۆی ڕوون نەبۆوە، چەندی خایاند. چەند مانگ، چەند ساڵ، چەند سەدە… هۆزی برا هەر نەگەیشتە مەیدان. دڵەڕاوكێ و چاوەڕوانی سەت هێندەی تیر و تیغی دوژمنی، لێ‌كوشتین.

پاش پێكدادان و كوشت و بڕێكی زۆر، ئەوەی كوژرا كوژرا. ئەوانەی مانەوە، هەر كەس لە حاندی خۆیەوە، پاشەوپاش گەڕاوە دواوە. هەر دوو بەرە،‌ ئاش‌بەتاڵی كرد. ڕوون نەبۆوە كام لا سەركەوت، كام لا تێشكا. هەموو، ماندوو و شەكەت، بریندار و برسی، ملی ڕێگەمان گرتە بەر. هەر هاتین و نەگەیشتین. هەر هاتین و نەگەیشتین. وەك ئەوەی زەوی ژێر پێمان لە بەر یەك بڕەوێتەوە. ڕەنگە ساڵەهاتێكی زۆر بەڕێوە بووین. برین، برسێتی، ماندوویی، سەرما و دووری ڕێگا، هێندەی دوژمن قڕی تێ‌خستین.

لە دوورڕا هێڵێكی سپی، لە سەر ئاسۆ سەودای دابوو. شۆرەیەكی بەرز، بە ئاسماندا هەڵزنابوو. هەموو لامان وابوو، ڕێگەمان هەڵەكردووە. چونكوو لە هیچ شوێنێكی وڵات، تەنانەت بستە دیوارێك چییە، بەرزمان نەكردبۆوە. لامان وابوو لە بری وڵاتی خۆمان، ڕوومان لە وڵاتی دوژمن كردووە. چارە نەبوو. هێز و توانا نەمابوو. بڕیارمان دا تەنانەت ئەگەر دیلی و مەرگیش بێ، بچین بە پیریەوە. بە مەترسی و دڵەڕاوكێ، بەرەو شۆرە خوشاین. ئاڵای هۆزی برا لە سەر شۆرەكە دەشەكاوە. خۆشی لە دڵمان گەڕا. وتمان ئەو ماوەیە ئێمە سەرقاڵی شەڕ بووین، ئەوان ترساون. دەرفەتیان هێناوە، ئەم دیوارە بەرزەیان بۆ بەرگری لە دوژمن ڕۆناوە. بەڵام ئەمە جێی پرسیار بوو، بۆ تەگبیریان بە ئێمە نەكردووە؟ وەك دەیان پرسیاری تر، كە دواتر هاتنە گۆڕێ، ڕوون نەبۆوە. هەر وەك دەورەنەدانی دوژمن و دەست وەشاندنیان.

سەیر ئەوە بوو، دیوارەكە یەكپارچە و یەكدەست بوو. تاقە دەركێك نەبوو، لێیەوە ئاوەدیوی ئەوبەری بین. سەر شۆرەكە، پڕ بوو لە تارمایی مرۆ. جموجوڵیان بوو. چەندەی دەستمان هەڵتەكاند، گوڕاندمان، پاڕاینەوە، وڵامێك نەبوو. هەست دەكرا دیوارەكە چەشنی پێستی مرۆ، هەموو كون كون بێ. لەوبەری هەر كونێكەوە چاوێك زەق بۆتەوە، دەمانڕوانێ. یان شك دەچوو، شۆرەكە لە شێوەی چاوێكی زلە، ساز كرابێ. كە نێو دەروونی مرۆشی دەبینێ، بەڵام كە ورد سەرنجت دەدا و دەستت پێدا دەگێڕا، تەنیا درزێكی چكۆلەی تێدا بەدی نەدەكرا. كە تاڵە موویەكی پێداچێ.

پاش گەڕان و پشكنینی زۆر، دەركێك، دەلاقەیەك نەدۆزراوە. شەو هەموو پێكەوە، لە یەك كاتدا یەك خەومان بینی. كەسێك لەو بەر شۆرەكەوە دەیوت: «ئەگەر حەز دەكەی بێیە ئەم بەری شۆرەكە، ناو قەڵا ببینی، دەبێ كەسێكی بەلەسە و یاخی، لە هۆزی خۆت لە ناو بەری. چاڵێك بە قەرایی بەرەدەستێك هەڵكەنی، تا خوێنی تەرمی ئەو كەسەی بڕژێتێ. پاش مەیینی خوێنەكە، چەقۆیەك بخرێتە ناو خوێنەكە. مستێك خاك لە جێ شەقڵی چەقۆكە بپڕژێ. خاكەكە وردە وردە بە تەڕی خوێنەكە دەگروێ، سفت دەبێ. سفت‌تر لە پۆڵا. دەبێتە كلیل. هەموو شەوێك، ئیستێك بەر لەوەی مانگ لە دیواری قەڵا دەركەوێ، دەركێك لە ناو دڵی شۆرەكە، دەردەكەوێ. ئەو دەركە تەنیا بەو كلیلە دەكرێتەوە. بەختەوەر ئەو كەسەیە، ئەو كلیلەی دەسكەوێ و ئەو دەركەی بۆ بكرێتەوە. بێتە ناو قەڵا. دەبێتە هاودەمی ئێمە. هاوشاری ئێمە. دەبێتە دانیشتووی تێر و تەسەلی هەتاهەتایی ناو قەڵا.»

ئەوە خەون بوو یان واقع، لای كەس ڕوون نەبۆوە. بەڵام حەقیقەتێك بوو، كە پاش ماوەی شەڕی گەورە، دەستەویەخەی بوون. زۆر كەس لە داخا دڵی تۆقی. زۆری‌تر لە بەر برسێتی و كەساسی. زۆری تر لە بەر سەرما و شەكەتی. سەرباری هەموو ئەوانە، ئازارێكی تازە، چەشنی خۆرە كەوتە ناومان. وردە وردە دەیخواردین، كەم و كەمتر دەبووینەوە. چیشمان لەگەڵی پێ نەدەكرا. هەموو لە یەكتر دڕدۆنگ بووین. ئێمەی كە لە شەڕی گەورەدا، پشتمان دەدا بە پشتی یەكترەوە،‌لامان لە یەك نەدەكردەوە. گوێی شەیتان كەڕ بێ، موو بە بەینماندا نەدەچوو. هەموو خۆمان لە گێلی دەدا. وەك ئەمە وەحیێكە تەنیا بۆ بیسەری هاتۆتە خوار. كەس زاتی نەدەكرد سەیری چاوی كەسی تر بكات. نهێنییەكی پڕ مەترسی لە قووڵایی چاوماندا خۆی مەڵاس كردبوو. لە بەر ئەوەی چاوە ڕازەكان ئاشكرا نەكا، چاومان لە چاوی یەك دەدزییەوە. هەر كەس تەنیا، دەیڕوانییە بەر پێی خۆی. موویەك ئەم لاو ئەولای نەبوو. ئەوە سەرەتایەكی تازە بوو! سەرەتای دەسپێكردنی هەوەڵین گفتوگۆ، بۆ كردنەوەی یەكەمین دەركی قەڵا.

زۆرم لەگەڵ خۆم گل‌ودۆل كرد. خۆم بۆ ڕازی نەبوو. سەرما، برسێتی، ماندوویی، برین و لاوازی تاكوو دەهات، زۆری بۆ دێنام. ئاخر شەو، بڕیارمدا بەر لەوەی مانگ لە شۆرەی قەڵا دەركەوێ، تفێك هەڵدەمە ناو ڕوخساری قەڵا. شەقێك بدەم لە ژیانی تێروتەسەلی ناو قەڵا. بێ‌هیوا، بە پێدزە، وردە وردە، لە تاریكی شەودا، ملی ڕێگەم گرتە بەر. پشت لە قەڵا و ڕووەو دەشت. پێشتر وتم، گشت شۆرەكە چاو بوو. هەموو جموجۆڵی ئێمە لەبەر چاو بوو. تەنانەت بیریشیان دەخوێندینەوە. بەر لەوەی بمانەوێ كارێك بكەین، دەیانزانی. چەند كەسێك بیریان لەوە كردبۆوە، شۆرەكە بن كۆڵ كەن، با بڕووخێ. بڕێكی تر بیریان لەوە كردبۆوە، ڕەهەند لێدەن، خۆیان بگەیێنە ناو قەڵا. بەر لەوەی دەست‌بەكار بن، كەوتنە بەر تیری ژاراوی یاساوڵی قەڵا، یان كەوتنە ژێر هاشاوڵی قیل و ئاوی كوڵاو. یان لە ژێر ئەو گابەردانە پان و فلیق بوونەوە، كە لە سەر شۆرەكەوە بە سەریاندا باری.

وەك زۆر كەسی‌تر، مەبادا لە پشتەوە بكەومە بەر نووكی پەیكانی یاساوڵی سەر شۆرەی قەڵا. ئەگەرچی لەوكاتەدا، زۆرم حەز لە مردن بوو. بە تەمابووم ئەم هەنگاوە نەپێكراوم، هەنگاوێكی تر بپێكرێم. وردە وردە، لە قەڵا دوور دەبوومەوە. لەپڕ گوێم لە نووزەی كەسێكی سەرەمەرگ بوو. دەستم ڕاستەوخۆ پەڕییە سەر چەقۆكەم. بۆ ئەوەی باوەڕ بە بوونی بكەم، بە هەموو هێزم دەسكەكەیم گوشی. بەرەو دەنگەكە خوشییم. تاكوو نزیكتر دەبوومەوە، دەنگی لرخەلرخی، زیاتر پشووی دەخنكاند. لە بەر تاریكی هیچم نەدەدی. لاقم لە شتێكی نەرم هەڵەنگوت، تەپم دا سەری. چەقۆم لێ ڕاست كردەوە، لە سەر دڵیم ڕاگرت. بەڵام ئەو هەست و خوستی نەبوو، وەك ئەوەی لە حەوت ساڵان ڕاست بووبێتەوە. ساتێك خۆم كڕ كرد. دوو چاو، چەشنی چاوی پشیلە. لەو شەوەزەنگەدا، دەبریسكاوە. سەیری دەكردم. لەسەرخۆ، پچڕپچڕ ناوی منی هێنا. وتی پەلە كەم. تەنیا چاڵێك بە قەرایی بەرە دەستێك هەڵكەنم. با خوێنەكەیان بڕژێتە ناوی و بمەیێ. ئەوجار دەمی چەقۆكەم بكەمەوە، بیخەمە ناو خوێنە مەییوەكە. با خوێنەكە شەقڵی چەقۆ بگرێ. پاشان چاڵایی شوێنی چەقۆكە، بە خۆڵ پڕ كەمەوە. خۆڵەكە وردە وردە بە تەڕایی خوێنەكە دەگروێ، سفت دەبێ. پاش ئەوەی سفت بوو، دەری بێنم. دەبێتە كلیل. دەركی قەڵام بۆ دەكاتەوە. وتی پەلە كەم، چی وای نەماوە بۆ دەركەوتنی مانگ لە شۆرەی قەڵا.

چاوم لەگەڵ تاریكی تەواو ڕاهات. كەمێك لێی دوور كەوتمەوە. دوودڵ بووم، لەوەی جۆگەلە بۆ خوێنەكە ساز كەم، بەو جۆرەی خۆی وتبووی، یان جێی بێڵم. دەستم وە شتێكی نەرم كەوت. لێی ورد بوومەوە، تەرمێكی زەلام بوو. لە ترسان خەریكبوو دڵم بتۆقێ. ئەگەرچی من، پیاوی مەیدانی شەڕ بووم. ئەوەش هەوەڵین تەرم نەبوو كە دەمدی. پرسیم ئەم تەرمە كێیە؟ كێ كوشتوویە؟ وتی برامە. بڕیارماندا، یەكمان ببێ بە سەدەقەی ئەوی كەمان. بە بێ‌ئەوەی یەكتر ببینین، لە تاریكی‌دا دەست لە یەك بوەشێنین. ڕەنگە چارەنووسی وابووبێ، هەر دوو یەكمان پێكا. ئەو تازە مردووە. من چاوەڕوان بووم. دڵم ختووری دەكرد، بەر لەوەی بمرین، كەسێكی‌تر لێرەوە تێدەپەڕێ. كەیف خۆشم ئەو كەسە تۆ بووی. خوێنمان بە فیڕۆ نەچوو. پەلە كە. دەست و برد كە پیاو، تۆ سەركردەی مەیدانی شەڕی! بۆ حەبەساوی. زوو كە. تا مانگ لە شۆرە دەرنەكەوتووە. چی وای بە بەرەوە نەماوە. ئێمە بكە پەیژە بۆ سەركەوتنی خۆت. سەركەوە سەركردە.

لەو كاتەدا نازانم بۆ نەكەوتەوە بیرم، من پێشتریش دەنگی ئەو پیاوەم بە دەیان جار بیستبوو. ئەو دەنگەی لە سەرەمەرگدا قسەی دەكرد، دەنگی كەسی ناو خەون و واقع بوو، كە پەیتا پەیتا هانی دەداین، بۆ‌ سازكردنی كلیل. بۆ كردنەوەی دەركی قەڵا. لە خوێنی ئەو دوو تەرمە، دوو كلیلم ساز كرد. یەكیان بۆ خۆم، ئەوی دیشیان بۆ‌هەر كەسێك كە خوازیاری بێ. بەڵام ئێستاش نەمزانی، بۆ‌توند لە ناو مستمدا شاردمەوە، نەمدا بە كەس!

بەرەو قەڵا گەڕامەوە، پەلەم بوو. دەبوو بەر لەوەی مانگ لە شۆرە دەركەوێ، خۆم بگەیێنمە قەڵا. هێز و گوڕێكی تازە لە گیانم گەڕا. هەنگاوەكانم لە كاتی دووركەوتنەوە لە قەڵا، شل و لەرزۆك بوون. ئێستا توند و قایم بوون. كە گەیشتمە بن شۆرەكە، سەیرم كرد دەركێكی گەورەم لەبەر چاوە. سەیری كلیلەكەم كرد، وەك پۆڵا سفت و ڕەق بوو. بەڵام بەردەوام ئاوی دەداوە، ناو دەستمی سوور سوور كردبوو. بۆ ئەوەی كەس نەمبینێ، خێرا كلیلم لە كونی قفڵی دەركە ڕاكرد. بام دا. كەلەبەرێك هەر ئەوەندەی خۆمی پێدا بچم، كەوتە دەركە. بە تاڵووكە خۆم تێڕاكرد. چی ببینم. شارێكی ئاوەدان، پڕ لە خۆشی، هەموو شتێك زۆر و زەوەند. ئەوەی لەمێژ ساڵ بوو لێم ون ببوو، لەوێ دیتمەوە. سەربازی ڕاكردوو، جەحێڵی تۆراو، برینداری شەڕ، دۆست و نەیار، قارەمان، تەنانەت مردووش.

هەر كەسم دەدی كە دەستی دێنا لە گەڵم لێ داتەوە، دەستم لە پشتمەوە دەشاردەوە. ئەویش بزەیەكی تاڵ دەكەوتە سەر لێوی. ئاخر نەمدەویست گومان بكەنە من، ئەو سووراییەی دەستم ببینن. سڕم ئاشكرا بێ. دواتر بۆم ڕوون بۆوە، هەموو ئەوانەی لە هۆزی ئێمە هاتبوونە ناو قەڵا، هەر هەموویان،‌دەستیان لە من سوورتر بووە. بەرە بەرە سوورایی دەستیان كاڵ بۆتەوە. یان ڕەنگە خوومان پێوەدەگرت، ‌لەبەر چاوی خۆمان كاڵ دەبۆوە. بە كردنەوەی دەركە، بە یەكجاری ئەو دیوارە بەرز و قایمەی قەڵا، وەك هەڵم لە بەر یەك ڕەوییەوە. ئیتر نە بریندارێك بوو، نە كەلاكێك، نە كەنەفتێك. وەك ئەوەی قەت نەبووبێتن. هەمووی لە پێش چاوم ون بوو. بەڵام ئەوەی ڕاست بێ، هەستم بە بوونی دیوارێكی تازە لە پێشمەوە كرد. زانیم تەنیا كەسانێكی تایبەت دەتوانن بچنە ئەو بەری ئەم دیوارە. كەڵكەڵە كەوتە گیانم. حەزێك. حەزی دۆزینەوەی دەركەی ئەم دیوارە تازە، حەزی ساز كردنی كلیلی تازە…

«گفتوگۆ كلیلێكە هەموو دەركە داخراوەكان دەكاتەوە»

نازانم ئەم پارچە چەرمەم چۆناوچۆن كەوتە دەست. نازانم، ئەمە چارەنووس یان سەربەهۆردەی كێ بووە، بەم شێوە نووسراوە. دڵنیام ئەم چارەنووسە، ئەم قەدەرە یان هەرچی تۆ ناوی بنێی، تەنیا لە ناوچاوانی كەسێك و دوان نەنووسراوە. بۆ دۆزینەوەی سەرەهەودای گوڵۆڵەی ئاڵۆزی ڕابردوو، لكاندنی بە ئێستاوە. زۆر بەرەو دوا گەڕامەوە. جگە لە مانای نووسراوەی ئەم كتێبە چەرمە زیاتر، چیم بەبیردا نایات. نە دیوارێكم بینی لە پشت سەرم، نە پردێك، نە كوێرە ڕێیەك. ئەوەی كە بوو، لە پێشمەوە بوو. ئەوەی كە شكم دەبرد، پەرژینێكی پیرۆز بوو، دەبوو لێی تێپەڕم. پەرژینێكی ڕوون، بە ڕوونی ڕۆژ هەست دەكرا. ڕەشێنی بوو، لە تاریكی شەودا نەدەبینرا. من نووسەری چەند لاپەڕەی ئەم پارچە چەرمە، هەستم كردبوو. لەم بازنەیەی ئێمەمانان تێیدا دەژین، دونیایەكی تر، بازنەیەكی تر هەیە. ئەوەم بە تەجرەبە، بە سازكردنی كلیل، بە كردنەوەی دەركەی تازە، بۆ ڕوون بۆوە.

بازنەیەك لە ناو بازنەیەكی تر. چەشنی خانوویەكی چەند نهۆمی. دانیشتوانی نهۆمی سەر، نەدیون لە دانیشتوانی ژێرەوە. بەڵام چرپەی پێ و دەنگیان دێتە گوێ، هەست بە جموجۆڵیان دەكرێ. منیش شتێك لەم چەشنە، هەستم بە بوونی جەماوەر و جەغزێكی تر دەكرد. پەیتا پەیتا دەنگێك، لە وشیاری و خەودا. بەردەوام هانی دەدام. هانی دەدام بۆ ترازان لە جەغزی خۆم. ئاوێتە بوونی دونیای جەغزێكی تر. هانی دەدام بۆ گفتوگۆ. بۆ سازكردنی كلیل. بۆ كردنەوەی دەركی نێوان ئەو جەغزانە. «كارەكە سووك و سانایە. تەنیا شڵپێك خوێن و بە قەرایی شوێن چەقۆیەك خاكی دەوێ.»

چاڵەكە پڕ بووە لە خوێن. خەریكە دەمەیێ. با چەقۆیەكی تێخەم. بە سەری قامك هێزی دەدەمە سەر، با جوان شەقڵ بگرێ. توربەی خۆڵەكە كە پێشتر پڕم كردبوو، دەكەمەوە. لە ناو خوێنەكە، لە جێ شەقڵی چەقۆكە، ئەو چەقۆیەی سەركردەم پێكوشت، دەپڕژێنم. چاوێك لە تەرمی سەركردە دەكەم. مچوڕكێك دێ بە لەشمدا. بۆ ئیستێك قێزم دێ لە خۆم. بێ ئەوەی خاك و خۆڵم پێوەبێ، خۆم دەتەكێنم. بیر دەكەمەوە.

دوودڵی دەكەوێتە گیانم. خەریكە ڕۆحم دەخوات. ئەگەركوو لە پشت ئەم دەركە هیچ نەبێ؟ ئەگەركوو هیچ شتێك نەگۆڕدرێ؟ دەیان و سەدان ئەگەر و پرسیاری كە. چەشنی جۆڵاتەنە نازانم لە كوێوە دەكەونە ناو سەرم. مێشكم دەتەنن. بڕوا ناكەم وابێ. ناشبێ وابێ. بڕۆن دەستم لێ هەڵگرن. ئەوەتا، هەر لاپەڕێكی ئەم كتێبە، ئەم كتێبە سەیر و سەمەرەیە، ئەوە دەسەلمێنێ. دەركێكی‌تر، جەغزێكی تر هەبێ. هەر بەشێكی،‌ بە دەستی كەسێك نووسراوە. نووسەری هەر بەشێك، ڕۆژێك بكوژ و ڕۆژێكیش كوژراوە. بۆتە كلیل، بۆ كردنەوەی دەركە. بە قەرایی بەشەكانی ئەم كتێبە، بكوژ و كورژاو، دەركە وكلیل، دونیای تازە بووە. ئەوەش ڕێی هیچ شك و گومانێك ناهێڵتەوە. دەركەو دونیای تازە نەبێ. نابێ گومان بكەم. نابێ دڵنەرم بم. دەبێ هەر چەشنە گومانێك، پرسیارێك لە مێشكمدا بەر لەوەی بگروێ، بكووژم.

ئەم جەنابی سەركردەیەش، ڕێی تێدەچێ چەند كەسی كوشتبێ. خۆ هیچ نەبێ بكوژی تاقە كەسێك بووە. ئەگینا نەدەگەیشتە ئەم پلەوپایە. بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگری تر، بوونی ئەم كتێبەیە. ئەگەر وا نییە، چۆناوچۆن كەوتۆتە دەستی؟ خۆ منیش پاش كوشتنی ئەو، كەوتە دەستم. ئەوەش بەڵگەیەكی كە. ئەوەتا ئەو خاك و خوێنە، چۆن چۆنی سفت و ڕەق بووە. سەیرە. دەڵێی لە كوورەی ئاسنگەری ئاو دراوە. ئەمەش كلیل. دەستم تەڕ دەبێ. لام وایە ناو دەستم ئارەقی كردبێ، سەیری دەكەم. سەرم سووڕ دەمێنێ. دەستم خەریكە سوور دەبێ. ئەوەش خۆی بەڵگەیەكە. ئەوەش یەكی تر! ئەم دەركە لە بەر دەمم قوت بۆوە. ڕەنگە پێشتر لەوێ نەبوو. یان باشتر وایە بڵێم لێم نەدیو بوو. ڕازی دەركەوتنی دەركە، سازكردنی كلیلە. ڕەنگە تا كلیل نەبێ، قفڵ نەبێ. دەركە نەبێ، پێچەوانەشی ڕەنگە وابێ.

بەرەو دەركە دەچم. هەڵوێستێك دەكەم. بۆ دواجار، چاو لە تەرمی سەركردەی گەورە دەكەم. بە دڵەڕاوكێ و گومانەوە، كلیل دەخەمە ناو قفڵی دەركە. دەركە بە قەرایی ئەوەی تەنیا خۆمی پێدا بچم، دەكرێتەوە. چاو دەقووچێنم، هەنگاو دەنێم. لاقم سست و لەرزۆكە، لە دووم نایە. بە هەر لەونێك بێ،‌خۆ لەو دیوی دەركە دەپەستێوم. ژێر پێم خاڵی دەبێ. لە بڵینداییەكی زۆر بەرزەوە دەكەومە خوار. دڵنیام كارم كۆتایە. ئێستا یان ساتێكی تر، لە عەرزی دەكەوم. هەپروون بە هەپروون دەبم. خوایا ئەوە بۆ ناگەمێ. بە ئاستەم گۆشەیەكی چاوم دەكەمەوە. دەبینم لە ناو بیرێك یان داڵانێكی باریك و پێچەڵاوپووچ كەوتووم، بە توندی سەر بەرەو ژێر دەڕۆم. توندتر لە هەموو ماشین و فڕۆكەیەك. ڕەنگە خێراتر لە نووریش. هەست دەكەم ساڵەهاتێكی زۆرە لە ناو ئەم داڵانە پێچەڵاوپووچەدا، سەربەرەو خوار دەخزێم. بیر لە یەكەم نووسەری ئەم كتێبە دەكەمەوە، سەركردەی شەڕی گەورە. ئەویش وتوویەتی، پاش گەڕانەوە لە شەڕی گەورە، ساڵەهاتێك بەڕێوە بووە.

ئەگەر هاتو ئەم ڕێگەیەم بە سڵامەتی بڕی، ئەگەرچی بڕواش ناكەم، منیش وەك هەموو ئەوانەی تر، سەربەهوردەی خۆم دەنووسمەوە. چەند لاپەڕە، بەشێكی تازە، دەخەمە سەر ئەم كتێبە سەیر و سەمەرەیە. بەڵام ئەوەی ڕاست بێ، تێدا ماوم، نازانم جنسی چییە. لە سەر چی بنووسم كە كتێبەكە دوو ڕەنگ نەبێ. دڵنیام، ئەمەش ڕەنگە قەدەر بێ. كاتی خۆی بگات، ئەو كەرەسەیەش دەكەوێتە بەر دەستم. لەوە دەچێ وردە وردە خەریكە خێرایی كەوتنە خوارم، كەم و كەمتر دەبێتەوە. ئەوە خەریكە بە تەواوی دەوێستم. چاوم دەنووقێنم. ڕەنگە ئەوە ڕۆحم بێ هەست بە وێستان بكات. ئەگینا چۆن ئەقڵ دەیبڕێ، پاش بەربوونەوە لە بەرزاییەكی ئاوا تووش و سەخت. مرۆ لە پۆڵاش بێ،‌هەپروون بە هەپروون دەبێ. ئەویش بەو تیژی و خێراییە!

ئێستا بە تەواوی دەوێستم.زات دەكەم، چاوم هەڵدێنم. لە شوێنێكی زۆر غەریب و نەدیو دام. شۆرەیەكی بەرز، لە پێش چاومە. ئەم هەموو بریندارە، برسی و كەلاكە، لە كوێوە پەیدا بوون. بڵێی پاشماوەی لەشكری تێكشكاوی كام شەڕ بن. سەیر ئەوەیە، ئەم دیمەنە دەڵێی دیمەنی یەكەم لاپەڕەی ئەم كتێبەیە. ئەو دەنگە نەگبەتییە دێتە گوێم. ئەو دەنگەی لە لاپەڕەكانی ئەم كتێبەدا سەدان جار ئاماژەی پێكراوە. خۆشم دەیان جار بیستوومە. ئەو دەنگەی بەردەوام هانی دەدام بۆ ترازان لە جەغزی خۆم. «بەر لەوەی مانگ لە دیواری قەڵا دەركەوێ، دەركێك لە ناو دڵی قەڵا بەدی دەكرێ. ئەگەركوو كلیلی دەركە دەسبكەوێ. بەختەوەر ئەو كەسەیە بێتە ناو قەڵا. دەبێتە هاودەمی ئێمە. دەبێتە دانیشتووی تێروتەسەلی هەتاهەتایی ناو قەڵا. دەست‌خستنی كلیل،‌پێویستی تەنیا بە شڵپێك خوێن و لاوێچێك خاك هەیە.»

بە خۆمدا دەپەرمووم. سەرم دوو سێ جار بە توندی ڕادەوەشێنم. بەڵكوو ئەگەر مێشكم شڵەقابێ، بچێتەوە شوێنی خۆی. بیر دەكەمەوە. لە سەركردەی شەڕی گەورە، لە نووسەری یەكەم لاپەڕەی ئەم كتێبە. لە سەركردەی گەورە، كە من بكوژیم. لە قەڵا، لە دەركە، لە كلیل، لە خوێن و چەقۆ و خاك. بیر دەكەمەوە. بیر لە گفتوگۆ. لە گفتوگۆی نێوان ئێمە و كەسگەلی ناو قەڵا. كە لە سەر ئەو شۆرە بەرزەوە دەڕواننە ئێمە. ئێمەی ئەمبەری شۆرە. كە برین و ماندوویی، برسێتی و سەرما، ڕۆحی هێناوەتە سەرلووتمان. ئێمەی بڕست لێبڕاو. بیر دەكەمەوە لە چۆنیەتی بەشداری ئێمە لەم گفتوگۆیە. لە چەندایەتی بەشی ئێمە، كە لایەكی ئەم گفتوگۆیەین. لە ڕادەی گوێ‌ڕاداشتنی دانیشتوانی ناو قەڵا، بۆ قسەی ئێمە.

بیرێكی تازە خۆی دەهاوێتە ناو مێشكم. پرسیارێكی تازە. چ دەبێ! لە بری سازكردنی كلیل، بۆ كردنەوەی دەركە، هەوڵ بدرێ بۆ خاپووركردنی دیوار؟ وەك سەرەتا، بەو شێوەی كە لەم كتێبەدا هاتووە، نەهێڵین بستە دیوارێك ببێتە پەرژین. ئەم چەقۆیە، تەنیا كەرەسەی بەردەستمە. هەوڵ دەدەم بۆ ڕووخاندی بەردی بناغەی ئەم شۆرەیە. ڕەنگە من یەكجار زۆر بچووك بم، بۆ ئەم كارە. گرینگ نییە. تەنیا بۆ ئەوەی كارێكم كردبێ، ناوێستم. ئەگەر بكەومە بەر هێرشی قیل و ئاوی كوڵاو. یان لە ژێر گابەردێكدا پان و فڵیچ ببمەوە. هەوڵ دەدەم.

سەیرە. لەگەڵ وەشاندنی هەر دەمە چەقۆیەك، پیتێك لە سەر چەرمی دڵم دەنووسرێ. وردە وردە پیتەكان ڕیز دەبن، دەبن بە واژە. واژەكان دەبن بە دێڕ. بە كاوەخۆ، سەر بەهوردەی من دەنووسنەوە. چەرمی دڵم دەبێتە لاپەڕەیەكی تازەی ئەم كتێبە. لێم ڕوونە، ئیتر لاپەڕەكانی ئەم كتێبە، دووڕەنگ نابێ. وەسیەت بێ بۆ تۆ. بۆ تۆ! كە ئەم كتێبەت دەكەوێتە دەست. چەرمی دڵم وەك قژەسەر، تاڵ تاڵ بكەی. بیكەیە ژێ. تەموورەیەك ساز كەی. كاسەكەی دار سێو بێ، دەسكەكەشی داری بەڕوو. دڵنیام هەر كەسێك ئەو تەموورەیە بژەنێ، سەربەهوردەی من دەخوێنێتەوە. سەر لەبەری ئەم كتێبە دەخوێنێتەوە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا