پەنجا و سێ گوڵ و ئاڵایەک کە پارە ناکات

پەنجا و سێ گوڵ و ئاڵایەک کە پارە ناکات، نوێترین بەرهەمی ئەنوەر عەباسی (هەرەس) شاعیری سەقزی لە چاپخانە هاتووەتەوە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی باشووری کوردستان لە بەر دەستی خوێنەران دایە. ئەم کتێبە لە لایەن ناوەندی باڵندە وە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

«پەنجا و سێ گوڵ و ئاڵایەک کە پارە ناکات» ئەگەرچی چوارەمین ئەزموونی شێعری ئەنوەر عەباسییە بەڵام لەم کۆمەڵەشێعرەدا بە شێوەیەک ئاوڕی لە سادەنووسین داوەتەوە و لە ڕاستی‌دا دەکرێ بوترێ ئەم ئەزموونە لە باری فۆڕم و زمانەوە لە ئاراستەی ئەزموونەکانی پێشوویدا نییە و وەکوو خۆی وتوویەتی ڕەنگە لە داهاتوویشدا مەیلێکی بۆ دووبارەکردنەوەی نەبێ، مەگەر بە پێی ویستی وەها ناوەرۆکێک و پێکانی وەها مەبەستێک کە لەم کتێبەدا هەیبووە.

وەکوو پێشتر لە نووسین و چاوپێکەوتنەکان‌دا باسی کردووە، ئەو پێیوایە هەر ناوەرۆکێک و هەر شێوازی ڕوانینێک، بە پێی باروودۆخ و ویست و کەڵکەڵەکانی شاعیر، فۆڕم و زمان و تەنانەت ستایلی تایبەتیی خۆیان دەوێ و ئەمە تەنانەت کاریگەریی لەسەر بازنەی ئەو وشانەیش کە شاعیر بەکاریان دێنێ، دادەنێ. بەم پێیە ئەو زۆری باوەڕ بەوە نییە کە هەر شاعیرێک دەبێ فۆڕم و زمانێکی تایبەتیی خۆی هەبێت و هەموو ژیانی لەسەر ئەو ڕێچکەیە بەردەوام بێت بەڵام: «بێگومان هەر لەم زمان و فۆڕم و ستایلەدا کۆمەڵێک ئێلێمان پەیدا دەبن کە لە کاری شاعیرێک‌دا بەرجەستە دەبنەوە و دەبنە واژۆی تایبەتی شاعیرەکە و ئەمە باسێکی جیاوازە». شێعر بە گشتی و هەر تاکەشێعرێک بۆ هەرەس، ئەزموونی ژیانێکی سەربەخۆیە. ژیانێک کە ڕەنگە تەنیا چەن چرکەیەک درێژە بکێشێ یان ساڵەهای ساڵ. وەکوو خۆی دەڵێ: «پەنجا و سێ گوڵ… بەرهەمی بارودۆخێکی دەروونی و عاتفی ئاڵۆز و پڕ کێشمەکێشی دوو ساڵەیە و هەر ئەم ئاڵۆزبوونی بابەتە وایکرد بۆ دەربڕینی پەنا بەرمە بەر زمانێکی ڕێک و ڕاست و بە دوور لە هەر چەشنە ئاڵۆزییەک کە تێکەڵێکە لە شێعر و پەخشان… لە ڕاستی‌دا لەم کتێبەم‌دا پتر لە هەر کتێبێکی دیکەم، دەمویست زۆرترین سەرەداو بدەمە بەردەنگەکەم… وەکوو تاوانبارێک کە هێندەی تاوان کردووە و پۆلیس هەر نەیتوانیوە دەستبەسەری بکات، ئیتر ماندوو بووە و هەتا دەتوانێ سەرەداو لە خۆی بە جێدێڵێ. حەز دەکەم بمگرن!»


ئەنوەر عەباسی (هەرەس)

ئەنوەر عەباسی (هەرەس) نووسەر و شاعیری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بە نوێخوازی و فۆرمتەوەری ناسراوە بەڵام خۆی ناوی دەنێت؛ بەرگریی بێبەزەییانە لە جوانی.