سێ شێعری ئیبراهیم ئەحمەدینیا
ئیبراهیم ئەحمەدینیا
.
خانە نشینی
تفەنگەکەم دەسپێرمە دارقەزوانێکی شەیتانپەرست
میراتەکەم ئەدەم بە یەکەم رێوی
پێ دەنێتە نێو جۆزەردان!
برووسکە دەکەمە خەلیفەی خۆم
بە ناسنامەی ساختەوە
دەڕۆمە بەندەرێکی پڕ لە عایلەمەن
بە رۆژ فاڵی درۆ دەفرۆشم بە بەلاش
شەو لە سەر لم و تەماکۆ
قەسیدەی تاریکی لەبەر ئەکەم!
.
دانلۆد
ئه‌ی مردن
دانڵۆدم مه‌که
له هارده‌کانی گۆڕه‌کانا
چه‌ن ساڵی ترم گه‌ره‌که و
ته‌مه‌نی مارمیلکه!
هێشتا نه‌مزانی دیموکراسی ته‌لیسی به چه‌ن
یا چ جیاوازی، له ئازادی و بزمارا
هێشتا «ئاراد»م له پۆلی شه‌شدا
هێشتا قورعانم به ته‌واوه‌تی خه‌تم نه‌کرد و
به‌رگی دووهه‌می capital م نه‌خوێند!
هێشتا شیعری چاپ نه‌کراو له تهلیسێ ژێرزه‌مینا
هێشتا پاراو نه‌کراو
له هه‌رزه‌کاری و C2H5OH دا .
ئه‌ی مردن!
دنیای پۆست مۆدێڕنه و دیجیتاڵ بۆ ئه‌وان و ئهوانتران
من رازی به DOS و چه‌کوش و نان و دۆ
هێشتا پایانکاری خانووه‌که‌م له شاره‌وانی
هێشتا گێڵاسی نێو حه‌سار پێنه‌گه‌یشتوو
هێشتا تایه‌ی ماشێنه‌که‌م زۆر تازه‌یه!
ئه‌ی مردن!
چه‌ن ساڵی تر و
ته‌مه‌نێکی نیوه ههڵڵۆۆۆ!
.
شوورەییترین شانازی
جێی شانازیترین عەیبم ئەوەیە
گەر لە رووبارێکا مەلە بکەم
نینۆکم ناچەقێتە وەنەوزی ماسی
ئاو داوام لێناکا
زوو بە جێی بێڵم!
شوورەییترین شانازیم ئەوەیە
گەر کۆلکە زێڕینە هەڵبێ
ناکەومە ژماردنی رەنگەکان
تەنها ستایشی باران ئەکەم!