شەو و شاعیرێک که خەوی نایە – حەمید ناسری / شێعر
حەمید ناسری
.
قەسەم بە تەنیایی شەو و شاعیرێ که خەوی نایێ
شایەتیمان تێرمە شان و ملی ئەوەی نایەڵێ شاعیرێ بێ شێعر بمێنێ
ئەوەی
ڕویشتنی شکاندە چاوی پەنجەرە و
تا بن مەلافەی پێخەفەکەی تەنیام
ئەشهەدوو ئەننە تەنیایی شاعیریش شێت ئەکا
ئەشهەدوو ئەننە تا پەنجەی پا ڕەقم
ڕقم
رەقەم مۆبایلەکەت ئەگرم
09تەنیایی
نۆسەدو بێکەسی ئەو شەوانەی باوشم بە مەلافەی پێخەفەکەما ئەکردو تا پەنجەی پا ڕەق بووم
نۆسەدو نەوەدوو ئەو شەوەی دایکت تڵیشان تا ڕۆژێ شاعیرێ شایەتیئمان بێرێتە شان و ملتا
شوێن چاوەکانت بکەوێ
شربتی از لب لعلت
و شل ببێتەوە سینەکانتا کاولی کا دایکت ئەیژێ
ئەشهەدوو ئەننە دایکم بە تڵیشاوی لە دایک بوو
خەتای من نەبوو
دەستەکانی باوکم نووسی
ئارەزووەکانیم لە بەر کرد
باوکیم نایە گیرفانم
و گونیشیم کردە ملم
خەتای من نەبوو
تا چاو کاری ئەکرد نیشتمان بوو
هەرچی هاوارم کرد
قیڕاندم
گریام
کوردی بوو
دەستەکانی باوکم کوردی بوو
ئارەزووەکانی کوردی بوو
باوکی باوکم کوردی بوو
باوکم گونیشی کوردی بوو
خەتای من نەبوو
ئەشهەدوو ئەننە دایکم بە زیندووترین زەخمی کوردییەوە لە دایک بوو
من لە زیندووترین زەخمی کوردی دایکمەوە لە دایک بووم
خەتای من نەبوو
تا پەنجەی پا کوردم
تا دەستەکانی باوکم
تا چاو کار ئەکا نیشتمانە
نیشتمان[۱] ژوورە بچووکەکەی ماڵ باوامە وا نامەتی لێ نابڕێ
دایکم لەوێ بوو بە ژن و
من بە شاعیر
قەسەم بە تەنیایی شەو و شاعیرێ خەوی نایێ
شایەتیمان تێرمە شان و ملی ئەوەی
شوێن چاوەکانی کەوتم
شربتی از لب لعلش
و ڕمیامە باوەشی
لە زیندووترین زەخمەکەیەوە تڵیشاندم
شاعێر نابێتە شوو بۆ کەنیشک من ئیمانم هەس بە شێعر و شایەتیمان تێرمە شان و ملی ئەوەی لە بن مەلافەی پێخەفەکەیا ئەم شێعرە ئەخوێنێتەوە و ئەگری گریان بە تامی کوردەواری گریان بە تامی دەستەکانی باوکی بە تامی تانە و تەشەرەکان دایکی گریان بە تامی مۆبایلێکی کەودەن وا نازانێ 09 هەرچێ بگرێ هەر تەنیاییە 09 تا بۆق ئەخوا هەر نیشتمانە و شاعیرێ خەریکە بە کوردی شێعر ئەنووسێ.
١- قەدیم بەو ژوورەی نانیان تیا درووس ئەکرد ئەوت ”نیشتمان”.
تێبینی: ئەم شێعرە لە ژێر کاریگەریی بەڕێز “شوعەیب میرزایی “و ”لا ئیلاهە ئیلا ژن و ژانی پریۆدی” لە کتێبی ”تارانەکانی ئەم پێسته ئێش ئەکا”دا نووسراوە.
سپاس
بژی مامە حەمید گیان و پێنووست بەردەوام
سپاس باوان گیان