سییەکانم
ڕەسووڵ موحەمەدی
.
باوکم لەسەر مۆبلەکە دانیشتووە. رۆژنامە دەخوێنێتەوە، یان باشتر وایە بڵێم چاوی تێبریوە. هەڵمێکی بۆر لە رؤژنامەکە هەڵدەستێ کە لام وایە بۆنێکی ناخؤشی لێدێ، چونکوو باوکم جارجار بە بێزەوە ناوچاوە مێهرەبانەکەی گرژ دەکا. ئەی بۆچی لای نابا و شتێکی تر بخوێنێتەوە؟ نازانم.
تەرێق دەبمەوە، لەبەرچی؟ نازانم. رەنگە لەبەر ئەوەبێ کە خۆم بە تاوانبار دەزانم کە ئەو هەڵمە بۆرە بۆگەنە لە رۆژنامەکە هەلدەستێ. من تاوانبارم؟! بۆچی؟ نازانم.
سەرەڕای ئەوەی کە لە دوورەوە دانیشتووم، دڵنیام کە رۆژنامەکە هی سی و چند ساڵیک لەمەوپێشە. چۆن ئاوا دڵنیام؟ نازانم. هەر کاتێک دەکۆکم سەری هەڵدەبڕێ و بە جۆرە نیگایەک لێمدەڕوانێ کە لێی ناگەم. خۆشەویستییە؟ لۆمەیە؟ بەزەییە؟ نازانم.
بەخوا ئەم ئارەقەیش تامێکی ناخۆشی هەیە. ئەوە ئیتر با داخی ئەو کۆکەیەش بوەستێ.
خانمی ژنی دیسان بۆ زەماوەن چووە. دەنگی دەهۆڵ و زوڕناکەی دێتە گوێ. هەردووکمان لەو دەنگە بێزارین. ئەوە نییە دەنگەکە باوکیشمی پەست کردووە و لە داخا رۆژنامەکە هەڵدەگڵۆفێ؟ سەیر ئەوەیە کە هەڵگڵۆفینی رۆژنامەکە کۆکە دوابڕاوەکەی من زیاتر دەکا. با پێکێ تریش هەڵدەم. بەلکوو تۆزێ لە ئازاری سییەکانم کەم کاتەوە، ئەگەرچی دەزانم بێ کەڵکە.
بریا هەروەک باڵاو دەست و پێ و چاو و برۆ و ئەندامەکانی دیکەی لەشم، سییەکانیشم لە باوکمەوە پێ بگەیشتایە. خوزگە ئەو رۆژنامەیە فرێ بدات و بێت پێکێکم لەگەڵ بخواتەوە.
پاکەتی جگەرەکە کەمی تیا ماوە. ناوێرم بچمە دەرەوە و پاکەتێ تر بکڕم دەترسم تا بێمەوە لێرە نەمابێ. نەء. قەیناکا، دەست بە جگەرەوە دەگرم. با کەمتریش بکۆکم هەرچی دەکۆکم باوکم زیاتر تێکدەچێ. دەزانم دەنگی کۆکەی من و دەهۆڵ و زوڕناکە شێتگیریان کردووە. ئەی بۆ هەڵناسێ بچێ ژنەکەی بە قژ بهێنێتەوە؟ حای! سەڵا لە ئەقڵی منیش! چۆن شتی وا دەبێ؟ ئاخر باوکم بیست ساڵ لەوەپێش مردووە. چۆن بچێت؟ نازانم. کوڕە مردنی چی و شتی چی؟ ئەوە نییە بەرانبەرم دانیشتووە و رؤژنامە دەخوێنێتەوە؟ سەیرە! مردوو چۆن رۆژنامە دەخوێنێتەوە؟ نەخێر سەیر نییە. نەمردووە و ئا. ژنەکەی وادەزانێ مردووە. کوڕە چاوی دەرهات با هەر وابزانێ. ئیشەڵڵا کاتێکت زانی هەناسەی چەقییە قورگی. خۆزگە لە گەرمەی شاییەکەدا تەنگەنەفەسییەکە بە خزمەتی دەگەیشت و لە زەماوەن دەکەوت. جا کوا؟ همم! قسەی قۆڕ! ئەوە چۆن دەمرێ؟ تابێ بەگوڕتر دەبێ.
ئائا! دەڵێی باوکم تاقەتی نەما! دیسان بە شێوەیەکی سەیر لێم دەڕوانێ. ئاخ چەند حەزدەکەم هەستم خۆم باوێمە باوەشی. دیسان ببمەوە بە مناڵەکەی جاران. سەر بکەمە سەر رانی. ئای خوایە چەندە تامەزرۆی ئەو دەستانەم. چەند حەزدەکەم دەست بێنێ بە سەرمدا و گۆرانیم بۆ بڵێ و منیش ئەوەندە بگریم تا خەو دەمباتەوە. جا با خوشک و براکانم لەگەڵ دایکیان هەر بچن بۆ زەماوەن. من باوکم بەجێ ناهێڵـم. بەڵام ناوێرم بچم بەلایدا. دەترسم دیسان بمرێتەوە. نەء. ناچم. خۆزگە ئەو رۆژنامەیە فڕێ بدات و بێت لەگەڵما دانیشێ و پێکێک بخواتەوە.
ئەوە بۆ هەستا؟ لەبەرچی ئەو رۆژنامەیە وا بە رقەوە ئەمبارەوبار دەکا؟ کوڕە خۆ خەریکە دەخنکێم. قرخەم دەرنایە. ئائا! ئەوە خۆ رۆژنامەکەی پارچەپارچە کرد! دڕاندی! ئی ئێستا تێگەیشتم. رۆژنامەی چی و شتی چی؟ ئەوە سییەکانی منە بەدەستییەوە. ئا!! بوو بە هەڵمێکی شین! نە، شین نییە. نازانم. پتر لە رەنگی تریفەی مانگەشەو دەچێ. ئائا! ئەوە خۆ تیشکە شینە مانگەشەوییەکە وردەوردە بزڕ بوو! توایەوە!
ئاااخ، بریا وا زوو ون نەدەبوو. خەتای سییەکانم بوو. تۆ بڵێی؟ نەء، خەتای ژنەکەیەتی. ئاخر دیسان چووە بۆ زەماوەن. خوایە ئەو ژنە چەندە بێ شەرمە! جلی بووکی لەبەر کردووە و دەستی کردووەتە ملی زاواکە. سەیرکە، سەیرکە! خوشک و براکانیشم هەڵدەپەڕن. تففف. تف لە ئێوەش و لە دایکیشتان. پێتان ناخۆشە؟ چش. لەدەستم بێ دەشیکوژم. نەء. ئەوە چی دەڵێـم؟! نەء، نایکوژم. بەڵام دەچمە نێو شاییەکە. ئەرێ. دەچم لە پێش چاوی زاوا زێڕینە و هەموو میوانەکان سییەکانم دەردەهێنم، پارچەپارچەی دەکەم و بۆی فڕێ دەدەمەوە. دەبمە هەڵمێکی شین و بەجێتان دێڵم. سەری خۆم هەڵدەگرم.