‘ئم’ لە گۆڕەشار!

د. موحەمەد ڕەحیمیان

.

خوێندنەوەی ڕۆمانی گۆڕەشاری سەید قادر هیدایەتی

کەم و زۆر هیچ ناڵێ ئم نەبێ.

گٶڕەشار چوارەمین بەرهەمی سەید قادر هیدایەتییە کە لە دوای نۆڤلێتی دەنگی نوختە و ڕۆمانەکانی تۆقی عەزازیل و گابۆڕ بڵاو بوەتەوە. لە هەر یەکەی لەم ڕۆمانانەدا نووسەر بە هۆی شارەزایی بە سەر پەخشانی کوردی، ویستوویەتی لواویەکانی زمانی کوردی لە بواری رەوایەت و گێڕانەوە¬دا تاقی بکاتەوە. ئەم تاقی¬کاریە خاڵگەلێک وەک دم و راوێژ، ریتم، شێوازی دەربڕین، گفت و لفت و شێوەزارەکانی زمانی ئایینی، نەزیلە و نزا، حەقایت، ئەفسانە و پەندی کوردی و هتد دەگرێتە خۆوە. ئەم ڕاوێژە ڕەواییانە بە تەکنیکە مۆدێرنەکانەوە تێکەڵ ئەکریت و هەوڵ ئەدرێت ڕەوایەتێکی کوردی بە ڕاوێژ و فەزای زمانی پەخشانی کوردیەوە بخولقێ. ئەگەر لە دەنگی نوختەدا لە بەستێنی ڕاوێژی حەقایەتی کوردی¬دا گەمە بە هێما نگارشیەکان ئەکرێت و وشەگەلێک وەک “دوو نوختە” و “بڕۆ” و “دیکە” و هەندێ وشەی تر کەسایەتی¬یان ئەدرێتێ و ئیمکانەکانیان بۆ گێڕانەوە و گەمە لە گەمەزمانیێکی تایبەت¬دا تاقی دەکرێتەوە، لە تۆقی عەزازیل¬دا زمانی خانەقا و دوعا و نەزیلە و پاڕانەوە لە شێخ و مەشایەخ و زمانی مورید و مورادپەروەری بە مەودایەکی رەخنەئامێز و تەوسێکی شاراوەوە، دەبێتە هەوێنی زمانی گێڕانەوە.

گابۆڕ زمانی سەرزارەکی دوو لاوی کورد بۆ گێڕانەوەی مێژوو و بیرەوەریەکانیان تاقی دەکات و بە تەکنیکی تایبەتی کایەکردن بە وتم، وتی و دەرخستنی لواوی رەوایی ئەم فێعلانە، لایەنێکی تر لە لایەنە شاراوەکانی زمانی کوردی بۆ گێڕانەوە ئاراستە کردوە.

ئا: گٶڕەشار دەرفەتێکی دیکەیە بۆ تاقیکاری لە پێناو سازکردنی جیهانێکی زمانی تازە. جیهانی مەراق و داڵغە و ئاواتەکان کە بە فۆڕمێکی ڕەوایی پیشانمان ئەدات: “زمان یانەی هەبوون”ە. بە ودمی زمانە کە هەست بە بوون دەکەیت و خۆت دەرئەبڕی و سەبارەت بە خۆت ئەدوێی.  

کێشەی سەرەکی  گٶڕەشار لە سەر سووڕان و نەسووڕانی زمانە: «هەتە بەڵام دەبێ بزانی چۆنی هەڵسووڕێنی»(ل: ٧٣). «ناسووڕێ نا، زمانم بوەتە دەزگا»(ل: ٩٥). ئاماژەیەکی جوانی¬ناسانە و ئینتقادی بە سەرەکیترین ئەرکی هەر نووسەرێک کە لە کاتی نووسین و گێڕانەوەدا دەبێ بزانێ بە چ شیوە و شێوازێک لە لواویەکانی زمان کەڵک وەرگرێ. بەم پێیە و بە زۆر هٶکاری ترەوە، ئەکرێ گٶڕەشار بە ڕۆمانێک لە قەڵەم دەین کە سەبارەتە بە زمان، گەرچی نێوی ڕۆمانەکە و هەروەها هێنانی شێعرەکەی هەژار (تووشی ببوو دەردی گۆڕەشارێ/ هەر تاوە هەزار چەلان، نە جارێ)، خۆێنەر بەرەو کەشێکی ڕۆمانسیانە پاڵ پێوە دەنێ بەڵام تێکڕای رۆمانەکە لە سەر ئەو واقێعە فەلسەفیە داکۆکی دەکات کە بە بێ زمان، مرۆڤ تەنانەت لە دەرد و رەنجەکانی تێناگات. واتە مرۆڤ ئەگەر زمانی نەبایێ نە هەستی بە ڕەنجێک دەکرد و نە لە خۆی و لە مەراق و مەرامی خۆی تێ¬ئەگەیشت. پێم وا ئەگەر نێوی ڕۆمانەکە “ئم” بایە، یەکانگیریەکی تکنیکاڵ¬تری لە گەڵ ئەم مەبەستە دەبوو. وەڕەزی وەگێڕیش کە لە کۆرتەکاتێکدا وەک زۆر شتی تر بە سەر زمانی¬دا دێت کە «ئای چەندە وەڕەزم کەی تەواو دەبێ ئەو گۆڕەوشارە؟ گۆڕەوشار یان گۆڕەشار؟»(ل: ٥٥)، بە پێی شێوازی گێڕانەوەکە، ناکرێ لە بیرەبرووسکەیەک زیاتر بێت و هەر وەها ئاماژەیەکیش بێت بە پرسیاری خوێنەری چالاک. دیسانیش بە پێی شێوازی دەقەکە، بڕیاریش نیە کە ئەم دەقە بیرۆکەیێک یان شرۆڤەیەکمان سەبارەت بە هیچ شتێک یان مەبەستێک بداتێ. دەقێکە کە پەیتا پەیتا بابەت و هەڵوێستی دەگۆڕدرێ و لە سەر بنەمایەکی نەگۆڕ راوەناوەستێ.

