شەوی ئاوەژوو | پێشەنگ شێرزاد | شێعر

پێشەنگ شێرزاد
شەو ئەستێرەکانی دەهێنێت بۆ مردن
شەوان ئەستێرەکان ئەکشێن بۆ مردن
شەو مێخەکانی ئامادەیە بۆ مردن
شەو ماڵ نییە
شەو ناتوانێت گۆرانی بڵێ
ئیتر شەو منی غەریب لەکوێ بناسێت؟
بەڵام
ئەوەی شەوی تاریک کردووە
تۆ نیت
ئەستێرەکانن و
-مەڵێ چۆن؟
مەڵێ شەو خۆی تاریکە
مەڵێ ئەستێرەکان تروسکایی شەون
بروسکە هەیە بۆ شەو ماڵە
ئاگریش هەیە شەوی پێ بسڕیتەوە
کەواتە هیچ مەڵێ.-
گوتنی ئەوەی شەو بۆ وایە،
ئەستێرەیەکی تر بەرەڵا دەکاتە ئاسمان!
شەویش تاریکتر دەبێت…
من بە ئەستێرەکانمەوە
بە پشکۆی مەزنەوە
من بە هەموو شەوەکانی مردنمەوە
بە هەموو منە زۆرەکانی شەوەوە
چاولەڕێت دانیشتووین…
لەم جەستەیە هاتمە دەرەوە بۆ سەفەرێکی مەرگ و زوو بگەڕێمەوە
ئاوڕێکم دایەوە یەک تروسکایی نەبوو بڵێ؛ ها ئەوە دەستەکانم
ئیتر کوا بارانەکەت؟
کوا نەفرەتەکانت؟
کوا سێدارە و تەنافەکەت؟
من تاقە شەوم
کە تۆ چەند تیامدا داگیرسابی؛ تاریکییم دیار نییە!
ئەوەی ڕۆژی ڕووت کردووەتەوە، ئومێد نییە
ڕۆژ لەوە پیرترە بە سپێدانی دڵخۆش بێت
دڵی لەوە کۆنترە کزە بیخاتە لەرزین
ئەوەی ڕۆژی ڕووت کردۆتەوە، ئومێد نییە
عەشق عەشقە و تەواو
تۆ چیت داوە لە سێبەر؟ تیایدا مەگەڕێ
ڕۆژی ڕووناک بەپێوە دەمرین، لەوەشدا مەگەڕێ
سێبەر وەهمی ئازادییە
ئێمە ئازاد نین خۆشەویستم
من عاشقم، لە ئازادی تێنەگەیشتووم
تەنها گۆڕە بەکۆمەڵکانیم دیوە
ئازادی بەختی باشی بۆ زمانم نەهێناوە
لە ئازادیدا گۆرانیی نییە،
کام سێبەر گۆرانی بۆ گوتوویت، شیعر نەبێت؟
کام ئازادی هێندەی ئێرە سنوورەکانی دوورە؟
حەز دەکەم بانگت بکەم
دووریت
زۆر زۆر
زۆر زۆر
زۆر زۆر
کە من بە باڵەکانمەوە ئارەزووم دەکرد
ئەندێشەم لە فڕیندا بۆ دەکرا
وەختێک باڵم شکا، بەچی دڵم لە غوبار پاککەمەوە؟
باڵم مەرگ و دڵم ژیان
کزییەکانت ژیانتر…
باوەڕم بە یەک شەو و ڕۆژ هەیە
بە یەک ئازادی
بە یەک با کە لە شەودا بخەوێت
بێم وێنەیەک لە تەنیشتدا بگرم؟
بانگت نەکەم؟
باڵم بکەم بە دەستەسڕی سپی بۆ فرمێسکت؟
ڕۆژ بکەم بە قامەتت؟
من تۆم بۆ دەشێت وەک ئازادی…
پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا