تارانەکان دەگاتە دەستی خوێنەران
هاوچەرخ
حەفتەی داهاتوو کتێبی شێعریی تارانەکانی ئەم پێستە ئێش ئەکا، بەرهەمی شاعیری هاوچەرخ شوعەیب میرزایی بە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان دا بڵاو دەبێتەوە. دیارە دۆخی هەنووکەیی بەرهەمی پەتای جیهانگیری کۆڕۆنا ڕێگربوو لەوەی کە ئەم کتێبە (کە لە باشووری کوردستان چاپ بووە) لە کاتی خۆیدا بگاتە کتێبفرۆشییەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بەڵام ئەمڕۆ ئاگادار بووینەوە کە سەرنجام تارانەکان هاتووەتەوە و بەمزووانە دەگاتە دەستی خوێنەران.
لێرەدا دەقی پێشەکی ئەم کتێبە کە باشتر باسی بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە بۆ خوێنەرانی هێژا دادەنێین و هیوای سەرکەوتن بۆ کاک شوعەیب دەخوازین.
کتێبی تارانەکانی ئەم پیستە ئێش ئەکا لە ساڵی 1395 ـەوە کە نووسینی تەواو بوو ، یەکەم جار لە لایەن خۆمەوە بۆ وەرگرتنی موجەوز چوو کە پێنووسی سووری سانسۆر( 127) شوێن لە دەقەکەی وەک تیپەڕاندنی هێڵە سوورەکان دەست نیشان کردبوو . دوای ئەو نامەیەی کە بە دەستم گەیشت ساڵی( 96) دیسان بە ئیدیتێکی ترەوە و ئەمجار لە لایەن چاپەمەنی ئەهوورا نێردارا بۆ موجەوز کەدیسان دوای چوار مانگ چاوەڕوانی بینیم( 63) شوێنی دەقەکیان بە تێخی سانسۆر بریندار کردووە . ئەمە لە حاڵێکدایە کە چەند جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە هەواڵی چاپی کتێبەکە بڵاو کرایەوە و هەروەها دواتر هەوڵم دا کە لە چاپخانەیەکی شاری سنە کتێبەکە چاپ بکەم کە بە هۆی نەیاریی بڕێ کەسەوە لە چاپخانە بەر بە چاپی کتێبەکە گیرا . هەرچەند لەو ساڵەوە دووجار هەوڵی ئەوەم دا کە بتونام لە باشوور چاپی بکەم و مخابن دوو چاپەمەنی بە ناوبانگی سلێمانیە لە بەر ئەوەی بەشێ لە دەقەکە بە زمانی فارسی نووسراوەو گریمانەی ئەوە هەیە بەردەنگی نەبێت و تووشی خەساری ماڵیان بکات لە چاپی کتێبەکە پاشگەز بوون . جاری ئاخریش ئەمساڵ لە لایەن نەشری باشوور نێردرا بۆ ئیرشاد کە ئەمجارە دوای سێ مانگ چاوەڕوانی رایانگەیاند کە کتێبەکە بۆ چاپ بە گشتی راگیراوەو ئیجازەی چاپی پێ نادرێت .
شایانی باسە کە لەو چوارساڵەدا بەشێکی زۆری شێعرەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکاندا بڵاو کراوەتەوە و لە ساڵی 2018 لە کۆڕی یەکیەتی نووسەرانی هەولێر و بنکەی “روودی” تاران خوێندرایەوە و کۆڕی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی بۆ دانرا .
لە کۆڕێکا گوتبووم بۆ شاعیر وەختێ دەقێکی شێعری نووسینەکەی بە هەموو ئازار و چێژەکانیەوە تەواو ئەبێت وەکوو جەنازەیەک کەهێشتا لە قەبریان نەناشتبێت وایە و تا چاپ نەکرێت و نەخرێتە بەردەستی خوێنەر رۆحی ئەو دەقە/جەنازە سەرگەردان و خەمۆک و شێت سات بە سات و شوێن بە شوێن لە گەڵ شاعیرەکەدایە و هەردەم هانی دەدا هەر خەریکی لەشی سارد و گۆشتی پەتی ئەو جەنازەیەدا ژیان بکات و ئەو رۆحە نەسرەوتە ئازاردەری رۆح و دەروونی نووسەرەکەیەتی و وازی لێ ناهێنێ . بەڵام کە دەق/ جەنازەکە لە قەبر نرا/ چاپ کرا ئیدی نووسەرەکەیشی هەناسەیەکی راحەت ئەکێشێ و وچان ئەگرێ و هەواڵی قەبرەکەش ناپرسێ و ئەوە خوێنەر / رەخنەگرەکەیە کە بۆ خۆی بە سەردانی ئەو قەبر/ کتێبە و ئیحزاری رۆحی ئەو جەنازەیە ئەکا و نووسەرەکە لە دەست ئەو رۆحە نەسرەوتە رزگار دەکا و دەرفەتی پێ ئەدا تا خۆی سەرقاڵی شێعر/جەنازەیێ تر بکات .
بۆ من چوار ساڵی رابردوو دەقی تارانەکان ئەو جەنازەیە بوو کە لە بەر نەگرتنی موجەوز و چاپ، رۆحە یاخی و شێتەکەی ، ژیانی لێ کردبوومە تارماییەک کە نە رێگای پاشەگەز بوونی بۆ هێشتبوومە و نە رێگای دەرچوون و خۆ شاردنەوە و گۆڕستان نەما سەری لێ نەدەم بەڵکوو قەبرێکم بدەنێ تا کوو جەنازەی ” بۆ کردوو” ی لە خاک بنێم .
ئێستا و ئەمڕۆ لە ژێر گووشاری دەروون و رەوانی کڕۆنا گرتووم و گرتووی سنە لە لایەن چاپەمەنی خانەی رۆنان هەواڵێکی دڵخوش کەرم پێ گەیشت، کاک جەبار سابیر بەرپرسی ئەو چاپەمەنیە رایگەیاند کە کتێبە چاپ کراوەو و دوای لاچوون و نەمانی قەدەغەکانی کڕۆنا و کرانەوەی سنوور کتێبەکە بە فەرمی بڵاو ئەکرێتەوە.