شووشە دەدوێم | ئەرسەلان مەولوودی | شێعر

ئەرسەلان مەولوودی

 

پەنجەرە:
شووشە دەدوێم تیژ دەدوێم تا خوێنی ئێوارە
تا خوێن و تاریک بڕژێتە سەوزەڵانی سینگ
ئەسلەحەکان وەخەبەر دێن دە چوارچێوەی خۆردا و
دڵتەنگ لە غوربەتی باڵندەیەک لە درەخت بە دنیا دێن
بێداری باڵندەکان و خوێنی تاریکی
کۆچ واژەیەکی دوورەدەست بۆ دەنگی ئاسمانە
دە ناخی دەریادا تاریکتر دەدوێن جەنازەکانی سەوز

جەنازە:
شووشە دەدوێن درەنگانی ئێوارە
تیژ دەدوێت گردەنەکان و تاریک دە لەشی گووللەدا وەخەبەر دێت
لە سینگی من دەریایە و باڵندەیەکی کۆن
ملی دەبڕێت
خوێنی تاریکی دەرژێت بەسەر ئەفسانەی باران و پیاسەی دوو غوربەتی ئاشنا لە حەنجەرە
نیشتمانی دەریا و ئەو خەنجەرانەی لە سینگی من کول بوونە
بە سنوورەکانی درەنگ تێپەڕێون
ئەوانەی لە داهۆڵەکان ناچاری فێر ببوون
ئەسلەحەکان دە چوارچێوەی خۆردا دەژین
ئەی لە من ماندووتر ئەو گووللانەی دە سینگی پێغەمبەرەکانی داهاتوودا وەستاون
بە داوێنی بارانێکی سپیدا باریوم.

ئەسلەحە:
شووشە دەدوێن لەشەکانی بێ سەرنشین
تیژ دەدوێم ئارەزوو هەتەر دەبێت لە مێشک
خودای خوێنی دوواهەمین دەستەکانی بێ ئارەزوو
دە نیشتمانی دەریادا دەهانکێنم و بە لمەکان جەنازە عادەتە
لە سووچی برینێک بۆ ڕووناکی شێوەن دەگێرن
ئێستا لە تێئۆری خەمگینی بۆن بەستێک و تەنیا
ئەشکەنجە دوواهەمین چیرۆکی بەژنی شمشاڵمە
ئێمە گەرووی قیامەتین و هاوار پانتۆمیمی مەرگی باڵندەیە
دە چوارچێوەی خۆردا دەژین و تەور لە غەریبی ئێمە نزیکترە
هاوڕێیانی وەستاو لە خوێنی تاریک و برین
تا ئێوارەیەک لە خۆکوژی و پەنجەرەیەک بستێنین
بکووژی ئەوانەی ئێمە لە خۆر دەستێنن تا بڕژێین.

قەیامەت:
لێرە قیامەتە شووشە دوواندن ئارەزوو
تەنگانەی دەریا بە تاریک باس دەکرێت
لە خۆشەویستی سینگێک و باڵندەیەک لە ئێوارە ئاگادار
تیژ دەدوێن ئەوانەی ناچارین و دە دەستەکانیاندا گەروویەک لێدەدات
تڕپەی جەنازەی گووللەیەکی لە وەستاوی
تا نەهایەت
سەمای نۆتێک لە پیانۆ و کچێک بە ڕەش دادەگریسێتە مۆسیقا
ئێرە قیامەتە و دەریا لە جەنازە خەوتووە
تا جەنازە خەوتوون دیوار
لێو بە لێوی ئەم پەنجەرەیە گریانە و تەقینەوەی مێشکەکان
لێو بە لێوی ئەم جەنازەیە دەریایە و پەنجەرە
جەنازە کە پیانۆیەک دەدوێت لە سەمفۆنی سەوز و خوێنێکی تاریک
لێرە قیامەتە و مڕۆڤ شووشە دەدوێت و دەریا
باڵندەیەک لە سینگی ئەم ئارەزوویە دەفڕی
بەخۆردا ئاوا بوون ئەوانەی دەژین بە خوێن
ئەسلەحەکان بێ گوناحتر لەوەن سینگ بدوێن
ئەسلەحەکان مڕۆڤ نازانن
لێرە قیامەتە و ئەسلەحەکان تاوان نادەن

 

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا