دوگمەکان و درگاکان | فاتمە فەرهادی | شێعر
فاتمە فەرهادی
من
دوکمەکان و دەرگاکانم داخستووە
دڵتەنگم
وەکوو موومیاییەکی غەمگین
کە لە ئەشکەوتەکەی هاتە دەر
قژەکانی کردەوە
قژەکانی بەست
لە پاڵ ئاگردانەکە دانیشت و بیری کردەوە لەو ژنانەی
کە ڕۆژێ چەن جار لە پەنجێرەوە سەر ئەکێشن
عەترەکانیان ئەگۆڕن و
گوێ ڕائەگرن بۆ زەنگی دەرگا
رۆژێ چەن جار چا دائەکەن و سارد ئەبێتەوە
رۆژێ چەن جار بە دڵی تەنگ و چاوی تەڕەوە
ئەگەڕێنەوە نێو ئەشکەوتەکانیان.