بازنە

ناسر ڕەسووڵی

.

دەزگرەی درگایەکم بە دەستەوە بوو .لەناکاو بەرچاوم ڵێڵ و پاشان ڕوون بۆوەو جا دیسان دەستمم بە دەزگرەکەوە دیتەوە بەڵام هەمووشتێکم ڕەش و سپی دەدیت، یان باشترە بڵێم خۆڵە مێشی دەمدیت .دەزگرەکەم بادا ڕوو بە خوارێ .لە کەیەوە لەوێ بووم و چۆن چووبوومم وەبیر نەدەهاتەوە ، بەڵام دەمزانی مەیخانەیەکە لە ڕابردوویەکی نەک زۆر دوور دا.سەردەمانێکە لە مێژووی شار و وڵاتەکەم کە نەم دیتووە بەڵام زۆرم بیستووە .کەوایەکی چڵکنم لە بەردابوو بەڵام نەمدەزانی چ ڕەنگە .ئەنیشکی کەواکەم هێندە شی ببۆوە تا کون ببوو و پڕم کردبوو لەلۆکە ، جانازانم ڕەنگە بەخۆم وام لێ نەکردبێت، ڕەنگە کەسێکی دی بۆی چاک کردبێتم .درگای مەیخانەکەم کردبۆوەو هاتبوومە دەرێ و وەک ئەوەی زۆر بەڵەد بم و لەو سەردەمە مێژووییە دا ژیابێتم ڕووم لە شارەبانی کرد و وەڕێ کەوتم .خرمە خرمی بەفر لە بن لاقم دەهات و سەرم هەڵێنا و کلووی بەفرم دەدیت کە لە ئاسمانی تاریکی شەوەوە بە سەما کردن و بێ نۆرە دەهاتنە خوارێ و سپیاییەک لە دڵی ڕەشایی شەودا کفنی بەسەر هەموو عەرز دا دادەپۆشی.

چراتۆڕەکەی نزیک شارەبانی گڕەکەی کەم هێز و کز ببوو ؛ دامگرت و دوو سێ ناسووسم لێداو گڕی گرتەوەو هەڵم واسییەوە . ئەمجار بەرچاوم ڕووناکتر بۆوەو سپیایی عەرزو بانم زیاتر لێ دیاربوو . بروسکەیەک بە نێوچاوانم داهات و پێم وابوو ئی ئەو ناسووس لێدانە بووە و نێوچاوانم عارەقی کردووەو ماندوو بووم .لاقم سەرمای بوو ، سەرم دانەواند و چاوم لە پێڵاوەکانم کرد ، دیسان برووسکەیەک بە نێوچاوانم داهات و گەرماکە بەلووتم دا چۆڕاوەو تنۆکەیەک خوێن بە هێواشی لە لووتمەوە تکاو بەهۆی کزەباوە بڕێک لە ڕێگەی خوێ لایداو لەولای لاقمەوە کەوتە سەر بەفری عەرزی و پاشان سووری کردەوەو یەکەم ڕەنگ بێجگە لە خۆڵەمێشی هاتە بەرچاوم و پاشان لەگەڵ بەفر یەکتریان لە ئامێز گرت و سپیایی بەفر بەهێزتربوو لە سووری خوێنو  خوێن سپی هەڵگەڕاو پاشان مەحفەوە بوو .

چاوم بڕیبووە سپیاییەکە و بەرە بەرە وێدەچوو عەرزەکە لەچاوم نزیک دەبێتەوەو و من هستم بە بەفر و سەرما نەدەکردو تەنیا لەسەر تەختێکی خەو دمەوڕوو خەوتبووم و لاق و باڵم لێک بڵاو کردبۆوە و چاوم لە عەرزی ژێر تەختەکەم بوو .عەرزێکی سپی . بڕێک ملم وەر سووڕاند و چاوم لە دیوار گێڕا ، هیچ دیوارێک بە دی نەدەکرا .تا چاو دەی پێکا هەر سپیایی .لەسەر تەختەکەم خۆم وەرگێڕاوە سەر پشت و چاوم لە میچەکە کرد ؛ میچی نەبوو ! تا کۆی بڵێم ؟تا بێ نەهایەت تا ئاسمانێکی بێ کۆتایی هەر سپییایی بوو ، سپیترین سپی .دانیشتمە سەر قوون .چووار دەورو پشتم هەروابوو .نە عەرز و نە ئاسمان و نە هیچ چوار چێوەیەک نەبوو .تەنیا سپییایی.

من تەنیا بوونەوەرێک بووم و تەختی خەوەکەشم تەنیا دەستکردی نێوان سرووشتی سپی و من بوو ، لە پەنای ڕاستی تەختەکەشمەوە شۆمینەیەک کە گڕێکی جوان و بەتینی هەبوو .چوار چێوی شۆمینەکە وەک زێڕ دەدرۆشاوەو هیچ قۆڵە و پشت و دیوارێکی نەبوو ، وەک تابڵۆیەکی نەقاشی زیندوو دەچوو ؛ یان من ڕەنگە پێم وابوو کە زیندووە چونکە گەرماکەیم هەست پێ دەکرد .ڕاکشامەوە سەر پشت و تازەم زانی ڕووتم .هیچم لە بەردانە بوو ، هیچ پەتوو یان لێفەیەکیشم پێدانەدرابوو .چاوم بڕییە ئاسمانی سپی و بێ کۆتایی و هەستم تەنیا بە ئارامی و ئاسوودەگی دەکرد .هەموو لەشم حەساوەو دڵم زۆر لەسەرەخۆ لێی دەدا .فێنکاییەک لە لاقمی دەداو تەڕی دەکرد. ڕاچڵەکێم و هەستامەسەر پی. خۆشترین شوێنێک کە لە ژیانم دا بیرم لێکردۆتەوە لە بەرامبەرم دابوو تا بێ نەهایەت ئاوو. زەریایەیکی ڕوون و بێ کۆتایی بە ئاسمانێکی شین و ڕوون و چەند پەڵە هەور لە سپیایی پێشوو .ئاو بە ئاستەمێک لە لاقتی دەداو ڕووانیتە لاقت .ژێر لاقت لیمێکی نەرم و وردە بەردێکی ڕەش و جوان کە کۆتایی ئاوی شەپۆلەنەرمەکانی زەریاکە ڕوونی دەکردنەوە لە پێش چاوت و شۆقی تیشکی خۆرت تێدا دەدیتن .تیشێرتێکی خەت خەتی ڕەنگیت لەبەر دابوو کە هەمو ڕەنگێکی تێدابوو .شاڵوارێکی کورت کە دەلینگەکەی دوو سێ قەدیش نووشتابۆوەو تا سەر چۆکت دەهات. شاڵوارێکی کە ڕەنگی سەوزی وەک زەیتوون دەچوو. سەرت هەڵێناو ڕووانیتە خۆر .تیشکی خۆر زۆر بە هێزەوە لە چاوت دکەوت و دەستت وەبەر چاوت گرت و سێبەرت بۆ چاوت سازکرد .تیشکی بەهێزی خۆر لە ناسکترین شوێنەکانی پیستی دەستتەوە تێدپەڕین و بەری دەستت شێوەی خاڵێکی سوورو بە ناوەندێکی ڕەشەوە کە بەرەبەرە بوو بە نوقتەیەک .چاوت هەر لەو سووراییە بوو .نووقمی ببووی  و کەوتبوویە دوونیایەکی سووری بێ چووارچێوەو بێ کۆتایی .لەسەرەوە خۆتت لێ دیار بوو بە تی شێرتێکی خەت خەتی ڕەنگی کە هەموو ڕەنگە کانی تێدابوو بێجگە لە سوور و شاڵوارێکی ڕەنگی زەیتوونیکە تا سەر چۆکت هەڵت کردبوو .خۆتت ورد و چکۆڵە لە سەرەوە دەدیت و  دەت دیت کە لەو دونیا سورە بێجگە لە تۆو تی شێرت و شاڵوارەکەت یەک نوقتەی ڕەنگی ڕەشیش لەبەر چاوتە .وەک جاڵجاڵۆکەیەکی چکۆلە کە لە سەرەوە دێتەخوارێ بەبەرچاوتەوە و زۆرت لێ نزیکە.دەستت هەڵدێنی کە بیگری بەڵام هێندە چکۆلەیە ناگیرێ.دیسان دەستت دێنی و قامکت لێک نزیک دەکەیەوەو چاوت کز دەکەی کە نوقتە ڕەشەکە بگری بەڵام بۆت ناگێرێت و چاوت خێل دەکات .تازە بۆت ڕوون دەبێت کە ئەوە نوقتە نییەو دەرگایەکە بە چوارچیوەیەکی بازنەیی و هێندە دوورە کە وەک نوقتەیەک دێتە بەر چاوت.خۆتت لەسەرەوە لێ دیارەو دەبینی کە بەرەو ئەو درگایە هەڵدێی .زۆر بە خێرایی هەڵدێت و درگا چوارچێوە بازنەییەکە لە بەرامبەری دایەو دەبێت خۆی پێ بگەیەنێت .هێمای بازنەیی درگاکە شێوەدەدات بە جیهانە سوورەکەو وەک ئەوەی درگاکە ڕێگەی دەر چوون لە دوونیایەکی لوولەییەو ئەو لەنێو لوولەیەکی سووری درێژدایە کە دەیهەوێ بچێتە دەر و بەرەو درگای دەرچوونی هەڵدەهات و وەک کەسایەتییەکی کارتۆنی دەچوو کە لەو لوولەیەدا هڵدەهات و

هەڵدەهات و تۆپێکی بەسکتباڵیشی پێ بوو .تی شێرتێکی خەتخەتی ڕەنگی و شاڵوارێکی کورتی تا سەرچۆکی لەبەر دابوو .قژی لە ژێر شەپکەیەکی شین دا بوو .ڕەنگی قژیشی وەک خورما و پێستیشی وەک زەردەچێوە  دەچوو.لووتێکی خڕ و لە سەر گۆناو لووتی خاڵی بەڵەکی ورد وردی تێدابوو .کوڕێکی مێرمنداڵی چاو زەقی کارتۆنی کە گازیشی لە زمانی گرتبوو و تۆپی بەسکت باڵەکەی لە عەرزەکە دەداو بەرەو درگا ڕەشە بازنەییکە هەڵدەهات و زۆر بەخێرایی هەڵدەهات و درگاکە وەک دەربیجەیەک یان بازنەیەکی تێلی چکۆلە کە بەرە بەرە گەورە  بۆوەو وەک تۆڕێکی بەسکت باڵ لەسەر سەری کوڕە کارتۆنییەکە بوو .دەنگی چەپڵەی بەشداربووانی ساڵۆنی بەسکت باڵ و هەواڵنێری مدیا جۆراوجۆرەکان و فیکەو هەراو ، کوڕەکارتۆنییەکەش کە پەڕیە حەواو تۆپەکەی لە تۆڕەکە هاویشت و دنیای کارتۆنی لە خێرایی کەوت و زۆر بە هێواشی تۆپەکە بە شێوەیەکی ئیسلۆمۆشێن لەتۆڕەکە دەچوە خوارێ و خولی دەخوارد و بە هەموو بارێک دا دەسووڕاو ماڕکی تۆپەکە وەدەرکەوت کە بەڕەنگێکی سپی بە کوردی لێی نووسرابوو، کۆتایی .

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا