“هاوارەبەرە” و “میرزا” بناخەی ئەدەبیاتی ئیقلیمی رۆژهەڵاتی کوردستان

کەژاڵ ساڵحی

.

لە نێو رۆمان‌نووسانی رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا، ماموستا فەتاح ئەمیری وەک رۆمان‌نوسێکی پێشەنەگ چل ساڵ دوای بڵاوبوونەوەی رۆمانی “پیشمه‌رگه‌”ی “دکتۆر رەحیمی قازی”، بە نووسینی دوو رۆمانی “هاوارەبەرە” و “میرزا”، هەنگاوێکی جیددی لە بواری گێڕانەوەی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا هەڵێناوە. نووسەر لەو رۆمانانەدا ئاگایانە بڕیار دەدا بەرهەمێکی وا بخوڵقێنێ کە سەرەڕای خستنە ڕووی شوناسی فەرهەنگی و مێژوویی و زیندوو کردنەوەی زمان، بە ئاوێتەکردنی توانستی هەندێک لە قالب و ژانرە ئەدەبییە فۆلکلۆرییەکان، کەشێکی دیکە و چەشنێکی تایبەت لە نووسینی دەوڵەمەند بە توانستی ئەدەبی زارەکی بخوڵقێنێ. بۆ وێنە بە خستنە گەڕێ توانایی قالبە ئەدەبییەکانی وەک وردە چیرۆک و حەکایەت و بەیتی فۆلکلۆر و پەندی پێشێنیان، بیر و باوەڕی کۆمەڵایەتی و ئایینی و شێوەژیان و ئاخافتنی کۆمەڵگای دێرینی خۆی بۆ خوێنەر بگێڕێتەوە و وێڕای حەول بۆ پاراستنی وردەکارییەکانی ئەو ژانر و قالبە ئەدەبییانه، لە زیندوو راگرتنی ماکە شوناس سازەکانی زمانی  کولتووری کۆمەڵگای کوردستان رۆڵ بگێڕێ.

لەو نووسینە دا وێڕای باسێک لەسەر ئەدەبیاتی ئیقلیمی/ناوچەیی/ لە باری زمانییەوە، ماکە پێک‌هێنەرەکانی ئەو بەشە لە ئەدەبیات دەخەینە بەرچاو. هەروەها باسی رۆڵی ئەو ژانرە ئەدەبییانە لە گێڕانەوەی دوو رۆمانی “هاوارەبەرە” و “میرزا”دا دیته ئاراوه.لە لایەکی دیکەوە پێویستە باسی حەولی نووسەر بۆ تێکهەڵکێشانی ئەو ژانر و قالبانە لەگەڵ رۆمانەکەی بکرێ کە چۆن توانیوییەتی ئەو تواناییانە بقۆزێتەوە و موتوربەی رۆمانەکەی بکا و هەم رۆمانەکەی پێ رەنگین و سەنگین‌تر بکا و هەم بەشێک لەو کەلەپوورە بپارێزێ.

ئەدەبیاتی ئیقلیمی ناوچەیی یان لۆکاڵ؛ له راستی‌دا دەربڕ و نیشان‌دەری شێوەیەک لە ئەدەبیاتە کە تایبەتمەندی و خاڵە بەرچاوەکانی جوغڕافیایی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ناوچەیەکی تایبەت نیشان دەدا، بە شێوەیەک کە ئەو تایبەتمەندییانە خاڵی جوداکەرەوەی ئەو ناوچەیە لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتێک بێ.

بەر لەوەی ئاماژە بەو خاڵانە بکەم کە نیشان‌دەری هێڵە جوداکەرەوەکانی ئەو چەشنە لە نووسینن، ئاماژەیەک بۆ روون‌تر بوونەوەی مەبەست بە پێوست دەزانم.

ئەدەبیاتی ئیقلیمی بە هیچ چەشنێک وەک دابەزین لە چەشنێک لەئەدەبی بەرزەوە بۆ ئەدەب لە بازنەیەکی بچووکتر نییە، بەڵکوو ئەو تایبەتمەندییە نیشاندەری کەش و جوغڕافیایەکی تایبەتە کە رۆمان لەبار دەکا بۆوەی توێژینەوەی خەڵک ناسانە و کۆمەڵناسانە و زمانناسانە و تا دوایی لەسەر بکرێ. بۆ وێنە لە ئەدەبی فارسی دا بە دەیان توێژینەوە لە سەر بەرهەمەکانی غوڵام حوسێنی ساعیدی، مەحموود دەوڵەت ئابادی، عەلی ئەشرەف دەرویشیان، ئەحمەد مەحموود و زۆر نووسەری دیکە کراوە کە چۆن بەرهەمی بە پێز و هێزیان لە بواری رۆمان و گێڕانەوەدا خوڵقاندووە و ناوبانگی نەتەوەیی و جیهانیشیان هەیە بەڵام خاوەن تایبەتمەندییەکانی ئەدەبیاتی ئیقلیمیش هەن. بەو پێیە دەمهەوێ بڵێم ئەو چەشنە لە ئەدەب خاوەن هەندێک تایبەتمەندییە نەک دابەزین لە ئاستێکی ئەدەبەوە بۆ ئاستێکی بەرتەسک‌تر.

ئێستا بە پێی ئەو پێشەکییە هەندێک لە خاڵە جوداکەرەوەکانی ئەو چەشنە لە نووسین دەخەمە بەرچاو:

١- تایبەتمەندییە جوغڕافیاییەکان. ئەو تایبەتمەندییە خۆی هەڵگری ئەو وردە خاڵانەیه: وەک کەش و هەوا، بارودۆخی سروشت، بوونی دارستان و لێڕەوار، چۆم و رووبار ،کوێستان و دەشت و بیابان … کە هەر کام لەوانە دەبێ جۆرێکی تایبەت بن و بە هۆی ئەو تایبەت بوونەوە لە ناوچەکانی دیکە نەچن و ئەو لێک نەچوونە ببێتە خاڵی جیاوازی لەگەڵ شوێن و جوغڕافیاکانی دیکە.

بۆ وێنە ئەگەر لە پانتای وڵاتێکی وەک ئێران دا ئەو تایبەتمەندییانە بخەینە بەرباس، دەکرێ بڵێین تایبەتمەندییە جوغڕافیاییەکانی باکووری ئێران بە دەریا و جەنگەڵ و کەش و هەوای سەربەخۆیەوە بەچەشنێک لە دەقی ئەدەبی دا رەنگ دەداتەوە کە جودایە لە تایبەتمەندی باشووری ئێران بە گەرما و دارخورما و ئەو تایبەتمەندییانەی بەو شوێنەوە دەناسرێن.

٢-تایبەتمەندی دووەم خاڵی جوداکەرەوەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە. وەکوو داب و نەریت و بڕوا ئاییینییەکان، زمان، مەزهەب، رەگەز، شێوەی خەبات و بەرەنگار بوونەوە لە بەرانبەر بێگانە و زۆر شتی دیکەش.

٣-تایبەتمەندی ئابووری، وەکوو چالاکی کشت‌وکاڵو پیشەسازی وابەستە بە شوێن و شێوەی بەرهەمهێنانی کاڵا و خواردەمەنی و چەشنی پیشەسازییە دەستییەکان و ….کە هەر کام لەوانە لایەنێکی نوێ و تازە بەو بابەتە دەبەخشن و بە شێوەیەک دەتوانن ئەدەبی هەڵقوڵاو لەو ناوچەیه دەوڵەمەند بکەن.

.

چیرۆکە ناوچەییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی هەڵگری هەموو یان بەشێک لەو تایبەتمەندییانەن و بەو پێیە دەتوانن ئاوێنەی باڵانوێنی فەزای شاری یان گوندی یان کولتووری ئەو بەشە لە وڵاتێک بن کە لە چوارچێوەی دەقێکی ئەدەبی لەوچەشنەدا دەکەوێتە بەر باس.

پاش خوێندنەوەی رۆمانەکانی هاوارەبەرە و میرزا و بەراوەردی کۆی ئەو تایبەتمەندییە جوغڕافیایی، زمانی، کولتووری، ئابووری و تەنانەت سیاسیانەی لەو دەقانەدا خراونەتە روو و پێک‌گرتنیان لەگەڵ چوارچێوە دیارەکانی ئەدەبی ئیقلیمی و ناوچەیی دەکرێ بڵێێن ئەو دوو رۆمانە دەچنە ژێر پیناسەی ئەو چەشنە لە ئه‌دەبیات و بەشێکی هەرە زۆری ئەو خاڵانەیان تێدایە کە نووسەرانی جودا بە تیۆری تایبەتەوە لەمەڕ ئەدەبی ئیقلیمییەوە خستوویانەتە روو.

لەو رۆمانانەدا رەوتی رووداوەکان بە شێوەیەکی ئەستوونی دەچنە پێش و پێوەندییەکی هزرمەندانە رووداوەکان لێک گرێ دەدا. ناواخن و دەروون مایەی رۆمان سەرەڕای ویستی نووسەر کە هه وڵی پاراستنی زمان و وشەی داوە و لە هەر رستەیەک دا بۆ یەک وشە چەندین هاوواتای خستوەتە روو، واشی وشەکان لە رستە دا جێ کردوەتە و زەمینەی بۆ رەخساندوون کە ئەگەر خوێنەر مانای سەرەکی وشەیەکیش نەزانێ ئەوە بە خوێندنەوەی رستەکە بە تەواوی و خوێندنەوەی رستەکانی بەرو دووای ئەو وشەیە، مانای سەرەکی بو راست دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر روانینێکی کۆمەڵناسانەشمان بۆی ببێ ئەوە هەر ئەو گێڕانەوەیە حەز و ئارەزووی لە مێژینەی تاکی کۆمەڵگای ژێر دەست و ناسەرکەوتوو لە زۆر بواردا دەخاتە روو. ئەو رەوتەش دەگێڕدرێتەوە کە کۆمەڵگایەکی وا بۆ دەرباز بوون لە جەغزی سەختی ناسەرکەوتوویی گرتوویەتە بەر یان ئەو پێشنیاری گرتنەبەری لە قالبی گێڕانەوەیەکی داستانی‌دا دەخاتە بەرچاو. رەوتی گەیشتن بە ئازادی بۆ سەربەستی و یەکسانی و ژیانێکی تێکەڵ بە هێمنایەتی و دوور لە ناحەزی و دزێوی کە لە بەشی شێکاری لەسەر فەلسەفەی ئەو چەشنە رۆمانانەدا دەکرێ و دەبێ بە تەسەلی له سەری بدوێین. چون لەو چەشنە گێڕانەوانە هەرچەند ئەرکی گێڕانەوە وەک سەرەکیترین کردەی نووسینی رۆمان؛ له ئەستۆیانە، بەڵام نووسەر حەولی خستنە رووی واتا و بابەتی کۆمەڵایەتی و سیاسیشی هەیە.

ماکەکانی ئەدەبیاتی ئیقلیمی لە هاوارەبەرە و میرزا دا

ناوچەی جوغڕافیایی:

لە روانگەی نووسەرێکی ریئالیستەوە جوغڕافیا و شوێن گرینگایەتییەکی تایبەتی هەیە و بەدیهێنەری فەزای داستانە و نووسەری ئەو شێوازە لە نووسین تەنیا بۆ رازاندنەوە و خستنە رووی بەشێک لە وەسفەکانی یان بردنە پێشی رەوتی چیرۆکەکەی کەڵکی لێ وەرناگرێ. ئەو لایەنە واتە سەرنج بە تایبەتمەندییەکانی ناوچەیەک وەکوو داب‌ونەریت و شێوەی هەڵس‌وکەوتی خەڵک لەگەڵ یەک و شێوەی دابین کردنی بژیو، جۆری جل‌وبەرگ، وەسفی سروشت و بیر و باوەڕە ئایینییەکان و زمان و زاراوەی ناوچەیەک، وردبوونەوە لە رەنگ‌دانەوە و دەنگ‌دانەوەی وردەکارییەکانی ژیان و ئاقاری دەوروبەر بەرهەمەکە دەبەستێتەوە بە ناوچەیەکی تایبەتەوە و بە واتایەکی تر رەنگێکی خۆماڵیی و ناوچەیی بە بەرهەمەکە دەبەخشی. هەر بۆیە نووسەر حەول دەدا تەواوی توانای خۆی وەگەڕ بخا تاکوو ئەو شوێنە بەهەموو وردەکارییەکانییەوە لە ناوچەکانی دیکە جودا کاتەوە. ئەوەش بە شێوەیەکی ئاسایی زیاتر ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە ژیانی نووسەری لێ رابراوە و بە شێوەی جۆراوجۆر کارتێکەرییان لەسەر ژیانی نووسەر بووە.

ئەو ناوچانە بە هۆی ئەوەی نووسەر خووی بە هەموو کەلێن و قوژبن و کەند و لەند و کەش و هەوای گرتووە و بە تەواوی دەیناسێ وەکوو تابڵۆیەکی نەققاشی دەیڕەنگێنێ و بە وشە و سەمای رستە و واتاکان تابڵۆی کەلامی ئەو شوێنە دەکێشێتەوە و لە قالبی وەسفێکی داستانی‌دا ئەو هەستە بە خوێنەر دەبەخشێ کە لە گەڵ رووداوەکان دا ژیاوە و لەگەڵ هیچ کامیان نامۆ نییە.

ئەو شێوە نووسینە هەم لە نێو نووسەرانی ناوخۆیی و هەم لە نێو نووسەرانی بیانی‌دا بەدی دەکرێ و نموونەی زۆر سەرکەوتووی هەیە. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە مەحموودی دەوڵەت‌ئابادی بکەین کە فەزای زۆربەی رۆمانەکانی کۆمەڵگایەکی گوندییە و وەکوو نووسەرێکی ریئالیست لە دووی شوێنە راستەقینەکان دەگەڕێ و تا بتوانێ گۆشەیەک لە ژیانی واقیعی خەڵک بگێڕێتەوە.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر رۆمانەکانی “هاوارەبەرە” و “میرزا”  وەکوو رۆمان لە شێوزای ئەدەبیاتی ئیقلیمی دا باسیان لێ بکەین دەکرێ ئاماژە بەو ماکانە بکەین کە لەو بەرهەمانە دا بە وردی وەسف کراون:

١-وەسفی سروشت: کاتێک نووسەر نوقمی وەسفی سروشتی ناوچەیەک دەبێ ئیتر نە چاوی تێر دەبێ لەو هەموو جوانییە و نە دڵی دێت بە جێی بێڵێ. هەر بۆیە بە وردی هەموو دیاردەکانی پێوەندیدار و ئامادە لەو شوێنە باس دەکا و هیچی لە بیر ناچێ. ئەو وەسفە ورد و دەقیقانە نیشاندەر و بەڵگەی هۆگری نووسەرن بەو ناوچەیەی رەوتی گێرانەوەکەی ئەوی تێدا دەگوورێ و  هەستی پاک و ناسکی و ئەزموونی تاکی و چاوی وردبینی نووسەر و لەهەمان کاتیشدا داهێنەرێتی ئەو لە داڕشتنی وشە و رستە و واتا سازی و خوڵقاندنی دۆخی داستانی بەو کەرەسانە و پیکهێنانی جیهانێک لە وشە نیشان دەدا که هەر کام لە وشەکانیش جیهانی تایبەت بە خۆیان هەیە. واتە وشە لەو نووسینانەی  فەتاحی ئەمیری دا جودا لەوەی کارکردێکی واتاییان هەیە کەسایەتییەکی فەرهەنگی و ناوچەیی و جوغڕافیاییش لەگەڵ خۆیان بەکێش دەکەن، یان باشتر وایە بڵێین لە هەناوی خۆیاندا ئەو وردەکاریانەیان تواندووەتەوە. ئەوەش بە خوێندنەوەی ئەو وشانە لە زەمینە کۆمەڵایەتی و کاتی و شوێنیی ئەواندا بە باشی دەردەکەوێ و ئەو تواناییەش لە قەلەمی کەم نووسەردا دەتوانی خۆ بنوێنێ. تەنیا ئەو نووسەرانە دەتوانن قەڵەم لە و بوارەدا تاو دەن کە کەسایەتی وشە و رۆڵی تایبەتی وشەیان لە زەمینەی کۆمەڵایەتی و دۆخی زەمانی و مەکانی خۆی دا دەرک کردبێ. بۆ دەرخستنی ئەو باسە گرینگە لە سەر شوێن لە رۆمانی هاوارەبەره دا سەرنجی ئەو بەشە لە رۆمانەکە بدەن:

لەهەورازێکی رژد وەسەرکەوت، بە سەر دارستانێکی پان و بەرین دا کەوت، باریکە رێیەک بە پانای دارستاندا خۆی راکێشاوە، لە هێندێک جێیان وەنیو دار و دەوەن دەکەوێ. رێبوار ون دەبێ. دیسان سەر وەدەر دەنێ. رێ پڕە لە پێچ و  فلووچ، دارستان بە پانایی پاناوک، بە درێژایی دۆڵ و دەرە، بە دڵی لاپاڵ و گەوەوە سەوزایی و شینایی بڵاو کردووەتەوە، سروشت وەک حاتەمی تایی و سولەیمانی نەبی سفرەی سەوز و گەشی بە وڵاتدا راخستووە. لەبەر شینایی رەش و گەش دەنوێنی، پنچک بەژنی بەرزی داری لە ئامێزدایە و لک دەستی بە دواێنی پۆپ گرتووە، پیرەدار شانیان رەشانی یەک دەخەن، دارستان تێک چڕژاو و لێک هاڵاوە تەنانەت قەڵەشتی بەردەکانیش رەگاژۆی نەمامی شلک و ساوای لێ رواندووە”

بە پێی ئەو نموونەیە و بە دەیان نموونەی تر سروشت وەکوو یەکێک لە دەورگێڕانی رۆمان کارایە و شوێن پەنجەی لە رۆماندا دیارە و ئەگەرچی جاری وایە وەسف درێژ و دووپات دەبێتەوە و ئەگەر کورت ببڕابایەوە چوارچێوەی گێرانەوەکەی پتەوتر دەکرد، بەڵام بە هۆی دەوڵەمەند و رەنگین بوونی زمانی کوردی؛ خەمی پاراستنی وشە رەسەنەکان؛ ترسی توانەوە و لە بیر چوونەوەیان هەر بەو جۆرەی نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا باسی لێدەکا، ئاستی ماندوو بوونی خوێنەر دێنێتە خوارێ و هەستی ئەو قورساییەی زمان و وشەی کوردی هەیەتی لە دەروونیدا تەشەنە دەستێنێ. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەو بوارە دەتوانێ لەبار بێ بۆ توێژینەوەی وشەناسانە و زمانناسانە و ساغ کردنەوەی بۆ وێنە هەموو تایبەتـەندییەکانی زمانی و راوێژیی ناوچەی موکریان. هەر وەکی کاری لەو چەشنە لەسەر هاوارەبەرە و میرزا کراوە و ئامادەکردنی فەرهەنگی زاراوەکانی هاوارەبەرە و میرزا بە کۆکردنەوەی جەماڵ کاڕەشی و شەرح و لێکدانەوەی نووسەری رۆمان، ئەو راستییە دەردەخا کە ئەو رۆمانانە لە باری زمانییەوە هێندە دەوڵەمەندن و ئەوەندیان وشەی کۆن و رەسەن و زاراوە و قسەی نەستەق و پەندی پێشێنیان تێدایە کە ئەو رۆمانانە فەرهەنگی تایبەتی خۆیان پێویستە و ئەوەش تایبەتمەندییەکە کە تا ئێستا هیج رۆمانێکی کوردی نەیبووە و حەولی وای بۆ نەدراوە.

٢-تایبەتمەندی دووەم خۆراک و جل‌وبەرگ

یەکی دیکه لەو ماکە ناوچەییانەی لە هەر دوو رۆمانی هاوارەبەرە و میرزادا دەبیندرێ، وەسفی جل‌وبەرگ و خورد و خۆراک خەڵکی ناوچەکەیە. ئەوەش نیشان دەری وابەستە بوونیانە بە سروشتەوە. بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان و پاراستنی خۆیان لە سەرد و گەرمی رۆژگار. هەروەها رازاندنەوەی خۆیان بۆ بۆنەی جودا و رێ و رەسمە تایبەتەکانیانەوە. ئەو راستییە زیاتر لە هاوارەبەرەدا خۆ دەردەخا و لەهەموو ئەو بوارانەدا نووسەر ئاگاییەکی ورد بە دەست خوێنەرەوە دەدا.

بابەتێک کە جوانییەکی زیاتری لەو بوارەدا بە دەقەکە داوە ئەوەیە کە هیچ کام لەو باسانە واتە باسی خواردن و جل و بەرگەکان و … بە شێوەی جودا و لە دەرەوەی گێڕانەوەی رۆمانەکەدا باس نەکراون و وەها لە تان‌وپۆی گێڕانەوەدا قاڵ بوونەتەوە کە هەست بەوە ناکرێ نووسەر ناچار بووبێ بە ئانقەست جێیەکیان لە توێی رۆمانەکەی دا بۆ تەرخان بکا. ئەگەرچی رەنگە لە خەیاڵی نووسەردا ئەو ویستەش بۆ پاراستنی ئەو نەریتانە بووبێ. ئەوە بە خوێنەر نیشان دەدا کولتووری جل‌وبەرگ و جوانکاری مرۆڤی کورد و کولتووری خواردەمەنی لەو هەرێمەی رۆمانەکە باسی دەکا و لەو کاتەدا کە وەک زەمانی رەوایی رۆمانەکە دەیگێڕێتەوە چۆن بووە. تەنانەت جاری وایە شێوەی چێشت لێنان و وردەکارییەکانیشی بو خوێنەر ده گێڕێتەوه. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بەو بەشە لە دەقی کتێبەکە وەک نموونەیەک لە دەیان نموونە بکەین:

“کەوڵ لە عەرزی درا، مزراویلکە بۆنی لە وڵاتی گەڕا، نانی چووکە مەیلە وسوور، برژاو، بێ قەراغ، نانی گەنمە سمەوەج، خوارشتی خۆش، ناسک، تەنک، سەلکێک پیواز، پیاڵەیەک خوێ. هەر یەکەی جامیکی مس، هەڵمی لەسەر هەڵدەستا، مزراویلکەیەکی چەور، هێلکەی خڕ تێدا، مزر، ترشی سماق تام‌وبۆنی داوەتێ.”

یان ئەو کاتەی وەسفی نانی شوانی دەکا، دەڵێ:

لە سەر ویستی یارە رۆژ بە رۆژ توربێنی یارە پڕتر دەکرا. کوللێرە چەورە، کەلانە، کولیچە، کەشکە فەریکە، شیرێژ و رۆن، نان پاڵە و پشتی ژیان، نانی گەنم، نانی جۆ، هەرزن، کوللێرەی گەنمەشامی و …” یان ئەو کاتەی باسی شایی یارە دەکا وێڕای ئەوەی کە باسی نان و چێشتی کاتی شایی ئەو سەردەم دەکا، شێوەی چێشت لێنان و کەرەسەکانی پێویست کە ئەوکات کابان و چێشت لێنەر دەکاریان دەکرد و پێویستیان پێی بووە بە وردی تەوسیف دەکا.

جودا لەو باسە هەر وەک کۆمەڵناسان و پسپۆڕانی بواری شوناس باس دەکەن، جل‌وبەرگ یەکێک لە سازدەرە (مولفە) گرینگەکانی شوناس و شوناسی نەتەوەیی و لە ئاستی دیکەدا شوناسی ناوچەییە. بێگومان جل‌وبەرگ بەرچاوترین نیشانەی کولتووریی نەتەوەیەکە و زۆر بە خێراییش کارتێکەری و کاریگەری خۆی دەردەخا. نووسەری هاوارەبەرە و میرزا بە تەوسیفی ورد و دەقیقی جل‌وبەرگ، ئەو راستییە وەبیر دێنێتەوەکە لیباس وەک نومادێکی نەتەوەیی لە دوای زمان رۆڵێکی کاریگەر لە ناساندنی شوناسی کورد دەگێڕێ و چون بەردەوامیش گۆڕان بە سەر مودێڵ و فۆڕمی دادێ، نووسەر بە تۆمار کردنی وردەکارییەکانی ئەو جل و بەرگانە لە سەردەمیکی داستانیی دا حەولی پاراستنیانی داوە و بە ناسینی ئەو تایبەتمەندییانە دەکرێ جوغڕافیا و مێژوو و سیاسەت و کۆمەڵگا و هونەر و زۆر شتی تری نەتەوەیەکیش بناسێنێ..

ئەگەر نموونەیەک لە هەستیار بوونی نووسەر لەمەڕ ئەو دیاردەیەوە لە دەقی رۆمانەکە بە دەستەوە بدەم ئاماژە بەو بەشە دەکەم کە نووسەر باسی جل و بەرگی یارە دەکا . هەرچەند جل و بەرگەکەشی نەدارانەیە:

“دەڕوا، قوت و سڵ، قیت و قۆز، توند و تۆڵ، کز و ساغ، جووتێک گوڵینگی سوورمەرەز بە تەنیشت زەنگاڵەکانییەوە کایە دەکەن، رانک و چۆغەیەکی تاوبردوو، شەدەیەکی ریشۆ نەماو، جووتێک کەڵاشی نووک هەڵگەڕاوه ی قوڵاغە کراوی لە پێ دایە. هەر دووک ئانیشکی چۆغەکەی شی بۆتەوە، ئاهێکیان پێوە نەماوە، رانکەکەی پاش و پێش کراوە، هەرچەند کڵاوەکەی پڵیتەی وەدەرکەوتووە کەچی نوشتەیەکی لە تەپڵەکەیەوە دەچێ.”

یان بۆ تەوسیفی جلکی منداڵانی ئەوکاتەی سۆفی ئەحمەد نوقمی خەیاڵی رابردوو دەبێ و کوڕە جوانەمەرگەکەی لەتەمەنی منداڵیی دا دەبینێ. ئاوا باسی لیباسی منداڵەکەی دەکا:” کەوایەکی قوتنی سوور لەبەر، کڵاوی کووژەکەدار لەسەر، و … بەو جۆرە جل و بەرگی منداڵی ساوا و خەڵکی ئەو سەردەم وێنا دەکا.

3-داب و رەسم

یەکێکی دیکە لەو ماکە ناوچەییانەی تام و بۆنێکی ناوچەیی و ئیقلیمی بەو رۆمانە دەبەخشێ داب و نەریتی نەتەوەیە. گەشە و بەرز بوونەوەی داب و نەریتەکان کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی فەرهەنگی نەتەوەیەک دا هەیه . وەسفی داب و نەریتی خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ بەردەنگێکی نائاشنا بابەتێکی جوان و نوێیە و رەنگێکی واقیعی بە بەرهەم دەبەخشێ. بۆ نموونەدەکرێ ئاماژە بەو نەریتانە بکەین کە لە درێژایی ژیانی تاکی ناوچەدا برەویان بووە و وەک بەشێک لە میراتی کولتووری دێنە حیساب. بۆ وێنە باسی گوێزەبانە کردن بۆ منداڵ، داب و رەسمی پێوەندیدار بە شایی و زەماوەند و سەرەخۆشی و تەنانەت باسی چەشنی ئەسپاردەکردنی مردوو بە خاک و زۆر بابەتی دیش لە رۆمانی هاوارەبەرەدا بە وردی گێڕدراونەتەوە. ئەو داب و نەریتانە زۆربەیان ئاوێنەی بالانوێنی رێزگرتن لە مرۆڤ و رووحی پێکەوە ژیان و هاوکاری و میوانگری و یەکتر خوێندنەوەیە و لە خوێندنەوەی خەڵک ناسانەدا جێگای سەرنج و تێرامانن.

4-زمان وەک ماکەیەکی ئەدەبیاتی ئیقلیمی

ئەو رووداوانەی لە ئەدەبیات دا رەنگ دەدەنەوە زۆربەیان ئەوانەن لە روانگەی کۆمەڵایەتییەوە خاوەن بایخن و پێوستە دیسان بنوێندرێنەوە تا لە بیر و زەینی خەڵک دا بمێننەوە و بەشێک لە بیرەوەری بە کۆمەڵی کۆمەڵگان. زمان وەک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی و وەک زایەڵەی رووح و ژیانی کۆمەڵگا تەنیا رۆڵی پێوەندی نییە و ئەو کۆمەڵگایانەی لە ئەدەبیات دا ساز دەکرێن یان ساز دەکرێنەوە تەنیا نیشاندەری ژیان نین، بەڵکوو رەنگدانەوە و دەنگدانەوەی رێسا و بیرە کۆمەڵایەتییەکان، بۆنە جوداکانی ناو ژیانی کۆمەڵ، شین و شەڕ و تێکهەڵچوونی عێلەکان، دابەشکردنی چینەکانی کۆمەڵگا، شێوەی موڵکداری و بەرهەمە کشت و کاڵییەکان و زۆر بابەتی دیکە، وەکوو زانست و کەرەسەی تێگەیشتن و تێگەیاندن رۆڵێکی بەرچاویان لە ساز کردنی ئەو سامانە هەیە که پیی دەکوترێ کۆمەڵگای نەتەوەیی و هەر کام لەوانەش وشەو دەستە واژە و راوێژی تایبەت بە خۆیان پێویستە و رۆمانێک هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی دانەڕشتبێ دەکرێ بگوترێ لایەنی زمانییەکەی دەوڵەمەند نییە.

دەکرێ بڵێین بەهێزترین بەشی داهێنانی نووسەر بە زمانی کردنی چەمک و واتاکانە. بەو پێیە خاڵی بەرچاوی چیرۆکی هاوارەبەره و میرزا هەر ئەو زمانه ساده و ساکاری ناوچەییه که به شێوەیەکی زۆر سروشتی و به بێ گرێ‌وگۆڵی زمانی، وشە و رستەکان لە وتوێژ و دیالۆگی کەسایەتی رۆمانەکەدا کەڵکی لێ وەردەگیرێ. رەوتی گێڕانەوە لە هەر دو رۆمانەکە دا هەم تازەیی و جوانیی خۆیان هەیە و هەم بۆ کەسێک کە شارەزایی زمانی ئەو ناوچەیە نەبێ رەنگە تا رادەیەک نامۆ بێتە بەرچاو. زمان و زاراوەی کەسایەتییەکانی رۆمان بە وشیاری و تەبا لەگەڵ تەمەن و ئاستی خوێندەواری و چینی کۆمەڵایەتی ئەوان هەڵبژێردراوە، بۆ وێنە کاتێک یارە دەدوێ دەزانی کوڕێکی ساکار و سادەیە و جار و بار ناتوانێ بە سەر هەستی خۆی دا زاڵ بێ، بەڵام کاتێک میرزا دەدوێ هەموو کەس بە ورد و درشتەوە لە خزمەتی دا بێدەنگ دەبن و گوێی بۆ شل دەکەن و قسەکانی بە تەواوی وەردەگرن، لە نێو خۆیاندا دەڵێن میرزا قسەی قەڵەمی دەکا. کاری میرزا قەڵەمە، کاغەزە، دیوانە. ئەوانە ئاستی خوێندەواری و زانست و لێهاتوویی و ئەزموونی میرزا دەردەخەن و کاتێکیش ژنانی نێو رۆمانەکە قسە دەکەن هەر کام لەوان پەردە لەسەر لایەنێک لە ژیانی کۆمەڵگای ژنی ئەو سەردەم هەڵدەدەنەوە و بە وتەکانیان هەگبەی دەوڵەمەندی زمانی کوردی سەنگین و رەنگینتر دەکەن. جگە لەوەش زمان دەبێتە ئامرازێک بۆ دەربڕینی هەست و ویست و حەزی دەروونی کەسایەتییەکانی رۆمان و بەشێکی زۆر لە کەسایەتی ئەوان بۆ خوێنەر روون دەکاتەوە.

جار جارەش بوونی کەسانێک وەک ئەمیرحوسێن کە ئازەری زمانە و زمانی کوردی بە باشی نازانێ و لەت و کوت قسە دەکا و نەقڵی گیران و تاوانەکەی وەک بنێشتە خۆشکە هەر دەیڵی و دەیڵێتەوە، تابڵۆیەکی تەنز ئاسا لە رۆمان دا پیک دێنێ و شوناسەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئەو شوێنە لە ناوچەکانی دیکە جودا دەکاتەوە.

٥-ماکەی باس لەتەورە سیاسییەکان

یەکێکی دیکە لەو ماکانەی رەنگ و بۆی ئیقلیمی بە رۆمانەکە دەبەخشێ گێڕانەوەی زیندان و گیران و جەزرەبە دان و باسی بابەتی سیاسییە. ئەوە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی چیرۆک لە ناوچەکانی وەک ئازەربایجان و کرماشان و باشووری ئێرانە. بەڵام راستەقینە ئەوەیە کە هەر نووسەرێک بە هۆی کاریگەریی فیکر و فەرهەنگ و دونیابینی و ئەزموونی تاکی خۆی و هەروەها جیاوازی جوغرافیای سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، شێوازی تایبەت بە خۆی لە گێڕانەوەی سیاسەتی ناوچەی خۆی هەیە. ئەوەی کە لەو بەرهەمانە دا دەبیندرێ گرتن و سیخوڕی کردن و وەکێو وشاخ کەوتن و کوشتن و ئاور تێبەردانی ماڵ و مووچە و مەزرا، نموونەیەکی تایبەتی کۆمەڵگا ژێر دەستەکانی ئەو سەردەمەیە.

دەکرێ بڵێین لەو ناوچەیەدا ژیانی سیاسی، بەشێک لە ژیانی ئاسایی خەڵکە و سنوورێک لە مابەین ئەو دوو ژیانە دا نییە. خەبات دژی زوڵم و داگیرکاری بەشێک لە ژیانە و ژیان بەشێک لەخەباتە. هەر بۆیە زۆربەی خەباتکاران بە جێی ئەوەی کە کەسایەتییەکی بەرچاویان هەبێ مرۆڤ گەلێکی ئاسایین و تواناییی و بڕست و بوێری خەبات و دژایەتی لەگەڵ چەوسێنەرانیان هەیە. لە رۆمانی میرزادا، میرزا دەبێتە هیوای سەردەم و داهاتووی کۆمەڵگا و جێی متمانە و پشت پێ بەستنی خەڵک و دەبێتە سەرۆکێکی کاریزماتیک کە جەماوەر بەرەو کۆمەڵگایەکی ئاڕمانی رێنوێنی دەکا. لە هەمان کاتیش دا ئەو کەسانەی کە دەرەقەتی زوڵم و زۆری سیستەمی دەرەبەگایەتی نایەن لەو سیستەمە یاخی دەبن و چەک هەڵدەگرن و روو لە چیا ئەستەمەکان دەکەن. ئەو دیاردەیە نیشان دەدا کە له کۆمەڵگای ژێردەستی  ئه و کات دا بەرەنگاربوونەوەی تاکەکەسی بە بێ عەقلانییەتێکی کارامە هیچ ئاکامێکی لی ناکەوێتەوە و رەنگە ئاکامێکی نەرێنیشی هەبێ. لە رۆمانی میرزادا رەشیدە دزە، نموونەی ئەو شێوە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیستەمی زاڵی ئەو سەردەمەیە کە بە پێی سروشت و کەسایەتی تایبەتی خۆی سەبر و تابشتی ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی خدرئاغای نییە و لایەن و ناوەندێکی یاسایی و دادپەروەرانەش بۆ سکاڵا و ماف خوازی نابینێتەوە و بۆخۆی بە کردەوەیەکی کە لەسەر ئیرادە و ویستی تاکەکەسی خۆی دامەزراوە و لە سەرەوە و دەرەوەی یاسای ئەوکاتە، بەڕێوەبەردنی یاسا وەئەستۆ دەگرێ و خدر ئاغا دەکووژێ.

ئەو شێوە دوانەی رۆماننووس و گێڕانەوەی لە رووبەڕوو بوونەوەی سەردەست و بن‌دەستی ئەو کۆمەڵگایە بە چەشنێک سنووری یاسا و نایاسایی بوون لە سەردەم و زەمانیکی تایبەت لە شوێنکاتی رۆمانەکە دا دیاری دەکا. نایاسایی بوونێک کە یاسایی بوون لە ژێر تیشکی دا دزێو دەنوێنێ و بە پێچەوانەی باری باو خۆشەویستیش دێتە بەرچاو.

دوو :تێک‌هەڵکێشانی ژانره فولکلوریکەکان له رۆمان دا

کورد وەک یەکێک لە گەلانی رۆژهەلاتی ناوین بە مێژوویەکی دوور و درێژ و پڕ لە کەند و لەندی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، خاوەنی زمانی سەربەخۆ بە چەندین زاراوەی دەوڵەمەندەوەیە. بەشێکی زۆر لەو مێژووە سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە قالبە جۆراوجۆرەکانی کولتووری رەشۆکی دا پەروەردە کردووە، تا بۆ بەرەی داهاتوو بمێنێتەوە. هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی فەرهەنگی رەشۆکی کورد یەکێک لە کولتوورە دەوڵەمەندەکانی ناوچە بێت و بە سەدان و هەزاران شیعر و چێرۆک و بەیت و حەیران و نەقڵ و نەزیلە و پەند و مەتەڵ لەو چوار چێوەیە دا خوڵقابێ. بەشێک لەو میراتە لە لایەن نووسەرانی دڵسۆزی ئەو بوارە کۆ کراونەتەوە. دەقە فۆلکلۆرەکانی گەنجی سەربەمۆر لە لایەن ئەحمەد بەحری، کۆمەڵە بەیتێکی وەک میر و وەفا و سەعید و میرسێوەدین لە لایەن قادری فەتاحی قازی و ئەدەبی زارەکی موکریان و ژنان لە لایەن سەلاح پایانیانییەوە بەشێک لەو دەقانەن.()

هەڵبەت دیارە جودا لەو نووسەرانە زۆر کەسی دیکەش لەسەر دەقە فۆلکلۆرییەکان کاریان کردووە و لە جێی خۆی پێویستە بە شێوازی خوێندنەوەی دەقە فۆلکلۆرییەکان بخوێندرێنەوە و باسیان لەسەر بکرێ بەڵام روانین و چەشنی رووبەڕوو بوونەوەی نووسەری هاوارەبەرە و میرزا لەگەڵ ئەو دەقانە جیاوازە.

دوای پێناسەی ئەو شوێنانە بۆ ناسینی ئەدەبیاتی ناوچەیی و ئاماژەدان بە چەند خاڵی گرینگی ئەو بەشە لە ئەدەبیات ؛ئەوەی کە لەسەرەتای رۆمانەوە هەتاکوو کۆتایی نووسەر وەکوو تار و پۆ لە نیو دەقی رۆمانەکەدا تەنیوێتی، چەندین دەقی فۆلکلۆری بە شێوازی جوداوەیە کە تێکەڵ بە رووداوەکانی رۆمان بوون. بوونی ئەو دەقانە ئەو راستییە دەنوێنی کە نووسەر چەندەی بایەخ بەو بەیت و مەتەڵ و حەکایەت و چیرۆ ک و گۆرانییانە داوە و ناوەرۆکی رۆمانەکەی پێ دەوڵەمەند کردووە. دەکرێ بڵێین لە ئاوێتە کردنی ئەو بەیت و چیرۆک و پەندی پێشینیانە نووسەر داهێناێکی نوێشی کردووە. بە بێ ئەوەی رەوتی گێڕانەوەی رووداوەکان تووشی کەم و کووڕی بکا و لەهەمان کاتیش دا شوناسەی تایبەت بە هەر کام لەو قالب و فۆڕمە فۆلکلۆرییانە بپارێزێ.

ئەودەقانە لە هەندیک شوین دا درێژە بە مەبەستی رۆمانەکە دەدەن واتە ئەو شێوەیە لە کایەی نێوان دەقێتی کە نووسەر دەیکا جاری وایە بە مەبەستی پڕ کردنەوەی بەشێک لە بۆشایی گێڕانەوەیە کە نووسەر بۆ ئەو دەقانەی بەدیهێناوە، جاری واشە لە هەندیک قۆناخی رۆمانەکە دا نووسەر بۆ کورت بڕینەوەی گوتە و پێش گرتن لە زیاتر بوونی بارستای رستەکان کەڵکیان لێ وەردەگرێ و لەوانەیە ئامانجی نووسەر ئەوە بووبێ کە لە ئاوێتە و موتوربە کردنی ئەو وردە دەقە فۆلکلۆرییانە کاریگەرییەکی زیاتر لەسەر هەستی خوێنەر دابنێ و بەو شێوەیە خوێنەر زووتر لە مانای دەقەکە تێبگا و هەست بە نزیکایەتیەکی زیاتر لەگەڵ فەزاکەی بکا و تەنانەت رادەی چێژی دەق بەو شێوەیە بەرێتە سەرێ.

هەر لەو بارەوە بابەتێکی گرینگی جێگای ئاماژە ئەوەیە کە داڕشتنەوەی دەقە فۆلکلۆرییەکان لە چوارچێوەی دەقێکی داهێنەرانە دا، ژیانێکی تازەیان پێ دەبەخشێ و نا‌هێڵێ بە هۆی تێپەڕبوونی کات قورسایی خۆیان لە دەست بدەن و کاڵ ببنەوە. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بەو حیکایەتانە بکرێ کە “یای ناز” وەکوو دایکێک کاتی خەواندنی منداڵ بۆ “وەتمان”ی دەگیڕێتەوە و بیر و زەینی منداڵی پێ پەروەردە دەکا و هێمنایەتی بە منداڵ دەبەخشێ.

لە شوێنیکی دیکە دا نووسەر داهێنەرانە و بە ئانقەست فەزای ئەویندارانەی هاوارەبەرە لەگەڵ هێندیک بەیت و چیرۆکی فۆلکلۆری کە بنەمای ئەویندارانەیان هەیە تێک‌هەڵدەکێشێ کە دەکرێ بۆ نموونە ئاماژە بە بەیتی لاس و خەزاڵ و چیرۆکی لەیل و مەجنوون بکرێ.

ئەو بەیتانەی لەو کتێبەدا تێکەڵ بە دەق کراون مەبەست و ئامانجی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئەویندارانەیان هەیە و هەرکات رەوتی رۆمانەکە مەبەستێکی کۆمەڵایەتی هەیە ئەوە بەیتێک بەو نێوئاخنەوە دێتە ئاراوە و هەر کاتیش رەوتەکە ئەویندارانە دەبێ بە پێی فەزای داستان بەیتێکی وەکوو گەنج خەلیل و لاس و خەزاڵ خۆ دەنوێنن. ئەو بەیتانە هەر کامیان بە تەناسووبی ژیان و فیکر و کەسایەتی کاراکتێرەکان هەڵبژیردراون. بۆ وێنە بەیتی گەنج خەلیل لە سەر زاری حەسکۆ دەگێڕدرێتەوە کە بەیتێکی دڵدارانەیە و باسی عەشق و وەفاداری و ئەوین دەکات و حەسکۆش خۆی گیرۆدەی ئەوینی ئامۆزاکەیەتی و لە غەریبی و دەربەدەری دا ئاوا لەبەر خۆیەوە نارە ناری دێ:

“ئەز  رابم کەمەرا پشتا خۆ بشکینم بو ئەسبی گه نج خەلیل بکەمه ناله, بازنی خۆ بشکینم بکەمە وردە بزمارێ، بسکێت خۆ ببڕم بکەمە سەر رەشمە. بەڵی بکەمە دۆخ و سەر هەوسارە گەنج خەلیل کوڕە مامی خۆ بیم . سوار بکەم لە کومیتەکی تالە”.

دەق تێکەڵ بە پەندی پێشینیان؛ یەکی دیکە لە دیاردە جیاوازییەکانی ئەو بەرهەمانەیه. هەر کام لەو پەندانە مێژوو و چیرۆکێکی پڕ ئامۆژگاری لە پشتە کە هەندێکیان لە بیر خەڵک چوونەتەوە و پێشینەی هەندێکیشیان بۆ خەڵک روون نییە.. لە دەقی رۆمانەکەدا بە پێی ئەوەی لە چ کات و لە زاری چ کەسێک و بە چ هۆیەکەوە بکوترێن لە کاراکتەرێکەوە بۆ ئەوەی تر جیاوازن و پەندەکان لە بارودۆخی تایبەت بە خۆیان دا گونجاون. بۆ وێنە  کاتێک وەسفی بارودۆخی نالەباری سۆفی دوای مەرگی هاوسەرەکەی دەکا و هەموو کەس بەزەییان پێی دادێ و وڵامی هەموویان ئاوا دەداتەوە:” سۆفی تامی زاری هەمووان دەزانێ، ئەوەی بە دڵ دەیکوت دڵ ئێشی نەدەکرد. ئەوەی بە پێی مەسڵەحەت و قازانجی خۆیان هەوڵیان دەدا جوابی توندی دەدانەوە و دەی رنین. بە فیتووی خۆی دەزانی و باش شارەزا بوو کوێ نیسکان دێنی. نانی بە منەت ناخۆم. کشە کشە مریشکە رەشە میوان رۆژێک و دوان خۆشە. هەتا دووری پووری. خۆم ماوم خۆم پیاوم.” و هی تریش بەو جۆرە سۆفی هێندێک پەند دێنێتەوە کە دڵنەوایی تەنیایی و بێکەسی و نەداری خۆی پێ دەداتەوە.

بە گشتی دەکرێ بگوترێ کە پەندەکان لە زۆر جێیان پێشیان بە درێژکردنەوەی دەق گرتووە و چێژی تایبەتیان بە دەق بەخشیوە.

یەکی دی لەو بابەت و قالبانەی لە رومانەکەدا بەدی دەکرێ شێعر و گۆرانی فۆلکلۆرە. هەر نەتەوەیەک خاوەنی گۆرانی و مووسیقی تایبەت بە خۆیەتی و لەو رێگەیەوە هەست و حەزی ناخ و دەروونی خۆی رادەگەیەنێ. نەتەوەی کوردیش وەکوو هەر نەتەوەیەکی دیکە خاوەن دەقی هەمەچەشنی گۆرانی تایبەت بە خۆیەتی و رەگ و ریشەی بە مێژووی هزری نەتەوەیی دا رۆچووە. عیزەددین مستەفا رەسوڵ لەو بارەوە دەڵێ:

” گۆرانی کوردی خۆی وێنە و ئاوێنەی هەست و عاتیفەیە. چونکە شێوەی دەربڕینی ئەم هەستە سادە و بێ پێچ و پەنا و راستەوخۆیە. بۆیە گۆرانی دڵداری و عەشق و ئەوینی کوردی راستگۆیی و وێنەی راستی بەدی دەکەین. لەو بەرهەمانەش دا شێعر و گۆرانی فۆلکلۆر ئاویتەی بەستەر و تەختی رۆمان دەبێ. بۆ وێنە کاتێک یای ناز بە گریان و بە سۆز دەلۆرێتەوە و خەمی دووری و دابران و تەنیایی لەبەر لێوییەوە بەو گۆرانیانە دەردەبڕێ:

“رێگای دارستان داچێنم بە گوڵ

ئاوی لێ بینم بە خوێناوی دڵ

ئەگەر دەمزانی لە کوێ دەکەی راو

خۆڵی بەر پێتم دەداشت بە شەکراو”

یان ئەو شوێنەی رەشید خەریکی میوانداری لە میرزایە و هەردێ و دەنگی لێ بڵیند دەکا و بە جێ و رێ و وەستایانە گورانی دەڵێ.گۆرانییەکەی جۆرێک ناڵەیە پڕ لە سۆز و کوڵ:

گەوهەرێ هەی گەوهەرێ پەروانەم لە دوای خێڵی

کەس نییە پێم بڵی ماڵ وێران ئەتۆ لە دوای چی وێڵی

بەو شێوەیە بەکارهێنانی گۆرانی و شیعرە فۆلکلۆرییەکان لە خوڵقانی فەزایەکی تایبەتی داستانیی دا رۆڵی بەرچاویان هەیە و یاریدەی نووسەر دەدا کە کەش و هەوایەکی گونجاو لەگەڵ دۆخی دەروونی کاراکتەر پێک بێنێ. بە بێ ئەوەی راستەوخۆ ئاماژە بە حاڵەتی رووحی دەورگێڕی رۆمانەکە بکات خوێنەر دەکاتە شەریکی خەمی ئەوان و لە رازی دڵ و خەم و ناڕەحەتی و پەرۆشی و تەنیایییان تێدەگەیەنێ.

لە ئەنجامی ئەو خوێندنەوەیە دا دووخاڵی گرینگ روون دەبێتەوە

١-سەرەڕای توانا و مرخ و داهێنەرێتی تاکەکەسی نووسەر، شوێنی ژیانی نووسەری هونەرمەند لە سەر زەین و زمانی و هەروەها شێوەی گێڕانەوە و ئەو وەسفانەی کردوویەتی کاریەگەرییان بووە کۆی ئەوانەش بەرهەمێکی بە پێزی خوڵقاندووە و کە هەم زمان و هەم بیری نووسەرانە تێی دا بە هێز و دەوڵەمەندن.

بەو پێیە دەکرێ بڵێین وەک چۆن لە رەوتی چیرۆک نووسی ئێران دا زۆر بەرهەمی بە پیزی وا نووسراون کە تەبا لەگەڵ ناوچەی جوغڕافیایی و ئیقلیمێکی تایبەتن و هەڵگری هەموو ماکەکانی ئەدەبی ئیقلیمین و لە بەشی هەوەڵ دا ئاماژەم پێکردن. خوێندنەوەی رۆمانەکانی هاوارەبەرە و میرزا، ئەو راستییە دەردەخەن کە ناوچەیەک کە رووداوەکانی رۆمانەکانی تێدا گووراوە و خوڵقاوە بە تەواوی کەش و هەوا و خاک و دار و بەرد و داب و نەیتی خۆی هەیه و لە واتایەکی گشتی دا دەڵێین کوردەوارییە و لە ئاستی دیکە دا بە هەندێک بابەتی وردە کولتوور و تایبەتمەندی و زاراوەیی و شێوەی هەڵس و کەوتی ناوچەیەکی تایبەت تر هی پانتاییەکە بە ناوی موکریان.

رۆماننووس لە ئاوێتە کردنی ژانرە ئەدەبییەکان دا توانیوێتی ئەو ئامانجە بپێکێ کە ئەو قالبە فۆلکلۆرییانە کاریگەرییان لەسەر رەوتی گێرانەوەی رۆمانەکە ببێ و لە زۆر شوێن دا چێژی تایبەتی پێ ببەخشێ و لە هەمان کاتیش دا بەر بە درێژبوونەوەی دیالۆگەکان بگرێ. بەڵام زۆر جاریش خوێنەر وا نوقمی ئەو بەیت و حەکایەت و پەندا و مەتەڵ و وردە چیرۆکانە دەبێ لە دەقی سەرەکی دوور دەکەوێتەوە و ئەوەش وەک خاڵێکی لاواز دەبیندرێ.


سەرچاوەکان:

مستەفا رەسووڵ، عیزەددین،(1378) لێکۆڵینەوەی ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی،

عومەر ئیبڕاهیم، سەرکەوت،(2017) دەق ئاوێزان لە گێڕانەوەی رۆمانی هاوارەبەرەو میرزای فەتاحی ئەمیری دا، گۆڤاری زانکۆی راپەڕین، ساڵی چوارەم، ژمارە 13

جعفری قنواتی، محمد،(1382)ادبیات اقلیمی، کتاب ماە ادبیات و فلسفه

ئەمیری، فەتاح، (1387) هاوارە بەرە و میرزا، سەقز نەشری خانی

پایانیانی، سەلاح،(1393)ئاوڕێک لە فەرهەنگی زارەکی موکریان و روانینێک بۆ رەخنە و پڕۆسەی فەرهەنگنووسی لە کوردستاندا، یوونس رەزایی، فەرهەنگی زارەکی موکریان بەرگی ٥

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا