ئائۆرا | برایم ڕەسووڵی (غەوارە) | شێعر
برایم ڕەسووڵی (غەوارە)
.
بە شانیەوە دەتکا، دڵۆپ دڵۆپ
باران
دەتکا، چاوی بڕژێتە چاوی کەس
لە چۆلگەیەکی ئاوەڵە بە ڕووی چی وشەی وێڵی لێون
کە ببینێ دەستی یەکتری دەگرن لە بارستای تووڕەیی
ون بن
شەقام پڕ چیرۆکی ئازاری کەسە
گەڕەک شیعری دڵتەنگیە
پێڵاو ئەژمێرێ وەڕەز بوونی چاو
ئۆخژنەی گڕی دەست، بێدەنگ ترین ستران
بە تلیفۆنێکی شەقامەوە سێ جار بانگی کات
کەسێ دەنگی نەبیستبێ
غووربەت دایگرێ بە خەونەوە، ڕاچەنێ بڵێ دەڕۆم
هێندەی گەڵا کە وەرینی، وەرزێ کە ئاه
داچەمێ ببێ بە گۆچان بە دار گوێزی
بیرەوەری کە گڕی گرت و هەر نەسووتا
بە گێژی شەقامەوە خولی دەخوارد
سەمای دەکرد
بە ئامێزی خۆیەوە
سەمای دەکرد هێندەی کە پێ بە ئاسمانەوە بلەرزێ
هەوری ملی هەڵفڕی
ئاوڕ نەداتەوە
شەقامی چۆل بڕژێتە سینەی
دڵی، باڵەندەیەک، بیری فڕینی کردبێ
دا دا بە شانیەوە دڵۆپ دڵۆپ
ڕەوەی پێی شاخێ بگووڕینێ بە چۆلیدا:
بگەڕێوە خەونی منداڵیم
چۆل، چۆلگەیە هەناسە بڕکەکانی تەنیاییم
هەنیسکە دانی
: تکایە بە دێڕێکەوە هەڵم واسە ئاغا
بڵێن
بەڵگە نامەکان درۆنە بۆ ئەوین
چاوت بەسە بڵێ دڵت تەپۆڵکەیەکی سەوزی غاردانی ئەسبەکانە
هەتا بمرێ
لێوت بەسە بڵێ شەقامەکانی ئێرەش بکووژی چی خەونی ئاڵۆزن
هەتا بگرێ
تەنیایی/ئامێز بە چۆکەکانی
هێشتا هەر ئێوارەیە دایە
ئێوارە دڵ مردنێکی شەقام و چرچ و لۆچ بوونی باوەشی گەڕەک
ئێوارە تەکاندنی تۆزی گۆنای بە پەنجەکانی سڕی گۆرانییەکی لیخنی قەوزە بەستوو
بە گێژی شەقامەوە خول خواردن
ڕشانەوە بە سەر دێڕی ئاشقانەیەکی ئەرمەنی
لە دوایان گریان، دایەت نەهاتەوە ئەوجار؟
جۆگە دەریایەکی توڵخی وێنەیە کە جێمابێ لە تەنیایی
غەریبم، غەریبم، غەریب…1
هێندەی کۆچم نەکردبێ
جێمابم بە چۆلی شارەوە
کەسێ بەڵام بیرتی نەکردبێ
بە سینەوە، هەزار گوڵی شۆڕی نەرگیز
بە دەم، هەزار لێوی شینی مردن
بە چاوەکان هەزار دەریا
بەڵێ، بەڵێ درۆن هەموو
ئێوارەیەکی هەینی بردنی
قیژەی خشەی پێڵاوەکان، لەشی ساردی پەپوولەیەک، گەڵایەکی زەردی بچووک
وەها نە/مان کە با بردنێ ئەوەندە چیرۆکی پێوە بێ
ئەوەندە لەق بشەکێتەوە پرچی بەسەر شەقام
خول بخوا بە خەونەوە بە بیرەوەری
ئاواقی دەنگ دانەوەی چی گەڕۆڵن بە سوورمە چاوەکانی ڕەشی
هێلین
هێلین خەونە وەنەوشەییەکانی دڵت بوو بە چی؟
گۆرانی قڕچ هەڵگەڕاوەکەی ئێوارە ژەنگ هەڵگرتوو
بوو بە باران؟ بوو بە گڕانەوە بە نەهاتنێک؟
پێڵاو ئەژمێرێ وەڕەز بوونی چاو
ئۆخژنەی گڕی دەست، بێدەنگ ترین ستران
بەڵام
هێشتا دەرگا ئاوەڵەیە دایە
دەبا هەر پەنجەرە
نیگایەک بێ، قەت
وێنەیەک بێ بەجێ ماوی چەن هەواڵ کە تاڵن بە لێوەوە
ئەڵقە ئەڵقە بتکێتە خوار
شەپۆل هێدی دڵی
بێ قەرارە بەڵام دەریا!
بە گوێیەکانی دەنگی پێی ئەسبێکی داغ کراو
تێهەڵکشان بە شاخەوە، بە دوور ڕامانێ بە ئێوارە
دەتکا، دڵۆپ دڵۆپ
خوێنی بە شانەوە
ئێوارە مردنێک بوو؛ دوونیا