دوو شەقاو لەولا مۆدێرنەوە | سۆران محەمەد | شێعر

سۆران محەمەد

 

١. نزگەرەی بیگ بانگ

کاتژمێرەکەت بزر کرد
بیگ بانگ
سەعات دوانزەی شەو
نزگەرەیەکی لێدا
ڕانەچڵەکیت
کات، کاتی تۆ نییە
لە هەر کوچەو کۆڵانێکا
چاو دەگێڕی…
لە سۆمای چاوە زەردەکانی
لانەوازەکانا…
*
مرۆڤ
لە دەرەوەی کات
ئەبێتە باڵندەیەکی
پەرتەوازەی ڕەها
ئەبێتە ئیکۆی سەدایەکی بزر
لە قووڵایی شەوی دەیجوور
*
لە میترۆ خێراکە دابەزیت
ئاوڕێکی دواوەت دایەوە
شتێکت لێ جێما بوو
نەتزانی چییە؟
*
بە کاتی تۆ
هێشتا میترۆ نەگەیشتووە
هەرچەنده لە هەر وێزگەیەك
بە خەیاڵی گەشتن،
کۆمەڵێك ئۆغر
*
لە هەندێ جێ
کات بوونی نییە
چونکە هیچی تیا ناجوڵێ
وەك ئەم شیعرە
هیچ مرۆڤێکی تیا نییە
گیاندارانیش
سەراپا لە مرۆڤ هەڵدێن
*
هەمیشە هەست دەکەی
دەلاقەیەك
لە دیوارەکانا هەیە
بۆشاییەك
لە پاڵەوانی چیرۆکەکانا هەیە
وەك غەوارەیەك
لە بزربوویەك بگەڕێ
هەمووان
شتانێکمان ون کردووە
نازانین چیین!

 

٢. تابلۆی شەوگەرد

دەتویست بچیە دەرێ
دەرگاکەت توند ڕاکێشا
نەکرایەوە
لە تەلەفیزیۆندا دەرگای
ئەسانسێرەکانت ئەدی
لە خۆڕا دەکرانەوەو پێوە دەدران
بێ ئەوەی کەسێکی تێچێ
سەیری بنمیچەکەت کرد
شەوگەردێك ببوە تابلۆ
تەماشای دەکردی
زڕەی پیاڵە هات
بایەك بوو
لەپەنجەرەکەوە
هروژمی شکانی هێنا
ئاوڕێکی خێرات دایەوە
تەرمێك هێندەی ژوورەکە
لەسەر زەمین ڕاکشا بوو
پێش ئەوەی ئاوڕ تەواو کەی
تەرم نەما
وتت ڕەنگە
ڕێشکەوپێشکەی چاو بێ، دیتم
هێشتا دەسکی دەرگاکەت لە دەست بوو
دوا دڵۆپ
لە بەلوعەکەوە تکا
کەوتە سەر پلێتی مێشکت
زرینگانەوەیەکی بەرپاکرد
تەماشای دەرەوەت کرد
دارهەنجیرەکان وشك!
نەتزانی
پەیوەندی ئاو و گیان چییە؟

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا