سێ شێعری ئیلای ئیلیاهوو، شاعیری جوو

ئیلای ئیلیاهوو

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: دالـیا ڕەئوف

.

یەکەم شت

بەیانیان کە چاوەکانم دەکەمەوە

یەکەم شت

بەدوای جەستەمدا دەگەڕێم  

تا بیپۆشم 

هەر لەو شوێنەیە کە شەوانە جێمهێشتووە

بە قەدکراوی

ساڵانێکە بەم شێوەیەیە

هەردەم دەیدۆزمەوە و هەرجاریش

لێی دەترسێم 

٭

بەئاگا لە تاریکیدا

بەئاگا لە تاریکیدا دانیشتم، گازم لە روحم دەگرت 

کورتهێنان لە کەنارەکەدا نیگەرانی کردم و 

کشانەوەی وشەکان و دەست لەسەر دڵ

لەو نزیکان خۆیان مەڵاسدابوو تا هێرشبکەن

لەسەر ماڵەکەوە زستان هەوری دەهێنا 

و درەختەکان لە بادا هاژەیان دەهات

بەئاگا لە تاریکیدا دانیشم

وەک  ئەو قوتابیەی کە لەبەرامبەر تەختەڕەشێکدا دەلەرزێت

و وەڵامێکی پێ شک نایە 

٭

ئەگەر تەنها بۆ یەک شەویش بێت

دەربارەی ئەمشەو هیچت لە یاد نامێنێت

نە لانکەی دەستەکانم کە تۆ لە ئامێز دەگرن

وەک ئەو دەنگەی کە سەدایەک هەڵدەگرێت.

نە پێداگری کپی لاقەکانم 

کە ژوورەکە دەپێون بە بڕیارێکی خۆکوژی

نە ڕووناکی گڵۆپی نیشتوو لە سەر ڕووت

و نە ئەو چپەی خۆشەویستیەی کە بەنازەوە چرپاندم بە گوێتدا

تا هێوربوویتەوە و نوستیت

تۆ هیچ لەمانەت لەیاد نامێنێت

بەڵام بۆ ئەو ماوەی کە لە ژیانت ماوە 

لە جیهاندا بەدوای روحێک وێڵدەبیت کە وەک من پێتەوە پەیوەست بێت

ئەگەر تەنها بۆ یەک شەویش بێت

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا