سێ مینیماڵ چیرۆک

بیژەن ڕەحمانی
.

“شەوانی چوارشەممە”

شەوانی چوارشەممە دوای کاری ڕۆژانەم لەسەر تاکسی, دەچم بۆ کافە تریای کافکا. لەوێ لە کۆڕە ئەدەبییەکەی هەفتانەی شار دا, کیژێکی خوێندکار شێعر دەخوێنێتەوە کە من ئاشقی بووم. منی شۆفیری تەمەن پەنجا ساڵە تەنیا بە خاتری ئەو, دیسان گیرۆدەی شێعر بوومەتەوە! هەموو حەوتوویەک بۆ قاوە خواردنەوە میوانی دەکەم و دەڵێم شێعرێکی تازەتم بۆ بخوێنەوە ئامین! نێویشی ئامین نییە! بەڵام من پێم خۆشە پێی بڵێم ئامین. باش دەزانێ; من ئاشقی بووم; بۆیە ئەویش زۆر قۆشمانە پێم دەڵێ مامە!

ئامین چاوجوان ئەوینی سەردەمی زانکۆم بوو. ئەسبێکی کۆتێی لەخۆبایی بوو کە قەت بۆم دەستەمۆ نەبوو! بە عیشقی ئەو بووم بە شاعیر و لە سوێی ئەویش لە شێعر بێزار بووم و بە تریاک موعتاد! زانکۆم بۆ تەواو نەبوو. ئامین پارەکە بە هۆی شێرپەنجەی مەمکەوە مرد.

ئێستاکە ئامین دیسان زیندوو بۆتەوەو پێم دەڵێ مامە کەماڵ! من شۆفیری موعتادی تاکسییەکم دووجار ئاشقی ئامین بووم و دووجاریش بوومە شاعیر!

“فەلسەفەی ئێگزیستانسیالیست”

سەڵیتە ببووە دەڵڵاڵی کوێخا! پێش ئەوەی ئاوردووەکەی ماڵی ئاغا خڕ کاتەوە; خۆی گەیاندبووە خاتوون خانم و قەولی ژوانی دوای بانگی خەوتنانی بۆ ستاندبوو.

لە جێگا دا, هەر هاواری شان و پیلی دەکرد. لە کولانەکەوە کە بۆی چووە خوارێ, بە هاسانی تێوە چوو; بەڵام لە هاتنەسەرێ دا, زۆر بە چەتوونی دەرباز بوو. بۆ بەدشانسی تەسبێحەکەشی لە سەر شۆرکە, لەبیرچوو.

کوڕی سەڵیتە لە کورتەپەیامێک دا بۆ کچی خاتوونی نووسی: دایکت تازەبووک دەبێ; کە ڕەدوو دەکەوێ!
تەسبێحێکی بەجێماو, هۆی بوونی من و تۆیە; دڵدارەکەم!

“کوودەڵە”

چاوی قووچاندو مژێکی لە سیغارەکەی دا; لاقی لە سەر لاقی دانابوو و دەتگوت کوڕی “شاتر میش ئاغا”یە. شاترەکەی نانەواخانە بە خۆی دەگوت: خوڵات خۆم میشێل عوسمانی! ئاوا دەبێ قسەکردن! کوردییەکی ڕەوان, فارسییەکی ڕەوان, تورکییەکی ڕەوان!

باوکی شیرین ببو بە بەرپرسی ئیدارەی گۆڕانی ڕێبازی لافاوە کۆمەڵایەتییەکان. دەستێکی بەسەر کۆڵانی زیندان دا هێناو تەواوی ئەو گەنجانەی عەوداڵی کچەکەی ببوون; ڕەوانەی بەندیخانەی کردن و خۆێشی خانەنشین کرد. خانەنشینی بۆ ئەو جگە لە نان کڕینەکەی لای میشێل عوسمانی هیچ دەسکەوتێکی دیکەی پێ نەبوو. میشێل عوسمانی دەیگوت: قەد, نابێ لەو قەددە بڵێندتر بێت! وەزن, نابێ لەو وەزنە زیاتر بێت!
59 لاو تێکڕا لە لافاوەکەدا نوقم بوون و میشێل عوسمانی نانێکی دیکەی پێوەدا و گوتی: بوودجەو بۆ دێنم!
باوکی شیرین گوتی: بوودجەت دەدەنێ, دەدەنێ, چۆن ناتدەنێ! لێت دەخۆن!
چاوی هەڵێنا و قونچکە سیغارەکەی لە تەندوورەکە خست و ئەو خەونەی کە ئێستا نەمدیتبوو; بۆ میشێل عوسمانی دەگێڕاوە و دەیگوت:
خوڵات خۆم میشێل عوسمانی!

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا