هەزارتوێی هەنگەخۆرە

هەزارتوێی هەنگەخۆرە ناوی نوێترین ڕۆمانی نووسەر ئەنوەر عەباسی (هەرەس)ـە کە لە ٤٦٠ لاپەڕەدا و لە وڵاتی سوید چاپ و بڵاو بووەتەوە. ئەم ڕۆمانە نۆیەمین کتێبی نووسەرە و وەکوو هەموو بەرهەمەکانی دیکەی لە دەرەوەی زێدی خۆی چاپ و بڵاو بووەتەوە.

بە وتەی نووسەر؛ ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەی پارچەیەک لە ژیانی مرۆڤێک و دەوروبەرەکەیەتی کە لەگەڵ ڕابردووی خۆی لە لایەک و لەگەڵ ژیانی نووسەر و کاراکتەرە ڕاستەقینە و خەیاڵی و ئەفسانەییەکانی تر لە لایەکی دیکەوە تێکدەئاڵێن و بەم شێوەیە گێڕانەوەیەکی ناهێڵیی و چەندڕەهەندی دەدەن بە دەستەوە و بەم پێیە ئاسان نییە بتوانین لە چەند ڕستەیەکدا بڵێین هەزارتوێی هەنگەخۆرە گێڕانەوەی کام بەسەرهاتە. ”بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەتوانم بێژم ئەم ڕۆمانە چیرۆکی بەرکەوتنی مرۆڤە بە ڕاستییەکانی ژیان. چیرۆکی کەشف و دۆزینەوەی خود و جیهانە، کاتێک مرۆڤ لە جیهانی ئاشنای خۆی دادەبرێت”.

هەزارتوێی هەنگەخۆرە لە لایەن چاپەمەنی کتێب ئەرزانەوە چاپ و بڵاو بووەتەوە و  بڕیارە لە چەن حەفتەی داهاتوودا لە لایەن ناوەندی مەم و زین لە باشووری کوردستانیش چاپ و بڵاو ببێتەوە.

تۆ ئاگات لەوە بوو عەدنان چۆن ببوو بە قەشمەری دەستی ژن و پیاوەکانیتر. لەوێدا بوو کە وەبیرت هاتەوە؛ خۆیشت جار جار دەچیتە کەوڵی کەسێکی وا و ئەم باسانە بۆ هاوڕێکانت دەکەیت و ئەوانیش تەنیا بە هۆی تایبەتمەندییە کەسییەکانتەوەیە کە زۆر سنوور نابەزێنن و بە دەردی عەدنانت نابەن. ئەگەر بە تەنیا بن، تەنیا سەرت بۆ دەلەقێنن و بە ئەگەری زۆر لە دڵی خۆیاندا پێت پێدەکەنن و ئەگەر چەن کەس بن، پێکەوە بە نەرمی بە قسەکانت ڕادەبوێرن و لە ژێرەوە چاو لە یەک دەقرتێنن. تۆ هەست بە هەموو ئەمانە دەکەی بەڵام بێگوێدان پێیاندا تێدەپەڕی و لە خۆت دەپرسی: “ئایا سەردەمی بە قەشمەربوونی جوانیی دەستی پێکردووە؟”

مێهدی لەوبەرەوە دەنگی هەڵهێنا و ڕوو لە عەدنان وتی: “جاست فاک ئیت برەو!” و تۆ وڵامی پرسیارەکەی خۆت وەردەگریتەوە: لە مێژە!

– بەشێک لە ڕۆمانی هەزارتویێ هەنگەخۆرە

ئەنوەر عەباسی (هەرەس)

ئەنوەر عەباسی (هەرەس) نووسەر و شاعیری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بە نوێخوازی و فۆرمتەوەری ناسراوە بەڵام خۆی ناوی دەنێت؛ بەرگریی بێبەزەییانە لە جوانی.