دیوار

رەسووڵ سوڵتانی

منداڵی دوو بەرەدایك بووین و پێكمان هەڵنەدەكرد. دیواری حەوشەكەشمان زگی دابوو و ترسی رووخانەكەی خەوی لە چاوی زۆرمان زڕاندبوو. زۆریشمان پێ خۆش بوو زوو بڕووخێ و هەم چاكی بكەینەوە و هەمیش تیغەیەكی بە نێوەڕاستی حەوشەكەدا بێنین و بیكەنە دوو بەش و ئەوانەی ناڕازین هەر كام لە بەشەكەی دیكەدا بژین. خەجێی خوشكم پێی وابوو ئەگەر ئەو جسنەسەگانەمان لەكۆڵ ببنەوە، دەستاوی خۆشتر دەبێ. دەیگوت گوویان بۆ لێ دەنێم، پێم خۆش نییە شتی خۆش لێ بنێم و ئەوان بیخۆن.
دیوارەكە چوار پێنج ساڵ بوو زگی دابوو، بابم هەر هێچك و دار و كۆڵەكەی وەبەر دەدا و بەرهەڵیخی بۆ دروست دەكرد بەشكم هەتا ئەو ماوە نەڕووخێ و خەڵك نەڵێن خەتای ئەو بوو رووخا. ئێوارەیەك كاكم گوتی پێش ئەوەی كتوپڕ بڕووخێ و یەك دوو كەسی وەبن بكەون، با بە شێنەیی تێكی بدەین و بە كەرەستەی نوێ و پتەو داینێینەوە. بابم رازی نەدەبوو، دەیگوت بەو ئاخری عومرییە نە پێم تێك دەدرێ و نە پێم دادەنرێتەوە. هەڵبەت وا نەبوو، بابم ئاخری عومری نەبوو، بەڵكو دڵی لەو داروبەردە نەدەبۆوە كە ساڵانێك بوو خووی پێوە گرتبوون. ئاخری كاكم رازیی كرد و دیوارەكەیان تێك دا و كەرەستەی تازە كۆ كرانەوە.
بابم كە هات و كەرستە تازەكانی دی، زەردەیەكی هاتێ و گوتی: دڵم لەو تازانە ئاو ناخواتەوە. خوا بزانێ لە چ كارخانەیەك دروست كراون و هەناویان چیی تێدایە. كاكم یەك بە یەك بۆی روون دەكردەوە و بابم هەر پیشی دەخواردەوە.
وەستا هات و بەردی بناغە دانران. بابم كردی بە هەرا، گوتی، بەردی بناغەی ئەو دیوارە دەبێ هەر بەردەكانی بناغەی دیوارەكەی پێشوو بن، كە ساڵانێكە شاخە و شاخ لەگەڵ خۆمان هێناومانن. ئەمن بڕوام بەو بەردە نوێیانە نییە و بناغە لەسەر ئەوانە دانانرێ. لەبەر دڵی باوكم ناچار حەوت بەردمان لەو بەردانە لە هەستیارترین شوێنی بناغەكە دانان. بەتایبەتی گۆشەكانی دیوارەكە، كە بابم پێی وابوو دەبێ لەوێ دانرێن بۆ ئەوەی درزی تێنەكەوێ. لە حاڵێكدا دیوارەكەی پێشوو هەر لەو سۆنگەیەوە سێ جار درزی بردبوو.
هەر ریزێكی تازە دادەنرا، بابم لەولاوە دەهات، سێ چوار كەرپووچ و بەردی دیوارەكەی پێشووی دێنا. كاكم دەیكردە هەرا و بابم دەیگوت: ئاخر رۆڵە خەڵك ماڵی من بەو كۆنە بەرد و كەرپووچانەوە دەناسنەوە. خۆ ناكرێ هەرچی بەرد و كەرپووچی كۆنە فڕێیان بدەی. كاكم و وەستاكەش دەیانگوت ئەوانە لەگەڵ تازەكان یەك ناگرن و كەلێنەكە پڕ نابێتەوە. بابم دەیگوت وەستا وەستا بێ پڕی دەكاتەوە. ئەمن چەندی چەند ساڵان دیوارێكی خواروخێچم راگرت و نەمهێشت بڕووخێ. هەر ئێوە پێگەیشتن، رووخاندتان. بابم قسەی خۆی هەر دەبردە سەر. لە هەر ریزێكدا كۆمەڵێك بەرد و كەرپووچ و كەرسەكی دیوارەكەی پێشوو دانران و بەزۆر ترینجاندیانە نێوان كەرستە تازەكانەوە. كە لە دوورەوە سەیرت دەكرد، ئیتر دیار بوو كەرستە تازەكان تەنیا كەلێنیان پێ پڕ كراوەتەوە. بەڵام دیوارەكە شتێكی سەیر بوو. خواروخێچ و نالەبارتر لە دیوارەكەی جاران. كاكم هەر دەیبۆڵاند و بابیشم دەیگوت: ئەگەر من رۆژێك لەخۆم ڕاببینم پاڵ بەم دیوارەوە بدەم، لەبەر ئەو كۆنە كەرپووچ و كەرسەكانە پشتی پاڵی پێوە دەدەم. بەبێ ئەوان متمانەم بە هیچ دیوارێك نییە. دیوارەكە تەواو كرا. بابم سەربڕانەی دیوارەكەی دا و خەڵكێكی زۆری كۆ كردەوە و قسەی بۆ كردن. قسەكانی بۆوەی دەبوون بە ئاوی زێڕ بیاننووسی. ئەوەندەی بە كەرەستە و خشتە تازەكان هەڵگوت و جۆرێك دەیگوت ئەو دیوارە بەبێ ئەو كەرستە تازانە هەر دیوار نییە! وەك بڵێی كاكم بە زۆر كۆنەكانی بە ئەستۆی ئەودا بڕیبێ و ئەو دژی كۆنەكان بووبێ. جاروبارەش دەیگوت، بەو حاڵەشەوە كۆنەكان ناسنامەیەكی كۆنی ئەو ماڵەن. پاش كۆڕەكە، كاکم تۆرا. رۆیشت. خەڵك بڵاوەیان كرد. ئەمن وەشوێن كاكم كەوتم و بە زۆر هێنامەوە. كە هاتینەوە، دیوارەكە رووخابوو. بە هەڵەداوان هاتین، سەیرمان كرد، بابم وەبن دیوارەكە كەوتووە و تەنیا سەری دیارە و بە حاستەم دەمی دەبزوێ. گوێم لێ بوو دەیگوت: بەڵا لە هەرچی كەرەستەی تازە بدا. بەر لەعنەتی خوا كەون بۆ شتی تازەتان.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا