ئەمئەویی | ئەنوەر عەباسی (هەرەس) | شێعر
ئەنوەر عەباسی (هەرەس)
.
شارەکانمان – ئەگەر-
بخەینە سەر یەک
لەوانەیە
دیوار بە دیواری بەرزاییەکانی بەیان بی
منیش بەرانبەرترم
لەم چارەنووسە بە تۆ
کەواتە جیرانین.
رەنگێکی تاڵ
لە بەستێنی کۆڵاندا
مێشێن دەکات و
برسییەتی دەباتەوە.
کەللا ماندووەکانی ئەمشەو
بۆ ماڵەوە
پاتۆڵە تۆزاوییەکانی سبەی
بۆ مەدرەسە
کە سەد قات لە قوتابخانە نەرمترە
وەکوو زمانی ئەم بازجووە لەوەیترییان
کە کود دەکاتە بن برینەوە.
تۆ میز دەکەیتە بن بیرەوەری
کەس چەلە ناداتەوە… ئاومە[1]
هەرچی میتە[2] هەیە
بە نێو عەرزدا رۆچوون
ساڵەهای ساڵ دوای هەڵوەشانەوە
هێشتا هەڵنەوەشاوەتە
یاسای پێنج خاڵی
لەسەر روومەتی درەنگ گەیشتنمان
نەخۆشە و پەسەندی دەکا
مامۆستا بە دوو مانا…
ئیتر هەناسەی بە بەرەوە نەماوە ‘بام’
کە ئەبێ بادام بێت
بە لێژەوە
ژیان
لێژە
کڵاوەکەی دەخا
داهاتووی دوور
تاڵە و
برسییەتی
دەیباتەوە سەر سنوور
بچوکە و بالا ئەکات
بە دەم کوێستانەوە
کە کەڵەگەد
چەن رۆژە لە ناوەوە[3]
رۆژی زستان درێژە لە ناوەوە
درێژ و زامیی تێکەڵ و کود
(شارەکانمان خستە سەر یەک و ئێستا جیرانین)
زستانە و لە ناوەوە
ناوەوە
بەتاڵترین شوێن لە ماڵ
تێیدا دەبێ گوڵ بگرێت
جاڕیی دەبێ ئاگر بگرێ
لە بن قامچی و
گوڵی بێتاقەت بگرێ
لە بن ئەو وشانەی کە ئەوەشێنرێن.
دیسانەوە برسییەتی
برسییەتیی سارد
ئێستا ددان
– کە بە زاراوەی ساردترین شاری گیانم دەبێتە دیان –
پێوەندییەکی لەگەڵ گیان هەیە
هەر ئەوەندەیە دەدەدەدەدەر… ناچێ
هەروا کە ئێسکی دەیناسۆرێک
کە رووتە لە چاڵ
لە چاڵی
رەشت ئەباتەوە رەق
پێدەدەدەدەکەنی
کە لە نێویش بچی
وەکوو دەدەدەدەدەیناسۆر
برسییەتیت ئەدۆڕێنی
ژیان خۆ هەر لێژ…
سەیری پێدەشتی پێستت دەکەم
کە سووتاوە رەش
کە کێڵراوە ناڕێک و
گوڵی هەرێز کە هێشتا تۆی
بنەبڕ نابی لە مەزرایان کە هەر ئێمەین
هەرچەن بە ژانیش
هەناسە بدە
هـــــا بکە گەرم… شا چەن جوانە
بە بێ سیگاریش
کاکەشان هەر هەیە
کە کێڵراوە ناڕێک و
وەشاندویانە تووی بێتاقەتیی
هەرێزە ئەبێ بتەنێ گوڵ
بێتاقەتی دەبێ گوڵ بگرێ
بۆ ناوەوە
ناوەوەی بەتاڵ لە ماڵ
ئێمە هەر هەرێزین و
شارەکانمان کە بخەینە سەریەک
نا بۆ گوڵی بێتاقەتیی
مەزرای تۆیە
تۆی لە ناوەوە
کە بەتاڵە لە میتە و ماڵ و
تۆیش دەزانی
کەس چەلە ناداتەوە…
دواجار کە سەیرم کرد
کەللاکەمان برسی و سارد
لەو کۆڵانەی کە جیرانین بزر
[1] کە بە منداڵی مێشێن (هەڵماتێن، کەلایێن) مان دەکرد، وەختی وابوو کەسانێک پوڵی زۆرییان دەبردەوە کایەکەیان بە جێدەهێشت. ئەو کەسانەی دیکە کە زۆر دۆڕابوون و هیواداربوون کایەکە درێژە بکێشێ هەتا قەرەبووی بکەنەوە، بانگییان دەکرد: چەلە چەلە ئاومە، هەرکەس نەییا گاومە (وەباڵی سێکسیزم و ئەخلاق و شتی تریش لە ئەستۆی خۆیان)
[2] میتە ئەو پوڵ یان سەرەپیپسییە بوو کە دادەکرا و دەبوو لە مێشێنەکەدا بە کەلا لێیان بدەی.
[3] لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باوە کە بە جێگای ئەوەی بڵێن لە زیندان بووم، دەڵێن: لە ناوەوە بووم.