ناسنامەی ماسییەکان ون مەکە کاپیتان!

یونس ڕەزایی
.

بەستێن پڕە لە هەواڵی ماسیگرە دەگمەنەکان
کە بەهەڵکەوت لە سەر کڵاوی کاپیتان دەنیشنەوە
بەستێن بەتاڵ لە پاپۆڕێکە عاشق بێ
.
دەریاش کۆتایی نییە تا دەگاتەوە ئاسۆی دەستەکانت…
کە قووڵ قووڵن لە برین دا
.
بگمێنە بەشکوو دیوارێک لە نەریتی ماسی دا…تا دەرفەتی داڕمان
بخوێنە لە گوێن ناسنامەیەکی ون…تا دوا وێردەکانی باران
نم نم …لەگەڵ گوڵەکانی دزێوی
لە کۆشت دا

کاپیتان! لە دەراوی شەقامەکانم
ماسییەکی زەبەللاح مەدۆزەوە تکایە.
ئێرە با بەستێنی ئەو دیوارانە بێ
بە دەوری پاپۆڕەوانێکی پیرەوە …دەمرن
له‌و دیو میله‌کانه‌وه‌ گوڵدۆزی نه‌خشه‌یه‌کی جوغڕافیا ده‌کا.
.
لە دەراوەکانی دەستت دا من ماسییەکی تەوەڵلا
پاپۆڕی خۆت کە چارەنووسی منیشە
بە سنوورەکانی هیچ دا
سەوڵەکانیشت خێراتر لە باڵی ماسیگرەیەک
کە لە شێعرێکی تینوودا هەڵوەدا.
.
دورگە پڕە لە ئایندەی چاوەکانت..
لە دوو ماسی بە پڕسپێکتیوێکی تاڵەوە
.
دوورگە دوور نا…لە ئوختاپووسێکی شەرمن
کە شوورەکانی بەرز و بەرزتر…بە دیار شیعرەکانی منەوە
پێیەکانی پێخەفی پاپۆڕەوانیکی غەریب لە تۆ
که‌ مان ده‌گرێ له‌ خوێن
.
کاپیتان بمبوورە له‌ دڕنده‌یی
بمبوورە لە خەونی ماسییەکان
لەو شیعرەش کە ئاکواریۆمێکی برسییە.
.
تا سبەینی مەلە دەکەم لەچاوت دا.
.
وەێرژێنێکی دی لە دەریا دەکێشمەوە
یەکی دیکەش لە ئۆختاپووس کە میهرەبانانە گوم دەکا زەمانمان.
.
بوڵوارێکی دی لە زەمان دەدۆزمە
یەکی تریش بە ناوی “راوی قزل ئالا لە کتێبەکان”دا
.
تۆ خۆت بە شەپۆلێک مەسپێرە
ئەلف و بێی داری ناسیبێ
متمانەش نا بە ئامریکا…کە پاپۆڕەکانی پڕ لە دڵەڕاوکێی ماسی
پڕ لە ئاڵای چەتەکانی دەریا..کە مەستن
.
تۆ هه‌ر ژنێک بە له‌و شێعره‌دا! کە دایکی منە
ویرژێنێکی تازەش لە زام
بە شوێن بابم دا…کە سوورەکان دەزانێ
بۆ وێنە ئەگەر پاپۆڕەکەی ون بووبێ لە رکەی بووکێکی دەریایی دا
ون بووبێ لە گورگێک دا…بە شەپۆلانی لەشییەوەنا…کە شەوە
بە ئاژیرەکانی چاوییەوە کە بەردەوام
“دۆخی نائاساییم نیشان دەدەن”
.
بیسەرانی ئازیز ئەو دەنگەی کە ئێستا دەیبیستن
دۆخی تاریک نیشان دەدا
فانووسی دەریایی وەبیر خۆتان بێننەوە
کەشتی تایتانیک بە سەمای ویۆڵۆنەوە
.
رۆڵی ماسییەک بگێڕن… کە دەستەمۆی کارەساتە.
.
لە سەر رەوەزەکانی ئیسقانم
یادگارییەک بنووسە…کاپیتان.
بەرە بەرە بەستێن پڕ دەبێ لە قاژوو
هه‌واڵه‌کانیش له‌ بادا…له‌ تیراژی باڵنده‌دا…
.
لەنگەر لە لەشی پاپۆڕی هیچ بکەوە
روو لە ماسیگرەکان کە
چاوت مەترسی ماسییەکان دەناسێ.
.
دەستەکانت بە زامی شەقام بسپێرە
من نیگەرانی تۆ و دیوارەکانی سبەینێم.
دڵەدوای پیاوێک لەوبەری میلەکانی بەندیخانەوە
تەسبیحەکانی ئوختاپووس دەبژێرێ.
.
بیسەرانی ئازیز! ئەو شیعرەی ده‌یخوێننەوە ئێستاکە
دۆخی سوور نیشان دەدا
بە کاتی دوێنێ…
جگەرەیەک داگیرسێنن و ماسی ئاسا تا شەقام
بەستێنێکی دی بدۆزنەوە بۆ باران.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا