جێگۆڕکێی”شت”ەکان لە چیرۆکێکی هەڵماویدا!
ئاوڕێک لە چیرۆکی سییەکانم -ی ڕەسووڵ موحەمەدی
سۆران موحەمەدی
.
ئەگەر بە شێوەیەکی پێکهاتەیی و هەروەها وەکوو یەکەم قۆناغی ڕەخنەی دەروون ناسانە بڕوانینە ئەم چیرۆکە، پێم وایە دەبێ سەرەتا بە شێوەی دەروون شیکارانە بیخوێنینەوە؛
هەرکات منداڵ بتوانێ بەسەرکەوتوویی قۆناغی ئۆدیپی تێپەرێنێ، ئیتر ئارەزووی جێنسی بۆ خاوەنی دژە ڕەگەز ناکات. بە شێوازی قسە کردنی کەسایەتی بۆمان دەرئەکەوێ کە ڕەگەزی “کوڕ’ە و لە گرێی ئۆدیپی دەرباز بووە و زیاتر بە باوکییەوە خووی گرتووە. واتە ئەو ڕقەبەرییەی لە منداڵی کوڕدا هەیە کە وەکوو ڕەقیبێکی عیشقی بڕوانێتە باوکی، نەیماوە و بگرە بە پێچەوانەوە ڕقەکەی بەرەو لای دایکی بردووە. بڕواننە ئەم بەشەی دەق: “ئاخ چەند حەزدەکەم هەستم خۆم باوێمە باوەشی. دیسان ببمەوە بە مناڵەکەی جاران. سەر بکەمە سەر رانی. ئای خوایە چەندە تامەزرۆی ئەو دەستانەم. چەند حەزدەکەم دەست بێنێ بە سەرمدا و گۆرانیم بۆ بڵێ و منیش ئەوەندە بگریم تا خەو دەمباتەوە. ” واتە ئەو خواست و ئارەزووانەی کە ڕەنگە خولیای منداڵانە بن، بۆ گەڕانەوە بەرەو باوەشی دایک، کەسایەتی سەرەکی چیرۆک لە باوەشی باوک دا وێنای دەکات. ئەوەی لێرە جێی سەرنجە سڕینەوەی دایک، لە ئاستێک دایە کە لە چیرۆکدا ئاوا ناوی براوە:
“خانمی ژنی – ژنەکەی – خوشک و براکانم لەگەڵ دایکیان – تف لە ئێوەش و لە دایکیشتان”.
ئەو رۆژنامەی کە دواتر بۆمان دەرئەکەوێ “سیی” کەسایەتییە” لێی دڵنیایە کە رۆژنامەکە هی سی و چند ساڵیک لەمەوپێشە.” و ڕەنگە تەمەنی کەسایەتی پیشان بدات وەک چۆن دەڵێ بیست ساڵە باوکم مردووە و کاتشوێنمان بۆ دەرئەخات.
“بریا هەروەک باڵا و دەست و پێ و چاو و برۆ و ئەندامەکانی دیکەی لەشم، سییەکانیشم لە باوکمەوە پێ بگەیشتایە.”
واتە ئەو سییانەی لە دایکەوە پێ گەیشتووە بۆیە ئارەزوو ئەکات:
“خوزگە ئەو رۆژنامەیە فرێ بدات و بێت پێکێکم لەگەڵ بخواتەوە.”
و باوکیشی لە بەر ئەو بۆگەنەی لە رۆژنامەکە هەڵدەستێ “جارجار بە بێزەوە ناوچاوە مێهرەبانەکەی گرژ دەکا”. رۆژنامەیەک کە لە ئەسڵدا سیی کەسایەتییە و تەنیا ئەندامی لەشیەتی لە باوکی ناچێ و ئەنجام باوکی پارچە پارچەی دەکات و لە هەڵمێکی شیندا دەتوێتەوە.
دوایین بەش و بە ڕای من بەشی زێڕینی چیرۆک، وەکوو چیرۆکەکانی “ئالێن پۆ” مت و سەرساممان دەکات:
دایک دەبێتە بووک (جلی بووکی لەبەر کردووە و دەستی کردووەتە ملی زاواکە) و کوڕ (واتە کەسایەتی بگێڕەوە) بە جێی کوشتنی دایک، سییەکانی خۆی دەردەهێنێ، پارچەپارچەی دەکات (ئەو تاک ئەندامەی کە لە دایکی دەچیت) و بۆی فڕێ دەداتەوە و خۆی دەبێتە هەڵمێکی شین و بزر دەبێ…
واتە باوکی ڕقی خۆی بە جێی ژنەکەی بەسەر سیی کورەکەی خاڵی ئەکاتەوە کە تەنیا شتێکە نەچوەتەوە سەر خۆی و لە بری ئەوە بزڕ دەبێ.
کوڕەکەیشی هەروەها، ڕقی خۆی بە جێی دایک، بە سەر جێنشینی دایک واتە سییەکانی خۆیدا، دەڕێژێت و پارچە پارچەی دەکات..و وەکوو باوکی قوتار ئەبێت.
لە کۆتاییدا دووپاتی ئەکەمەوە ئەگەر وەکو پێکهاتە چاوی لێ بکەین، سیی بووەتە مەجازێک بۆ گشتێتی کەسایەتی بگێڕەوە و لەو لایشەوە بووەتە خوازەی دایک لە سەر هێڵی جێنشینی یاکۆبسێنی. ئەم چیرۆکە دەکرێ بە ڕوانینی لاکانی و دەستە و پێوەندییەکانی دەسەڵاتی دایکیش بخوێندرێتەوە…
رۆژنامە(سییەکانی کەسایەتی) — پارچە پارچە بوون(بزر بوونی باوک) —- سییەکانی کەسایەتی(خوازە یان نوێنەری دایک) —- پارچە پارچە بوون(بزر بوونی کوڕ)