بە پێی قەوارەی رۆمانەکە، وەگێڕ لە چوار رۆژی دیاری¬کراودا و بۆ ماوەی بیست و دوو کاژمێر، لە بەر خۆیەوە قسە ئەکات و وەک بڵێی وڕینە بکات، زۆرێک لە بیرەوەریە تاڵەکان و رەنج و مەراقەکانی خۆی ئەگێڕێتەوە بە شێوازێک کە گەلێک وێنەی نیمەچڵ و بیر و بۆچوونی شپرزە و ئامۆژگاری نیمە نەستەق و کەسی ناسراو و نەناسراو بە سەر یەک¬دا کەڵەکە دەبن. رەنگە لە روانگەیەکی دەروون¬ناسانەوە بکرێت ئەم شێوە گێڕانەوەیە بە ئافازیا یان شێوەیەک لە شێوەکانی زمانئاڵۆزی لێکدەینەوە کە بەم پێیەش هەر دەقەکە زۆر سەرکەوتوانە توانیویەتی بە زمانێکی هەرچی پەرچی بارودۆخێکی نالەباری ڕەوانی بگێڕێتەوە؛ بەڵام چون خوێندنەوەی دەق بە ڕوانگە نائەدەبیەکان و گوێستنەوەی دەق بۆ پاوانەکانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی یان هەر چەشنە مەعریفەیەکی داسەپاوی تر، لایەنی جوانی¬ناسی دەقەکە ئەشێوێنێ و بە لاڕێمان دەبات، بۆیە هەر لە ناو خۆدی دەقەکە دەمێنین و تێ¬ئەکۆشین وەکوو جیهانێکی زمانی و رەوایی لێکیدەینەوە.

کەسێک کە ئەکرێ ناوی ئازاد بێت، – هیچ شتێک لەم دەقەدا سەقامگیر نییە-، بە وەڕزیێکی تەواوەوە شەمبە و چوارشەمبەکانی – لە کاژمێری ٣ی دوای نیوەڕۆوە تا ٩ی شەوێ (چوارشەمەی دووم تا ٧ی ئێوارە)، کە دیالیز دەکرێت و لە دۆخێکی نالەباردایە – خۆی دەگێڕێتەوە. ئەم ولەوێژیە هێندە بێ سەر و بن و دووپاتەکراوە کە خودی وەگێرێش وەرەز دەبێت و دەڵێت: «وەڕەزم لەو هەموو قسە و زۆر بڵێییە»(ل: ٧٧). پێکهاتەی رومانەکە و شێوە گێڕانەوەی بە سەرکوتوویەوە ئەم وەڕزیە ئەگوزێتەوە لای خوێنەریش و بێگومان زەین و زمانی خوێنەر، تێکەڵ بەم جاڕزی و بێزاریە دەبێت. با بڵێین دەقەکە دەگاتە ئاستێک کە جاڕزبوونت پیشان ئەدات. واتە سەبارەت بە بێزاری یان کەسێکی بێزار، قسە ناکات بەڵکوو لە گەڵ خودی بێزاری رووبەرووت دەکاتەوە.

بناخەی ڕۆمانەکە لە سەر بنەمایەکی پاڕادۆکسیکاڵ دانراوە. بەم شێوەیە کە “ئازاد”ی بەستەزمان کە لە “ئم” زیاتر هیچ شتێکی تری بۆ نایە، بێ¬وچان بە بارستایی ٢٠٢ لاپەڕە لە گەڵ ماریا (کەسی نادیاری ناو چیرۆکەکە) قسە دەکات. «ماریا نازانم بۆچی چیرۆکی من وڕینەی کەسێکی نەخۆشە؟»(ل: ٢٠٠)، لە لایەکی تریشەوە “ئازاد” لە ڕستە پچڕپچڕەکانی¬دا، کە بە لۆژیکی وڕینە و فڵتە  قسە دەکات و لە مەنتقی باوی زمانی لا ئەدات، سەبارەت بە زۆر شت قسە دەکات و بەڵام بە گشتی شتێکی ئەوتۆ ناڵێت. بە پێی ئەم دژوازیانە ئەم پرسیارە دێتە گٶڕێ کە ئاخۆ ئازاد- دەق یان رۆمانەکە – کە ناتوانێ قسە بکات بۆ قسە دەکات یان ئەگەر هیچی بۆ وتن نیە بۆ ئەو هەموو شتە دەڵێت؟ “سامۆئیل بێکێت” لە وت و وێژێکی¬دا دەڵێت: «هێچ شتێک بۆ وتن نیە و هیچ شتێکی شیاوی وتنەوە نیە، ئەوەی کە هەیە پێویستایەتی وتنەوەیە»(بێکێت، ١٢٣). کە وایە دەق لە سەر پێویستایەتی گێڕانەوە دامەزراوە و بێجگە لە وتنەوە مەبەستێکی تری نیە، هەر وا کە زمان بۆ وتنەوە و گێڕانەوە خوڵقاوە. گێڕانەوەیەک کە لە مەنتقی ئاسایی مۆنۆلۆگ و دیالۆگ دابڕاوە و بە سازدانی لۆژیکی تایبەتی خۆی، گەیشتوەتە زمانێکی رەوایی نوێ تاکوو بەم زمانە، جیهانێکی تازە واتە مەعریفەیەکی تازە پێک بێنێت. ئەم ‌ئیدعایە پرسیارێکی گرینگ لە گەڵ خۆی دێنێتە گۆڕێ. ئەویش ئەوەی کە زمانێکی ئاوا ئاڵۆز بەو رستە ناتەواو و ڕایی¬ڕاییەی، بۆی ئەلوێت مەعریفەیەک بێنێتە گۆڕێ؟ ئاخۆ ئەوە چ مەعریفەیەک بێت کە بەم زمانە بگوورێ و لە بەستێنی ئەندێشەدا بڕسکێت؟

لێرەدا هەوجە بەوە ناکات کە بە لاڕێ¬دا بچین و باسی پێوەندی و هەروەها جیاوازیەکانی نێوان مەعریفەی فەلسەفی و مەعریفەی جوانی¬ناسانە (ئەدەبی) بکەین؛ بەڵام داکۆکی لە سەر ئەوە ئەکەین کە ئەگەر بڕیار وا بێت کە مەعریفەیەک لەم ڕۆمانە هەڵ¬ئەنجێنین، ئەوە وە پشت گوێ خستنی مەعریفەیە. هٶکارەکەشی ئەوەیە کە ئەم ڕۆمانە لە هەر چەشنە ڕەوایەتێک هەڵتێت و خۆی لە هەر جۆرە ڕانان (representation)ێک، لا ئەدات.

“ژیل دۆلووز”، پی وایە کە «ئەدەبیات هیچ ئیدعا یان داوایەکی لە پێناو چییەتی و ماهییەتی جیهان¬دا نییە بەڵکوو خوازیاری وەگەڕ هێنانی خەیاڵە سەبارەت بە جیهانێکی لواو»(کولبروک، ٢٥)، واتە ئەو جیهانەی کە “ئازاد” ی تێدا دامەزراوە ، جیهانێکە لەو جیهانە بێ¬ئەژمارانەی کە خەیاڵ بۆی دەکرێ بیخولقێنێ؛ بەڵام لە بیرمان نەچێ کە ئەمە جیهانێکی رەواییە کە لە بەستێنی زمان¬دا خولقاوە و بوەتە ئەمری واقێع. واقێعێک کە لەوێدا “ئازاد’ زمانی لێ چوەتە بەس و لە گەڵ کەس نادوێ ئیللا “ماریا’ نەبێ. وەشەی واتابەخشی سەرانسەری ڕۆمانەکە، وشە بێ¬واتاکەی ‘ئم” ـه کە ‘ئازاد’ «بە کەم و زۆر هیچ ناڵێ ئم نەبێ»(ل: ٢٧). کێشەی سەرەکی ڕۆمانەکە لە سەر گرێ و عوقدەیەکی بەئانقەستە کە ‘ئازاد’ بۆ کردنەوەی ئەم گرێیە، دەخیلی مۆعجیزەی وەحلول عوقدەتەن مین لیسانی دەبێت و مرادی حاسڵ نابێت.

ئەو دنیایەی کە ئەم ڕۆمانە ئەیگێڕێتەوە، دنیایەکە کە لە هیچ شوێنێکی دیکە دەس ناکەوێ ئیللا لەم ڕۆمانەدا نەبیت. واتە ڕۆمانەکە جیهانێکی سەربەستە کە بە خۆی نەبێت بە هیچ شوێنێکی تر ئیرجاع¬مان نادات. “دۆلووز” لەو بڕوا “ئەرەستوو”یە کە پی¬وایە جیهانێکی لەپێش¬تابین¬کراو لە بەرانبەر مرۆڤ¬¬¬دا بۆ راڤە و تێگەیشتن دانراوە، تێئەپەڕێ و تەنانەت بە سەر سۆبژێکتێڤیتەی “کانت” و دیاردەناسی “هووسێرل”¬یش¬دا رائەبرێ و سەبارەت بە ئاسەواری فەلسەفی و هۆنەری وا ساغ ئەبێتەوە کە «پێو وا نەبێ کە ئێمە خاوەنی جیهانێک¬ یان ژیانێکین کە فەیلەسووف و نووسەرەکان. بۆمانی شرۆڤە یان وەسف ئەکەن. هەر کردارێکی هونەری، زانستی یان فەلسەفی، خۆی لە خۆی¬دا رووداو و گۆڕانێکە لە ژیانی ئێمەدا و هەر گۆڕانێکیش بە شێوەی تایبەتی خۆی ژیان ئەگۆڕێت»(کولبروک، ٢٤). بابەتی سەرنج ڕاکێشی ئەم بۆچوونە ئەو مەودا جوانی¬ناسانە و رەخنەئامێزەیە کە لە نێوان جیهانی واقێع و جیهانی بەرهەم¬دا دادەنرێت. بە پێی ئەم روانگەیەی دۆلووز، بەرهەم کە لێرە¬دا مەبەستی ئێمە بەرهەمی رەوایی و داستانییە، لە هەر چەشنە ڕانان و وەنواندنەوەی جیهان و ژیان خۆی ئەپارێزێت. چونکوو «هونەر هۆکاری وەنواندنەوەی جیهان یان بابەتێک بۆ حوکم¬دان سەبارەت بە جیهان و چەمکەکان نییە»(پێشوو، ٢٥). گەر بێتوو بەرهەم وەک ئەندێشە بسەلمێنین. بە بۆچوونی دۆلووز، نابیت ئەم ئەندێشەیە بە کردارگەلی ساکاری وەک ڕانان و مەعریفە سنووردار کەین و بیرۆکە نائەدەبی و یاسا و رێسا گرساوەکانی بە سەردا داسەپێنین. «هیچ سامان و نیزامێکی زمانی دەروەستی ئەوە نییە کە ڕەوتی ژیان بگێڕێتەوە، مەبەستی هەر نووسراوەیەک، داهێنانە نەکوو وەنواندنەوەی ئەوەی کە پێشتر هەیە»(پێشوو، ١٦).

گٶڕەشار داهێنانێکی زمانیە کە بە ڕستەگەلێکی پچڕپچڕ و بە زمانێکی پڕ گرێ و گۆڵ خۆی ئەگێڕێتەوە. زۆربەی ڕستەکان ناتەواون و گرێ دراونەتە ڕستەکەی ترەوە و هەر ڕستەیەک دەنگی کەسێکی لێ دێ. دەنگە دەنگێکە کە مەڵێ و مەزانە. ئەم شێوە ڕەواییە نابێت نە بە مۆنۆلۆگی کەسێکی شیزۆفێرنیک کۆرت کرێتەوە و نە وەک دەقێکی چەند دەنگی بخوێنرێتەوە. مۆنۆلۆگی کەسێکی شیزۆفرنیک نییە چون وەگێڕ لە چۆنایەتی بار و دۆخی خۆی تێدەگات و بە زمانێکی تەوساوی و رەخنەئامێزەوە سەبارەت بە بارودۆخ و دەور و بەری خۆی ئەدوێ و لاسایی دەنگەکانی تریش ئەکاتەوە. دەقێکی چەند دەنگی نیە چونکوو هەموو دەنگەکان لە سەر زارێکەوە ئەوترێن. لە دەسپێکی دەقەوە ئەم دەنگە دەنگە ئەبیسین:

ئم، سێبەری شتە رەشەکە بەسپایی بە دوام¬دا، ئم نا، بڵێ بەڵێ! ئم چییە. تازە تۆ گەورە بووی. مەڵێ ئم عەیبە ئابڕوومان دەچێ. خەڵک دەڵێن ئەو کوڕە نازانێ بٶنی چی و چی دێ. فشار خوێن. دیابێت، سەرما، سوێری؛ ئەو چوار شتە دوژمنی ئەو کوڕەتان ئم نەبێ لە کەم و زۆر هێچ ناڵێ. بیری ماسیەکان دەکەم ماریا. بە سەر هاتی خۆیان بۆ منیش زۆر شتی خۆمم بۆ گێڕاونەوە. ئەوە ناخۆشە بێگۆڕه بیکە شتێکی تەنیا شتێکی دیکەی لێم بیستووە جارێک گوتی دایە و ئەو جارەش لە جیاتی بابا گوتی ئاغا. ‘پایز پایز کە تۆ هاتی هەوارگەی دڵ پڕ گریانە، بارانی تۆ گریانی من گەڵاڕێزانە’ نازانم ئیدی بۆ دەینیرمەوە مەدرەسە. ‘ئازاد گیان! بەڵێ دایە. گەیشتووی کۆڕم؟ بەڵێ لەوێم. نۆرەت هاتوە؟ نا زۆرم ماوە. زۆر باشە کارت نییە جارێ؟ نا دایە گیان’. بە داخەوە. درۆ دەکا هیچ بە داخەوە نییە. تێشی ناگا. د دوکتور و  ئازمایش و پ پزشکیشم قەبووڵ نییە. … شەویش هەر سپڵ. ئاخە دایە تا کەی کەوشە کۆنم بۆ دەکوڵێنن و دەرخواردم دەدەن.

١- ئم :  وڵامی کەسێکە / ٢- سێبەری شتە رەشەکە بەسپایی بە دوام¬دا : وەگێڕ لە گەڵ خۆیەتی یان لە گەڵ خوێنەر(ئەگەر چی زۆری پێ گرینگ نیە خوێنەر گوێی لی بگرێ یان نا). ٣- ئم نا، بڵێ بەڵێ! ئم چییە. تازە تۆ گەورە بووی. مەڵێ ئم عەیبە ئابڕوومان دەچێ : دەنگی فەرماندەرانە و قیزەونی باوک یان دایک یان هەرکەسێک کە ئابڕووی بەندە بە ئابڕووی دەور و بەرو و لە جیاوازییەکان تێ¬ناگات. کەسێک کە ئازادی و ئازایەتی خۆی بە زیندانی کردنی دیتران تابین دەکات. زاڵترین دەنگی کۆمەڵگای باوکەزاڵی کوردەواری. ٤- خەڵک دەڵێن ئەو کوڕە نازانێ [قسە بکات] بٶنی چی و چی دێ. شێوازێکی داهێنەرانە لە گێڕانەوەدا خۆیا دەبێت. بابەتێک کە هەم بوێری وەگێڕ و هەم هوشیاری خوێنەری پێویستە. لادان لە مەنتقی باوی زمانی و بازدان بە سەر فێعل وەک مانابەخشترین و گرینگ¬ترین بەشی هەر ڕستەیەک. بە گشتی سڕینەوەی فێعل وەک پاشای زمانی باو و هەنجار، دەکرێ ئیستەعارەیەک بێت لە سڕینەوەی باوکەزاڵی و داب و نەریتی باو. هەموو شۆڕشێک لە زمانەوە دەس پێ¬ئەکات. کە بوێری لادان لە یاسا و رێسا زاڵەکانی زمانت پەیدا کرد، وردە وردە ئەو بیر و هزرانەی کە لە پاوانی زمانیدا قۆرخ کراون و باڵیان بە سەر ژیان و جیهاندا کێشاوە، درزیان تێئەکەوێت و خاو ئەبنەوە. هەر وەک ئەو قەڵشتانەی کە لە گۆڕەشاردا پەیتا پەیتا لە دام و دەزگای عیمارەتی زمانی هەنجار وەدەر ئەکەوەن.

خەڵک دەڵێن ئەو کوڕە نازانێ … بۆنی چی و چی دێ.  وەگێڕ سەبارەت بە ئەو شوێنانە کە پی  قیزەونە و دیالیز و کۆنتڕۆڵی میز و گمێزی تێدا دەکەن، ئەدوێت و هاوکاتیش لەو قسە نالەبار و ئامۆژگاریانە بێزی دێتەوە، ئەم شێوە دەربڕینەی قیز و بیز لە خۆت و لە مرۆڤ، قیزە نێهیێلیستییەکەی ‘نیچە’مان بیر دێنێتەوە کە دەیکوت جیهان خەرجێکی زۆر بە فیڕوو ئەدات بۆ پاراستنی مرۆڤ، بەڵام بێهوودەیە. ٥- فشار خوێن. دیابێت، سەرما، سوێری؛ ئەو چوار شتە دوژمنی ئەو کوڕەتان[ـه] ئەو کوڕەتان ئم نەبێ لە کەم و زۆر هێچ ناڵێ. لەم رستەیشدا دەنگی دوکتور لە گەڵ دەنگێکی تەوساوی تێکەڵ دەبێت و کەشی داستانەکە دەگۆڕێت. ئیجازێکی داهێنەرانەش لەم رستەیەدا بە دی دەکرێت کە لە زۆر شوێنی ڕۆمانەکەدا کەڵکی لێ وەردەگیردرێت. ئەم شێوە کورتبێژیە ئەکرێت ببێتە شێوازێک و وەک گەمەیێکی زمانی بە مانا ویتگێنشتاینییەکەی لە پاوانی زمانی رەواییدا بێتە کایەوە. ٦- بیری ماسییەکان دەکەم ماریا: دەنگی راستەقینەی ‘ئازاد’ یان با بڵێین وەگێڕ بۆ هەوەڵین جار دەبیسین. بۆیە دەڵێم راستەقینە کە لە رەوتی رۆمانەکەدا لێمان دەرئەکەوێ کە ئازاد خودی راستەقینەی خۆی تەنیا لە بەرانبەر ماریادا دەگێڕێتەوە و راستیەکانی ژیانی بۆ ئەو باس ئەکات: ماریا بچینە کوێ نام دیار نەبین؟ بە سەر هاتی خۆمت لە نازانم کوێ بۆ بگێرمەوە؟ (ل: ١٤٤) ٧- بەسەرهاتی خۆیان بۆ [من گێڕاوەتەوە و] منیش زۆر شتی خۆمم بۆ گێڕاونەوە. ئەمەش نموونەیەکی تر لە ئەو شێوە ئیجازەیە کە پێشتر باسمان کرد. پێویستە ئەوەشی پێ زیاد کەین کە ئەم کورتبڕییە تا کۆتایی ڕۆمانەکە وەکوو خاڵێکی تەکنیکی بەردەوام بە ڕواڵەتی جۆراوجۆر دووپات دەبێتەوە: تەکنیکێک بۆ بەشداری خوێنەر لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە و تەواو کردنی ڕستەکان. لەم شێوازەدا خوێنەر دەبێت بە جۆرێکی وشیارانە و چالاک ڕستە بە ڕستە هاوڕێی وەگێڕ بێت و لە ڕەوتی ڕەوایەتەکە نەخافڵێ: دایە لەوێ روو مەدە بە [ئەو کابرایە] کام کابرا ئازاد؟(ل: ٦٥)./ ماریا دەبوو لەو وەختەدا بە ئاغام بڵێم ئێمە هەموو قوربانی دەستی[…] بٶگەنێکی پیس دێ لەم گورچیلەخانەیە. بەڵام من زۆر شتم قەت نەگوتوە. بە تۆیان [کوتوە؟] ئاخە بەو زمانەمەوە چۆنی بڵێم؟(ل: ٩٢)  نا هیچم بۆ گرینگ [نییە] ئاخە ئازاد باوەڕت بە هیچ نییە باوەڕ رەنگ و بۆی هەموو شتێک ئەرێ گوتی چی لێ دەکا؟(ل؛١٦٧). مریشک بۆ خۆی خۆڵ وە سەر نازانم کوێی خۆی نەکا کەس ناتوانێ نازانم چی بە سەر کوێی¬دا بکا(ل: ١٧٢).

٨- . ئەوە ناخۆشە بێگۆڕه بیکە شتێکی [دیکە.] تەنیا شتێکی دیکەی لێم بیستووە جارێک گوتی دایە و ئەو جارەش لە جیاتی بابا گوتی ئاغا: دەنگێک کە داوای  گۆڕینی ئاهەنگێک دەکات. یان ئازاد داوای گۆڕینی ئاهەنگەکە لە دایکی کردوە و دایکی بۆ کەسێکی دیکە دەیگێڕێتەوە کە ئازاد بێجگە لەوەی کە داوای گۆڕینی ئاهەنگه¬که¬ی کردوە، جارێک کوتویە دایە و جارێکیش لە جیاتی بابا وتیەسی ئاغا.    ٩- ‘پایز پایز کە تۆ هاتی هەوارگەی دڵ پڕ گریانە، بارانی تۆ گریانی من گەڵاڕێزانە: ئەمەش دەنگی ئاهه¬نگەکە کە گۆڕاوە و دەبێ بە دڵی ئازاد بێت. ئاماژەیەکیشە بە دڵە کەیلەکەی ئازادی عاشقی ماریا. ١٠- نازانم ئیدی بۆ دەینیرمەوە مەدرەسە: دەنگی باوکی ئازاد کە وشەی پاییز مەدرەسەی وە بیر وەگێڕ هێناوەتەوە و ناقاییلی باوکی لە بۆ هەناردنی بۆ مەدرەسە. ١١- ‘ئازاد گیان! بەڵێ دایە. گەیشتووی کۆڕم؟ بەڵێ لەوێم. نۆرەت هاتوە؟ نا زۆرم ماوە. زۆر باشە کارت نییە جارێ؟ نا دایە گیان’: دەنگی وت و وێژی ئازاد و دایکی کە تا ئەم بەشە سەرڕاسترین  داڕشتی زمانییە و لە ناو رستەکانی تردا وچانێک بە خوێنەر دەدات و زمانی ڕاوی و خوێنەر ناگیرێ. ١٢- . بە داخەوە: رەنگە دەنگی دوکتور بێت کە بۆ بارودۆخی ئازاد بە داخەوەیە. درۆ دەکا هیچ بە داخەوە نییە. تێشی ناگا: دەنگی ئازاد کە دوکتورەکە وە درۆ دەخات و لێی نەبانە. ١٣- د دوکتور و  ئازمایش و پ پزشکیشم قەبووڵ نییە. … شەویش هەر سپڵ. ئاخە دایە تا کەی کەوشە کۆنم بۆ دەکوڵێنن و دەرخواردم دەدەن : دەنگی ئازاد و بەرهەڵستیەکانی بەرانبەر بە بنەماڵەکەی.

بە شیکاری لاپەڕەی یەکەمی گۆڕەشار تا ڕادەیەک تەکنیک و ڕێکارەکان و شێوازی ڕەوایی ئەم ڕۆمانەمان لێ ڕوون بوەوە. شێوازێک کە وەکوو تایبەتمەندی و خه¬سڵەتی گشتی بوەتە تەوەرەی گێڕانەوە لەم ڕۆمانەدا. تەکنیکێک کە لە سەر زمان¬گرتن دامەزراوە،

دیارە هەبوون و هەستی هەر ڕەوایەتێک بە زمان بەستراوە و زمانە کە بوونی دەخاتە بەر. ڕۆمانی گۆڕەشار لە سەر زمانی کەسێکی لاڵەپەتە کە قسەی باش بۆ نایە دامەزراوە. وەگێڕ زمان دەگرێت. زمان¬گرتن لە کوردەواری¬دا بە دوو واتای دژلەیەک کەڵکی لێ وەرئەگیردرێ: لاڵەپەتە بوون / فێرە قسە بوون. ڕۆمانەکە بە پێی ئەم دوو مانا دژوازە، قەوارەی ڕەوایی خۆی پێک هێناوە و بە شێوەیەکی داهێنەرانە شوناسی بەم دوو واتا یان باشترە بڵێین بە وشەی ‘زمان¬گرتن’ بەخشیوە. زمان-گرتن لە ئاستی کەمایەسی زمانی هەڵکشاوە و بوەتە شێوەزارێکی ڕەوایی. بە حوکمی ڕەوایەت کەسێکی لاڵەپەتە زمانی گرتوە و سەبارەت بە خۆی و ئەوین و فەزای مەجازی و گەلێک لە کەسانی دەور و بەری خۆی دواوە. بە پێی بۆچوونی گەلێک لە فەیلەسووفەکانی زمان، هەر چەشنە کەمایەسی زمانی لە مرۆڤ¬دا کەماسییەکە لە جیهان و مەعریفەی ئەودا. واتە تێ¬گەیشتن و مەعریفەی هەر کەسێک سەبارت بە جیهانی خۆی بە زمان و لە زمان¬دا بێچم دەگرێ. زمان¬گرتنی ئازاد دونیایەکی ئاڵوز و پڕ گرێ و گۆڵی درووس کردوە. دونیایەک کە پێش ئەم ڕەوایەتە بوونی نەبوو. دونیایەک کە وێنە و بارودۆخ و کردار و کەسایەتییەکان بە سەر یەکدا کەڵەکە دەبن و ئاپۆرەیەک لە قسە و گلەیی و گازندە و هەڵوێستی فەلسەفی و رەخنەی مەعریفی ساز دەبێت. زمان¬گرتن نابێتە بەرهەڵست بۆ گێڕانەوە بەڵکوو دەبێتە زمانێکی نێهیێلیستی بۆ پیشان دانی بێهۆدەیی و بێ¬ئەنجامی جیهان و مرۆڤ و ئاکارەکانی.

لە سەرەتاوە کێشەی وەگێڕ کێشەی زمانییە. چیرۆکەکە بە “ئم’ وە دەس پێ ئەکات و وت و وێژێکی ئاڵۆز دێتە گۆڕێ. ناوە ناوە لە تۆی دەقەکەدا ئەم کێشە زمانییە بە شێوەی تەلمیح و بە ئاماژە بە نێوی مووسا و ئایەتەکانی ” قالَ ربِّ اشرح لی صدری/ و یَسِّر لی امری/ وَاحلُل عُقدهً مِن لسانی/ یفقَهوا قولی” رەنگێکی ئوستوورەیی و رازئامێز دەگرێتە خۆوە تا پێمان بڵێت کە مرۆڤ و ئەندێشە هیچ نییە ئیللا دەربڕین و گێڕانەوە و لە گیڕانەوەشدا مرۆڤ دایمە کول و کڵۆڵە. «وەحلول. بیکەوە … عوقدەتەن. قفڵی دەرگا. ئەوە زمانم بۆ وا دەکا؟ قفڵە زمانم»(ل: ٤٢). «وەحلول عوقدەتەن زمانم مانم زمانم مانم»(ل: ٦٠). «وەحلول عوقدەتەن مین لیسانی خۆم دەکەمەوە»(ل: ١٣٤). «ئەمن چیرۆکێکم بە دەستەوەیە، دەستت نێوی گۆڕەشارە کەسایەتییەکەی دەستمان زمان دەگرێ … گۆڕەشار چییە ترپە و فڕکەی دڵمە یان جووڵەی دەستمە … گرێ دراوە یان قفڵە یان شەتەک دڵم تەپە تەپیەتی یان دەستمە لێم بپرسی بزانی زمانم نووسەرە …»(ل: ٤٧).

لە هەموو رەوایەتێک¬دا دوو مەترسی گرینگ هەیە: یەکەم باش دەرنەبڕینی بابەت لە لایان بێژەر و دووهەم تێنەگەیشتنی بەردەنگ. مووسای پێغەمبەریش ئەم دوو دڵەڕاوکێیەی بووە و لە سەر دەقە ئایینیەکانیش مشت و مڕی تێگەیشتن و تێنەگەیشتن کێشەیەکی بێ¬بڕانەوەیە. “ویتگێنشتاین” لە کتێبی “تراکتاتووس¬”دا دەڵێت: بە ڕاستی کە شت¬هایەک هەن کە لە قەوارەی وشەدا ناخونجن بەڵکوو خۆیان پیشان ئەدەن، ئەوانە هەر ئەو بابەتانەن کە پێی دەڵێین بابەتی رازئامێز(ویتگێنشتاین، ٦.٥٢٢). گەرچی ویتگێنشتاین لە کتێبی ‘لێکۆڵینه¬وە فەلسەفیەکانی’دا لەم روانگەیەی خۆی پاشگەز دەبێت و دەستەواژەی “گەمەی زمانی” بە کار دێنێ، لە تراکتاتووس¬دا پی وایە بابەت یان بابەت¬هایەک لە ئەو پەڕی زمان یان با بڵێین لە دەرەوەی زمان¬دا هەن کە لە کۆتن نایەن. بۆیە بابەتەکان بە دوو بەشی “واتەنی” و “ناواتەنی” دابەش دەکات کە ناواتەنییەکان دەبێت پیشان بدرێن نەکوو بوترێن.

رۆمانی گۆڕەشار نە دڵەڕاوکێی باش دەربڕینی هەیە و نە نیگەرانی تێگەیشتن و تێنەگەیشتنی بەردەنگە. نە بابەتێکی رازئامێزی پێیە و نە ناواتەنییەکی بۆ پیشان دان هەیە؛ بەڵکوو زمانگرتن وەک هەوێنێک بە کار دێنێ بۆ دۆزینەوەی توانست و لایەنە شاراوەکانی زمان لە گۆڕەپانی گەمەیەکی تازەی رەوایی¬دا. لەم گەمەیە¬دا هێچ شتێک لە دەرەوەی زمان¬دا نییە و هەر شتێک دەگێڕدرێتەوە هەر ئان و سات لەو زمانەدا دەخولقێ. ئەوە زەینێکی ئاڵۆز نییە کە بە شێوەیەکی ئاڵۆز شتەکان¬مان بۆ ئەگێڕێتەوە. ئەوە زمانێکی ئاڵۆزە کە جیهانێکی رەوایی ئاڵۆز دەگێڕێتەوە و بوونی دەخاتە بەر. 

«ئەمن چیرۆکێکم بە دەستەوەیە، دەستت نێوی گۆڕەشارە کەسایەتییەکەی دەستمان زمان دەگرێ. … گۆڕەشار چییە ترپە و فڕکەی دڵمە یان جووڵەی دەستمە چۆن بتوانم چی پێ بڵێم گرێ دراوە یان قفڵە … »(ل: ٤٦). دەست و زمان وەک دوو کەرستەی نووسین و کوتنەوە و هەر وەها وەک ئامرازی رەوایی، زەق کراونەتەوە تاکوو لایەنی رەوایی و زمانی بابەتەکە داکۆکی لە سەر بکرێت و بە خۆی ئیرجاع بدرێت و چیرۆکێک لە نێوان سێبەر و واقێع یان فەزای مەجازی و حەقیقی¬دا بخولقێ. سێبەرێک کە لە سەرەتاو و کۆتایی¬ چیرۆکەکەدا زەفەر بە وەگێڕ دەبات و دەبێتە هۆی وە بەس چونی زمانی: ئم، سێبەری شتە رەشەکە بەسپایی بە دوام¬دا(ل: ٩)/ ئێرە نازانم کوێیە سێبەری ئەو هەموو دەست و سەر و لاق و زمانە لەت¬وپەت و بڕاوە نازانم چییە ئەو هەموو خوێنە نازانم چییە رژاوە پڕش¬وبڵاوە حەقیقەت نازانم چی لیهاتووە؟(ل: ٢٠٢).

ب) “ژیل دۆلووز” و “فیلیپس گاتاری”، لە کتێبی “دژ بە ئۆدیپ: کاپیتالیسم و شیزۆفێرنیا ” دا، ئەو دەروون¬ناسییه فرۆیدیەیان خستە ژێر گومانەوە کە مرۆڤ دەروون psycheێکی چەقبەستووی هەیە و بە پێی ئەو پێکهاتە نەگۆڕە، ژیانی زەینی و دەروونی خۆی بە شێوەیەکی ئاسایی و هەڵوەژێر ئەباتە سەر. لە بۆچوونی باوی فڕۆیدی¬دا پێوانەیەکی پێشینی a priori دەروونی، بوونی هەیە کە تەندورستی ڕەوانی کەسەکان بەو پێوانەیە هەڵئەسەنگێندرێ. دۆلووز و گاتاری ئەو پێوانە و دەروونە پاوەجێیانەیان تێکشکاند و زاراوەی شیزۆئانالیز(schizoanalysis)یان بۆ بیچم¬بەندی مەعریفەی خۆیان داهێنا. لەم زارەوەیەدا دەروونی مرۆڤ پەڵەیەکی پێکهاتەمەند نییە بەڵکوو پاژگەلێکی لەت لەتە. شیزۆئانالێز لە بەرانبەر کەسی شیزۆفێرنیک¬دا کە لە پێوەرە نەگۆرەکان لا ئەدا و ژیانی ئاسایی ئەکەوێتە مەترسیوە، دەروونێکی بگۆڕی هەیە کە دایم لە جمشت¬دایە. لە حاڵێکەوە ئەگۆڕێتە حاڵێکی تر و جیهانێکی قەوارەدار و تێگەیشتنێکی تاکتەریبی لە بابەتەکان و بارودۆخی خۆی نییە. پەیتا پەیتا ئەزموونەکانی خۆی ئەگۆڕێت و بوونی خۆی لە جیهان تازە دەکاتەوە.

لە گۆڕەشاردا کەسایەتی ‘ئازاد” لە سەرانسەری دەق و لە ناو ڕەوایەتەکەدا تەکسییر دەبێت. هەموو بارودۆخەکان و شت و مەک و کەسایەتیەکان بە شێوەی خۆی لێک¬ئەداتەوە و وەک دیاردەیەک لە گەڵیان ڕووبەڕوو دەبێتەوە. لە کورتە ساتێک¬دا لە چەندین بابەت ئەدوێ: بۆنی ئەو ئاودەستانەیە یان میزی ئەو نەخۆشانە؟ نەخۆشی وایە سێ کیلۆ میزی پێیە، هی وایە چوار و پێنج و شەش و حەوت و؛ ئەو هەمووه ژمارەیە. بۆ ئێستا ئەگە باسی ماریا دەکەم نیشتمان بزەی دێتێ و دەڵێ بۆچیتە؟ لە هەوەڵەوە دەیگوت خەونت دیوە ئازاد. سەرم دەخورێنم و توند بە زمانم پاڵی پێوە دەنێم و توند لە ددانەکانی خوارەوەی دەگیرێنم. …(ل: ٨٩).

لەم شێوە ئەزموونە¬دا هەر وشەیێک ئەزموونێکی تر تەداعی ئەکاتەوە و هیچ بابەتێک دەوامی داییمی نییە. لە سەر بابەتێکەوە باز ئەداتە سەر بابەتێکتی تر و بازبازێنە بە زمان و ژیانی ڕەوانی خۆی دەکات: وەییی لەو دەزگایەش. کاکە پێت بڵێم چی بکەی؟ ئم. بڕۆ، برۆم چی بخوێنمەوە؟ کتێب دەتوانێ ببێتە زمانی تۆ. بتوانی، دەتوانی؟ نووسین دەتوانێ. نە کتێب و نە نووسین نەیانتوانی ببنە زمان بۆ من. هەمووی درۆ بوو ماریا. هێچ شتێک ناتوانێ ببێتە هیچ شتێک و هێچ شتێک ناتوانێ جێگای هێچ شتێک پڕ کاتەوە. مێشکم هێلانەی هەموو شتێکە. هەر خوێندمەوە و دڵم پڕ بوو لە بەرد و زیخ. زگم پڕ بوو لە وەردە بەرد. هەر کۆ بۆوە لە من¬دا و بەرد کۆ بۆوە لە من¬دا ڕێگای دەرباز بوونیان نییە ماریا. تۆ دەزانی من پڕم لە شتی سەیر؟(ل: ٩٣)./ تۆ هەست و خۆشەویستیت بە جلگیرەکانەوە هەلنەواسی؟ تۆ نەبوویە ستیکێر و ئیمۆوجی؟ پڕم لە پرسیار و بەرد. بۆنی میز و چەقەلووری ئەو دەزگایانە(ل:٥٧).

ئەم شێوە دوان و گێڕانەوەی ئازاد، شێوەیەک لە شێوەکانی ژیانە. شێوەیەکە لە بوون کە بگرە لە حەقێقەتی بوون نزیک¬تر بێت. با بە گومانێکی سەوفستاییانەوە بپرسین کە بڵێی ژیان بە پێی یاسا و رێسا لەپێشدا تابین¬کراوەکان و بە پێی ئایدیالیستی ئەفلاتوونی ڕەسەن تر بێت یان بە پێی ڕوانگەی هێراکلیتووسی کە نەیئەتوانی لە چۆمێک¬دا دوو جار مەلێ بکات؟

کێشەی ئازاد وەکوو هەر مرۆڤێک کێشەی گومان و پرسیارە فەلسەفییەکانیەتی. سەر سووڕی لە بوون و نەبوون و چوون و نەچوون: سەرم سوڕ ماوە لەو هەموو بوون و نەبوون و چوون و نەچوونە. کەی دەتوانم بۆی بنووسم ئەمیر نیم. کەی دەتوانم لەو هەمووە درۆیە هەڵێم؟ زیپکە بەردەکە لە زارم¬دا هەست پێ دەکەم بەڵام نازانم چیم هەیە و نییە(ل: ١١٧). من هیوا نیم. من ئەمیر نیم. من ئازادم. من مهەندیس نیم. خوێندکاری پزشکی نیم لە تاران. تارژەن نیم. ماریا درۆم زۆر کردوە(ل: ١٤٧). کە ئازاد لە فەزای مەجازیدا لە گەڵ ماریا درۆ دەکات و دوایی دان بە دەلەسەکانی خۆی دادەنێ، خوازەیەکی باشە بۆ ئەوەی کە سنووری حەقیقەت و مەجاز لە مرۆڤ بزرە و چ مەعلووم ئەسڵەن حقیقەتێک بوونی هەبێت هەر وا کە نازانین بە چی¬دا دیارە ئازادێک بوونی هەیە؟ ئازاد گیرۆدەی زیپکە بەردەکەی ژێر زمانیەتی و پرسیارەکانی لێ قەتیس دەبێت. زیپکە بەردێک کە لە ژێر زمانی هەموو مرۆڤێک¬دا دەڕوێ تا نکۆڵی لە پرسیارەکانی بکات و سەرقاڵی ژیان بێت.

“ئازاد’ لە ڕەوایەتێکی دابڕدابڕ و لە ناو ژاوەژاوەی دەنگەکاندا خۆی دەگێڕێتەوە؛ بە جۆرێک کە وەک کەسایەتییەکی ناجێگیر، لە ناو دەق¬دا پڕژ و بڵاو دەبێتەوە. هەر کورتەکاتێک بوونێک و کەسایەتییێکی تازە و رەنجەڕۆ تاقی دەکاتەوە: ئەوەی کە پێی دەڵێن: ئێگزیستانسیالیسم. ئازاد و ماریا و ئەمیر و هیوا و ئاغای ئازاد و سوعدا و نیشتمان و من و تۆ، بەرهه¬می زیپکە بەردەکانی ژیان و بار و دۆخ و رەنجەکان و بڕیارەکان و بە گشتی جۆغرافیای زمانی و زەینی خۆمانین.

سەرچاوەکان:

١- بکت، ساموئل، سه گفتگوی ساموئل بکت و ژرژ دوتویی، ترجمه مراد فرهادپور، فصل¬نامه سمرقند، سال دوم، شماره ششم، ١٣٨٣

٢- کولبرک، کلر، ژیل دولوز، ترجمه رضا سیروان، تهران: نشر مرکز، ١٣٨٧

٣- هیدایەتی، قادر. گۆڕەشار، خانی، ١٣٩٨

Wittgenstein, Tractatus Logico- Philosphicus, trans. By D.F. Pears & B. F. McGuinness, Routledge& Kegan Paul, Ltd, 2002


١ – ویتگێنشتاین لە کتێبی تراکتاتووس­دا ئەو ڕستانە کە لە زماندا درووس دەبن و بەرانبەرەکەیان لە جیهانی واقێع­دا بوونی نیە، بە فڵتە (nonsense) لە قەڵەم ئەدات: ئاخە دایە تا کەی کەوشە کۆنم بۆ دەکوڵێنن و دەرخواردم  دەدەن؟(ل؛ ٩)./ بووموتە ئاوی تروومپا(ل: ٤٧).

٢- بە پێی بۆچوونی هەیدگێر فەیلەسووفی ئاڵمانی، زمان یانەی بوونە و بوونی مرۆڤ لەم یانەیە­دا دادە­مەرزێ.

٣ – بڕوانە: Deleuze, G. and Guattari, F. (1983), Anti-Qedipus: Capitalism and Schizophrenia, trans. Robert Hurley, Mark Seem and Helen R. Lane, Minneapolis: University of Minnesota press.         

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا