باڵای تۆ و درەختەکانی قەدەر – سۆران محەمەد

سۆران محەمەد

.

ئەو نەمامانەی باپیرە ڕواندنی

زڕ دەرچوون،

لە بیرتە:

جارێك لە تەنیشت نەمامی هەنارێ

لەسەر نوکی پێ وەستای

تا گەورەتر  دەربکەوی؟

نەتزانی گەورەبوون

مورادیفێکی تری پاییزە لە بێ ئۆقرەیی،

وێڕای ئەوەی گەورەبوون:

لە هزردا چرۆ دەکا

پێشی جەستە..

کەچی زۆری نەکێشا- هێندەی خەوەنوچکەیەك  

ژیان دەستی منداڵیی گرت   

بە ناو دوکەڵەکانا بردی  

وێنەکانی جەنگی نیشاندا..

نەتزانی چی دەوێ ژیان؟ 

لە ناکاو، لەساتی ئاڵوگۆڕی

حەسحەسەکانی شەو

دەستیت بەردا،

لەودیو تەلبەندی سنوورەکانەوە

وەکو سەربازێکی هەڵهاتوو

بە دوای پەناگایەکدا وێڵ

لەدەرەوەی شوێن خۆت دیتەوە، 

ئەو کاتانەی

زەمەنێ، رووبەرێ نییە

خەونەکانی مرۆڤ لەخۆ بگرێ…

ئەمێستاکەش شەپۆلی شێت

یەختی شکاوی تەمەن-

بە بێ قوبتان

بەسەر ئۆقیانووسی وجودا

دەگێڕێ،

نازانرێ  چەند فەرسەخی تر

غافڵانە

خۆی بە تاوێرە نوستووەکانی

دورگەکانی لە بیرچوونەوەدا دەکێشێ؟

تەنانەت بێ ماچکردنی تەوێڵی ئارامیی

بوخچەی ئیرادە لەسەر ڕووکار واڵا دەبێ

کەس کۆتاییەکان نانووسێتەوە:

 ئەوانەی-

لەدەستی مەرگ هەڵهاتن

مۆتەکەی رەگەزپەرستیی وەکو مەرگێکی مۆر

باوەشی پیاکردن!

یان ئەو شمشاڵەی

لە غەریبی قەسپەڵاندا

فیغان دەکا!

گیانیش لەسەر هەمان  ریتم،

هۆرەی مەحيببەت  دەچڕێ

کەچی جارێك

لەسەر جەستەی ئەبەدییەت

دار نەمامێکی هەنار  ناڕوێ

تا لە تەنیشتی  ڕاوەستێ

ئەمجارە خۆ  نەوی بکات

تاکو گچکەتر بێتەوە

بەریشی گرت نەیکاتەوە

هەتا لەگەڵ کەڵکەڵەکانی نەمریدا بێدەنگ خۆی  بەردەداتەوە

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا