کچێکم بە لای دونیاوەیە، بمداتەوە دەفڕم

دانا مەنووچهری

.

هاکا
بەینێ تر بوومە شاعیر و
لەم جادانەدا
بە دەم شیعرێکەوە پێت گەیشتم
هاکا
ئێوارەیەکی پاییز
بە سەر گەڵایەکدا تەمەنم هەڵوەرا
زه رد زه رد

یان
هاکا بە دیار شێتێکەوە هەڵوەریم لە پەنجەی جگەرەیەک
یاکە لێوی نابەڵەدێ
چ فەرقێ ناکا بە دەردم
تۆ فەرقێک بکە
یان لە خۆت یاکە زوڵفێنت
هەرچی نەبێ
عاشقترم لەو پیاوەی لە ئەغیار چێ و
بە رێی کۆڵانەوە خەجڵ
نەچێ
تا بەڵکە سەرشێتی نەجاتی با
بڕوا و ئاسوودە …
کەچی … دامام و فەرسوودە
کە بڵێم و دەرەک
بە یەغما چێ هەرچی لە تۆ
ناچێ
ناچێت
ئەو بۆنەی لە لەچکتەوە لێم ئاڵاوە
ناچێ ئەو دەستەی لە گەردنت جێماوە
ناچێ و دەرەک لەو دەستەم
بە دیار تاڵێکتەوە نەمێنێ
ماتڵ
عاقیبەت رۆژێک دادێ و
منی گوناح
لە فنجانێکەوە بەختێ بنۆشم
ئەوسا بۆم
عارەقێکە و ئایەتێک
هەر دزە نیگایەک
عاقیبەت دێت ئەو دەمەی
بەرانبەر کورسیەک خۆم ببینمەوە کاول
ئەوکات لە من
پێکێکە و شەرمێک
گەر نەشبوو
بەچاوی تۆ قەسەم هیچ نادوێم
لەو شەوانەی بێ هۆ کردم تەی
نەمگرت بەی
لە تای بەندی سوت…
زوڵفێکەوە
لە ئێستەوە
شەهامەتی عاشقی دەبارێنم
بەسەر پێدەشتی
ئەم پاییزە دێروەخت و نالەبارەوە
ئیتر ناترسم لە خەزان و عاقیبەتەکانی
مەگەر چاوم لە تۆ بێ و
پیاسە و
پاییز و
پاڵتاوێک و
منێکی بێ خەبەر لە خۆ و وەرزی دڵدادەیی
عاشق بوونیش درەنگان نازانێ
نازانێ
ئاشێکی گەڕۆک
ماندوو
خوا گەورەترە لە ئاشەوانێکي زانايش
بە توون چێ
هەرچی لە تۆ ناچێ
کە درۆزنی ئەم شاعیرە بەستراوە بەم شارەوە و نامزانی
نازانی
کە گەڵایەک دادەچڵەکێ
من رەنگم زەرد ئەگەرێ
کە بایەکی ناوادە و بەرەو پاییز هەڵدەکات
من خۆم ناگرم بە زەوێنەوە
کە بارانێک دەگری
هەر ئەوە نییە دەهری بم و هەڵێم
بەم دێرە پاییزیانە قەسەم
تا کە چەترێ دەبینم
لەوانەیە تەڕ بم و بێ حورمەت
ئەم پاییزە درەنگانە
بەدەم چڕ وەرانی گەڵا و
بارانەوە
نە…
خۆم باش دەناسم
زەحمەتە عاشق نەبم
زەحمەتە گیان دەربردن
زەحمەتە … زەحمەت نەدۆڕان
مەگەر خوا خۆی…
ئەویش فریای نەما پێمەوە
ئێستاکە و لێرە بەدواوە ئیتر
دیوارە
دیوارێ بە ملی وردی دارووخا
پاڵم بە پاڵیەوە مەست
قورسایی دەکات خەیاڵی نەبوونت
بەسەر ئەم زەوینە سەرشێتەوە
چ بگات بە من و دیوارێکی ناچار
لێرە بە دواوە
ناچارم هاوار بکەم
گەردوون
تۆخوا منداڵیەکەم بدەوە
ئەم جەنگە نابەرابەرە و منی شێت
بەرگە ناگرم و
دۆراوم

ئیتر دەست پێ دەکەم
(بۆ خزمەت
حەزرەتی گەورەمان و هەموو جێگرەکانی…
ئەو کاتەی
دوو دەستم بە دیار ئاسمانیەوە ماتڵە)
: مەرحەبا
لێرە پیاوێک خەرابە و دەهری
بۆ خۆی کەسێکە و
لای ئێوە ناکەس
لێرەت پێاوێ دەستەو ئەژنۆیە
بۆ تۆ خەلیفەیە و
لای خۆی دەستەو دامێن و
بێکەس
پێاوێک کە کچێکی بە لاتەوەیە
بیدەیتەوە
هیچمان لە هیچ تا مردن
نەمدەیتەوە
حسێبی من و تۆ بە قیامەتی خۆت
شتێکمان دەمێنێ
تا من و بەر دیوانی خۆت
منی رووخاو
تا نەم وتووە و بزانە خۆت
ناخوداکان وەشاندیان
ئیتر تۆ چی بڵێم بەرەو خۆت
فەرقێ بکە
بەلای خۆتەوە تۆ خودابوویت و تەنها خۆت
ئەوان ناخودا
منیش بێ خودا و خودی خۆم

[ لە پڕ غەزەب دێ ]غەزەب: سەختە
داماویەتی بڕژێ لە پیاوێک
ئەو شەوەی تا درێژتر لە هەر شەو درێژەی بوو شەو
تا سەری ئەوسەری شەو
کێ بوو ئەیوت سەرگەردانی رژاوە
بە باڵای حاڵی هەمێستای مندا
یادی کەنەوە
تا نەڵێم
دەینی ئەم شیعرە بە لێوی گشتمان
تا یەومی نەفقی سوور
تا
تاتای زوڵفی ئەو کچە بژمێرم شاعیرم و
ئەم شیعرە بە دەرەک
فیدای تاوێکی بێتاقەتیەکانی دەمەو عەسرانەت
یا کە پەیکێکی مەستانەت
ئاورێک بەستە
بۆ ئاوەدانی ئەم وێرانەت
کورە هەر هیچ نەبێ وەیلانەت
لەپڕ وڵامی دەڵێ:
رەحمەتم بۆ تۆ بێ
لە بیرمە
دەستت دابخە و بەسکە ئەم تەمەنا
بە خۆم قەسەم چارت لێم ناچارە
بێ خەبەران چی دەزانن لە گەرۆکی گەردوون و
کەشکەک مەرحەبا
کامە کچ؟
من نەبووم
سڵاوات بە باڵای خۆت و
دەرد
ئیتر بەسە
تاقەتم نەما لەو کچە سپیانەی دەرۆن و
دەرەک
نەتخوێندەوە وتم
ئەوێ دەشتی مەوعوود بوو
پەیمانێک لە من و
ئەوەی ژیا
جێی ئەو فەرزانەی فەرزیی بوون و هیچ
من : ئەی دەرەک
لە قەزا و هەمووی قەدەرەکانت
با لە دەنگی جەماوەرەوە
تا رەنگی کەماوەر
نەڵێم… دەسا… هاوار
ئەو کچەم بەرەوە و پاک لە پاک
ئه گينا…

جارێکیان باوکم وتەنی:
بەرلەوەی بمریت بمرە
نامرە ئەو کچە و
دۆعای تەمەندرێژی بۆ هەناسەکانی بەر پەنجەرە و
قەرەوێڵەیەک لە جۆری جێهێشتن
لێرەدا ناخوات
کە ئێرە گەستەخانەیەکە
لە باشووری چوارگۆشەی سەرزەمین و غوربەت
دیوارەکانی پڕن لە ئەستوونێ
لە ماڵانی شارەوە هاتوو
سیمای لە خەفەت ئەچێ و
بۆنی گریان دات ئەگرێ
نەتگەزێ رەبی
ئێرە تا چاو دادەخرێ
چاوەڕوانی باش بوون دەکەین
میحنەت دەزانێ
چۆن لێرەوە بە گژماندا بچێ
کە دەستێک هەڵدەبڕین
ئاسمانە و ئەستێرەمان دادەخات
جاری واش هەیە
کە تەمەنایەک دەگرین
ئەو رواڵەتی پیاوێکی عەبا پۆشی
ڤژ کاڵی
دەموچاو نوورانی وخەندانمان
بۆ بەرێ دەکات
لێرە
کتوپڕ ئامبوڵانسێک
دەنگی هەموو قومریەکانی حەوشەو
بانگە سەڵای ئێوارانی گەرەک دەشێوێنێ
ئامبولانسێک کە خۆی وتەنی
مەعموورە و مەعزوور
کەچی زۆرتر مەغروورە و مەخفوور
پڕە لە هەناسە بەجێماوەکانی ئاە
لەو سووچەی ترەوە
پیاوێکی سپی پۆش و شتێ لە گۆی
زانا له دەرد
وەک حەزی لە دەنگی دڵ و
چۆڕاوی لێدانی بێ
چرکەیک گوێ دەگرێ
بە سنگی ناخۆشێکمەوە و
لە بەر خۆیەوە ورتەی دێ و
گۆرانیەکم بیر دەخاتەوە
هەی نایە نایە
چارەی دەردی ئەو نایە
ئەو بەو داخەو و دەروا
من بەم داخەوە دەمێنم

[ نازانم بۆ لە بیرم ناچێتەوە
کچێکی بردووم دونیا
نەمداتەوە
تێکتر دەچین]

ناهێڵن
دیوارە ناچیزەکانی ئێرە ناهێڵن
تاوێک بە پاڵیانەوە بحەسێیتەوە
ناهێڵن
ناتهێڵن رەنگە خەفەتیەکانی ئێرە ناهێڵن
چین ئەو هەموو چاوانەی ماندوو
تەڕ
پڕ لە ئەفسوس بەرێم دەکەن و
نامهێڵن
چییە ئەو ئامبوڵانسەی
بە ملی وردی
لێرە بە دواوە دەمبا
تا خۆڵی دونیا بە سەرما بکا
تا دوور برۆین
بژین تەنها نەژین باش
تا بمان گریەنێت
تا تاتای زوڵفی یەک ئیتر نەژمێرین
مەرگ بۆ هەرچی ئامبوڵانسە
مەرگ بۆ ئێمە هات و
سیمای لەو دەمانەی میحنەت دەچوو
بەڵێ کورم
ئەوەی مرد دایکت بوو
هیچم پێ نەکرا
کە هاتینەوە ئێمە مات و
باوەشێک نەبوو بتگرێتە خۆی
سنگێک بۆ ئارامی
خەونێک نەمابوو بیبینین
خەمێک نەماوە نەیچێژم
لێرە بەدواوە دەبمە شاعیرەکەی لەیل
ئێرە گڵکۆیەکی هەمیشە باوانە
سەرم بەم خاکەوە
سەرسام
مەبهووت و تەنها
دونیا دەبێتە دوورگەیەکی خۆی
منێ سەرم سەرباری ژیان
دڵم بە کوڵ و چاوم بە گریان
دەستێ هەڵبراوە بەرەو ئاسمان
ئیتر
لەم شارە دەبمەوە میوان
هەمان غەریبەکەی رۆژی یەکەم و جاری جاران
ئاخ لە دەبڕان
لە کۆتایی و خەونێکی کەنار غەریبستان
ژیان ئاوابوو کوڕەکەم
پر لە هەناسەکانی دوور بوونەوە
غەمت نەبێ تاقانە
ئێوارانی ئەم دارستانە لەعنەتیە
دیارە لێمان
ئەی لەعنەت لە ئێوارەکانی
ئەم دارستانە لەعنەتی و بێدەنگە
كه دياره ليمان
کە بیرم ناباتەوە
کچێکم بە لای دونیاوەیە
نەیدامەوە و
عاقیبەتمان بە خۆی و
بمبات
تەواو…

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا