ئامێری کوشتنی ترس | ئومێد قەرەنی

ئومێد قەرەنی

”ئایە دەترسێی شەوانە کە خەوت دەزڕێ و بە بێداریی دەیگوزەرێنی؛ هرسێک، خێوێک هەر دەعبایەک لە ژۆری نوستنەکەت سەراودووت بنێ و سەرەنجام لەسەر جێوبالینگانەکەت بتگرێ و سوارتببێ؟ ئایە لەو خەونە بێ ئەنجامانە دەترسێی کە ڕەگەڵ کراسە کورژ و چورچەکانت لە کونوقوژبنەکانی ژوورەکەت کەلەکەبوونە؟ سڵ لەو لەکە سوورانەی سەر پەردەی چاوانت دەکەیتەوە؟ ئەو چورچ و لۆچانەی لاڕوومەتەکانت کە لە ئاوێنەی سەرشۆرکەکەت سڵاوت لێدەکەن!؟


ئایە دەترسێی جارێکی دیکە رانەکان و لاقوونانت لە نێو کاوبۆیە دڵخوازەکەت جێیان نەبێتەوە؟ مەگەر ناترسێی جارێکی دیکە خۆشەویستانت نەبینیەوە؟ دەترسێی لەوەی نەتوانی جانتای گەشتەکانت ئامادەکەی؟ ترست لە تووشبوون بە نەخۆشییەکی کوشندەی بێ چارەسەر هەیە؟ داخۆ یادی رێزلێگرتنێکی شیاو دەکەی؟ ئەدی لەوە ناترسێی تاکە گرنگییپێدان کە لە لایەن بەرانبەرەکانتەوە هەستیپێدەکەی لە پای گان و رامووسان بێ؟ ترسی ئەوەت نییە رۆژێ لە ترسی بەڕێوەبەرەکەت گوو بەخۆدا بکەی نەکا لەپڕێکدا هەر لەو گۆڕەی و بە ئارەزووی خۆی گرێبەستی کارەکەت هەڵبوەشێنتەوە؟ ئەرێ دەترسێی کەروێتەکەت قووتتبدا؟ تەنیا و وێران و فەرمۆشکراوی، دەترسێی لە باوەشی پشیلان بمری و لە نێو ئەلبوومی دۆست و خزمانت ببیە یادگاریی؟ ئایە دەترسێی لەوەی کە دەترسێی؟


دەی واز لە ترسان و مەترسییەکان بێنە! هەر ئێستا و بە پەلە و بە یەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی تەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئامێری شۆڕشگێڕانە و داهێنەرانەی ”کوشتنی ترس” بە نرخی تەنیا ٢٩٩ دۆلار دەگاتە ماڵەکەت!


جوان و پوختەیە بە سێ ڕەنگ بەردەستە – سپی و خۆڵەمێشیی و ڕەش – بەکاربردنی ئاسانە و لە ڕووی ئابوورییشەوە گونجاوە، بە کارەبا و بە پاتری کاردەکا.. کە دەیکڕی دوو پاتری یەدەکیشی لەگەڵە، هەر کاتێ ترسەکان سەریاندەرهێنا و سەرەدیقانێیان لەگەڵ کردی یان ویستیان هێرشبکەن و تووشی هەر داخورپان و دڵەڕاوکێیەکت بکەن تەنیا ئەوەی لەسەر تۆ پێویستە پەنجەی دۆشاومژەی دەستی ڕاستت بخەیە نێو کونی نێوەڕاستی ئامێرەکەوە و سوویچەکەی سووڕدەی، هەر لەگەڵ گەیشتنی وزەی کارەبایەکە لە ماوەی پێنج خولەکدا ترس و دڵەڕاوکێیەکانت کەمدەکاتەوە.. ئیدی هێدی هێدی هەرچی ترس و نیگەرانییە دەیڕەوێنتەوە. دەتوانی ڕۆژانە سێ جار ئەو ئامێرە بەکارببەی، ئەگەر بەدڵت نەبوو مافت هەیە لە ماوەی ١٦ ڕۆژدا پارەکەت وەرگریەوە و ئامێرەکە بگەڕێنیەوە.

لەگەڵ کڕینی دوو ئامێر کۆمەڵێک چەقۆی پۆڵا و دامبۆکسی ناوازە وەک دیاری وەردەگری. پەلە بکە.. هەر ئێستا پەیوەندیی بکە! ئەو خستنەڕووە بۆ ژمارەیەکی سنووردار لە داواکاران کارا و بەردەستە!”.


لەسەر کەرەوێتەکە لەترێکی دا و ڕاچەنی، گڕی جغارەکەی بێ هیچ مژێک گەیشتبووە سەر پەنجەکانی دەستی ڕاستی و لە خەو و ئەندێشەی ناگەهانی دەرهانی. تەلەفزیۆنەکە کە نەیدەزانی لەسەر چ کەناڵێکە پڕوپاگەندەی بۆ کاڵا و ئامێرەکانی کۆمپانیایەکان دەکرد. مێزێک؛ قاوەیەکی ساردبووەوە و زەرفێکی پیتزا و دەبەیەکی کۆکاکۆلا و تەپڵەکێکی پڕ لە قوونکە جغارەی لەسەربوو، دەبێ بە درێژایی شەو جغارەی کێشابێ.. قونکەکانی دەژماردن. 


ڕێک ٣٢ ساڵ بوو، بەڵام ئامێری کوشتنی ترس لە هیچ جێیەک بەدی نەدەکرا! تەنیا تەپڵەکێکی پیسی تژی لە قوونکە جغارە! هەستا و دوو جار دەرکەی ژوورەکەی کردەوە و گاڵەیداوە و بە پەڵە دەستی دایە تەلەفۆنەکە بۆ ئەوەی داوای ئامێری کوشتنی ترس بکا بەرلەوەی ترسەکان ژوورەکەی بخنکێنن!

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا