دیمانە لەگەڵ ڕزگار جەباری | چاوپێکەوتن | ئارام حاجی
ئا: ئارام حاجی
.
ناوی تەواوی ڕزگار تەیب محەمەد ”جەباری”ـیە و بە ”ڕزگار جەباری” ناسراوە. ساڵی ١٩٨٠ لە شار کەرکووک، گەڕەکی شۆریجە لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٩١ ـەوە هەتا هاوینی ساڵی ١٩٩٨ لە ڕۆهەڵاتی کوردستان ژیاوە و ئێستا جیشتەجێی قەزای دەشتی هەولێر – شارۆچکەی بنەسڵاوەیە. ساڵی خوێندنی ٢٠٠٩ -٢٠١٠ لە کۆلێژی ئەندازیاری، بەشی میکانیک تەواو کردووە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٦ ـەوە توانای خۆی لە نووسینی شیعر تاقی کردووەتەوە و هەتا ئێستا کۆمەڵێک بابەتی فرەچەشنی لە گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاڤۆکەکانی کوردستان بڵاوکردووەتەوە. لەوانە دەتوانین ئاماژە بەم بڵاڤۆکانە بکەین: ڕخنەی چاودێر، نووسەری کورد، ڕامان، هەنار، نەوشەفەق، گزنگ و هتد. لە ٢٥ فێستیڤاڵی شیعریی و ئەدەبیدا بەشداریی کردووە و ١٢ خەڵاتی بردووەتەوە، لەوانە:
- خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵی گەلاوێژ ساڵی ٢٠١٠ لە سلێمانی.
- خەڵاتی یەکەمی شیعر لە پێشبڕکێی ”هۆزانی لاو” ساڵی ٢٠١٢
- خەڵاتی سێیەمی خوولی یەکەمی فێستیڤاڵی کەڤاڵ ساڵی ٢٠١٣
- خەڵاتی یەکەمی وۆرکشۆپی شیعری خوولی سێیەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بۆ ئەدەب بە ناوی ”نینیتی” کە باڵوێزخانەی وڵاتی بەریتانیا ساڵی ٢٠١٤ لە هەولێر سازی دابوو.
- خەڵاتی دووەمی فیستیڤاڵی شیعری لاوان لە کەرکووک ساڵی ٢٠١٥
- خەڵاتی یەکەمی توێژینەوەی ئەدەبی لە خولی نۆیەمی فێستیڤاڵی گوڵعەنبەر لە خورماڵ.
هەتا ئێستا سێ کتێبی چاپ کراوە:
- شەبەنگی ڕژاو: لە بڵاوکراوەکانی بەڕێوەبەرێتی چالاکی وێژەیی هەولێر ٢٠١٩.
- تریفەی پەیڤ: وتار و توێژینەوەی ئەدەبی – لە بڵاوکراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێر ٢٠١٩.
- دیوانی عەلی حەریری: ئامادەکردن و لێکدانەوە – لە بڵاکراوەکانی ماڵی وەفایی ٢٠٢٠.
جگە لەوانە لە شەش کتێبی هاوبەشیشدا کە بریتین لە دەقی شیعری و بابەتی ئەدەبی، وەکوو شاعیر بەشدار بووە.
هەروەها کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەی ئامادەی چاپە که چاوەڕوان دەکرێ بەمزووانە چاپ بن، لەوانە:
- ژمارە دووی پڕۆژەی دیوانی کلاسیک کە دیوانی سەی یاقۆی ماهیدەشتییە
- وەرگێڕانی کۆمەڵەشێعرەکانی ”سافۆ” ژنە شاعیری یۆنانی سەدەی حەوتی پێش زایین، بە وەرگێڕان لە زمانی فارسییەوە.
لە درێژەدا بەشێکی لە دیمانەیەکی ڕزگار جەباری دەخوێننەوە کە هاوکارمان ئارام حاجی سازی داوە.
ئارام حاجی:
جگە لە شیعر، وەک لێکۆڵەر و ڕەخنەگریش چالاکی، بە شیاوی دەزانم بەم پرسیارەوە دەست پێبکەم: چ شتێک بە مەترسی و خەسار دەزانی لە شیعری ئەمڕۆدا؟
ڕزگار جەباری:
ڕەنگە دێرینترین هونەری دەربڕین لە ڕێگای وشەوە، شیعر بێت، هەر لە هۆنراوەی گۆرانی، لاواندنەوە و لایەلایەی دایکان، پەند و قسەی نەستەق، مەتەڵ و پەیڤەکانی ناو یاریی منداڵان، نزا و پاڕانەوە و نوێژ و وێردی ئایینی، لە هەموو ئەمانەدا مرۆڤ هەوڵی داوە جۆرێک لە هونەرەکانی ڕەوانبێژی و ڕوونبێژی بەکاربێنێت و هونەری شیعریش زادەی ئەو هەوڵە سەرەتاییانەیە و ڕەگی لەو کێڵگە سۆزدارییانەدا هەیە. بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی و لەو سەردەمانەوەی مرۆڤ پەی بە هونەر و چەشەی هونەری و دەربڕینی هونەری بردووە تا ئەم سەردەمە پڕ لە ئامێر و ئاسنەدا لەگەڵ هونەردا ژیاوە و شیعریش بەشێکی دیاری ئەم ژیانە هونەرییە بووە. بۆیە دەتوانین بڵێین کە شیعر میراتێک و کەلەپوورێکی ئێجگار گرانبەها و واتاداری مرۆڤایەتییە. ئەم پێشەکییە کورتە بۆ ئەوە بوو بڵێم میراتێکی دێرینە و قووڵ لە ناو ناخ و گیانی مرۆڤدا، ئایا ئێستا لە مێژووی بزاوتی شیعری کوردیدا هیچ شتێک دەتوانێت بۆی ببێت بە مەترسی؟ مەترسییەک وا بکات شیعر لەناو ببات و بیمرێنێت. شیعر وەکو جۆرێکی جیهانبینی لە هەموو قۆناغ و سەردەمەکاندا هەڵی کردووە و قسەی خۆی هەبووە. ئەگەرچی خراوەتەوە خزمەتی ئاییۆلۆژیاوە بەڵام دژی ئایدیۆلۆژیاش وەستاوەتەوە، لە دەربارەوە چووەتەوە ناو خەڵک. نەیتوانیوە لە قاوغ و توێکڵێکدا قەتیس بمێنێت. هەرکاتێک بەری گیرا بێت، وەکو گۆمێکی مەنگ کۆن بووە و گەنیوە، جارێکی تر دەریچەیەکی دیکەی دۆزیوەتەوە بۆ ڕێژگە و ڕێڕەوی خۆی. ئەم هونەرە توخمی سەرکێشی و یاخیبوونی لە هەناودا هەڵگرتووە بۆیە تانەت دژی راوەستانی خۆیشی وەستاوە، بۆیە لە جۆرەها کێڵگە سەوز دەبێت، جۆرەها فۆڕم و بەری هەیە و جۆرەها کرۆک و تۆوی هەیە. هەرکاتێک ڕاوەستابێت، لە ناو خۆیدا تەقیوەتەوە و بە ڕوخسار و ناوەڕۆکێکی تازەوە بڵاوبووەتەوە. جووڵە و بزاوتەکەی بردووەتە قۆناغێکی دیکەوە.
ئەگەر سەیری مێژووی شیعری کوردی بکەین، تا سەردەمی سەرهەڵدانی بزاوتی بابان، شیعری کوردی بە زاری گۆران بووە کە چەند دەیە بوو درێژەی بە ژیانی خۆی دابوو. لەو سەروبەندەدا گەورەترین و بە تواناترین نوێنەری ئەم شێوازی شیعرە مەولەوی تاوەگۆزی بوو. لەو هەلومەرجە فەرهەنگی و سیاسییەدا نالی و هاوڕێیەکانی دێن و گۆمەکە دەشڵەقێنن. پڕۆژەکەیان نوێگەری بوو. نوێگەریش لە دیدی باو و گشتەوە کە لە ڕوانگەیەکی پیرۆزانەوە تەماشای میرات دەکرێت، جێگای پەسند نییە و ڕەتدەکرێتەوە. بۆیە نالی بەرگری لە خۆی دەکات و دەڵێت:
کەس بە ئەلفازم نەڵێت خۆ کوردییە خۆکردییە
هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تاڵبی مەعنا دەکا
دیارە ئەوەی لای کۆنەخوازان پەسند نەبووە بە پلە یەک جۆری ”زمان: زار” بووە کە نالی و هاوڕێیەکانی کردیان بە مۆدی شیعری کوردی. دیارە لای نالی زار و فۆڕم بابەتی کۆنکریتی شیعری نین کە نەکرێت دەستیان بۆ ببەیت. دەکرێت لە زاری ”گۆران”ـەوە بیگۆڕێت بۆ ”سۆرانی” و هەروەها فۆڕمی کێشی خۆماڵی بگۆڕیت بۆ کێشی عەرووز، ئەوەی گرینگە واتایە، ئەوانەی ڕەخنەیان لە نالی گرتووە لە دەستکاریی زار و فۆڕم، گرینگترین بابەتی شیعریان لە بیرکردووە کە ”واتا”یە. شیعر لای نالی کێڵگەیەک بووە بۆ چاندن و ڕواندنی تۆوی واتا. هێزی نالی جگە لە نوێگەرییەکەی لە زار و کێش، توانایە لە ئەفڕاندنی واتادا. پێدەچێت یەکێک لەو کەسانەی ئەم نوێگەرییەیان بە دڵ نەبووبێت، مەولەوی بووبێت. بەو بە پێودانگ و بەڵگەیەی، کە مەولەوی وەکو تایبەتمەندی کەسایەتی خۆی پێوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ شاعیراندا هەبووە. ئەمەش لە نامەکان و سەردانییەکانی دەردەکەوێت. مەولەوی لە کۆی زیاتر لە ١٠٠ نامەشیعری بۆ هاوڕێ شاعیرەکانی، یەک نامەی نییە بۆ شاعیرانی بزاوتی بابان. ئەمە لە کاتێکدا لە یەک سەردەم بوونە و تەنانەت لەگەڵ نالی خەڵکی یەک دەڤەرن. بە سەرکردنەوەی ئەم بابەتە بۆ ئەوە بوو بڵێم، لە دیدی هەندێک لە کۆنەخوازانەوە، بابەتی نوێ هەمیشە جێی پەسند نەبووە. ئەڵبەتە لێرە مەبەستم لە کۆنەخواز وەکو سیفەتێکی خراب نییە و مەبەست تانەلێدان نییە. بەڵکو مەبەست دەستگرتنە بە میراتی کۆنەوە و بەردەوامبوون لە داهێنان و پەرەپێدانی ئەو میراتەدا.
کاتێک بزاوتی شیعری بابان جێ بە شیعری گۆران لەق دەکات و جێی خۆی دەگرێت، ئەویش جارێکی دیکە دەبێت بە مۆدێکی باو و گشتپەسند. دەگاتە شوێنێک کە ئیدی هەست دەکەیت گەیشتووەتە دۆخی چەقبەستن، بۆیە مامەند کەرکوکی و گۆران و هەوڵەکانی شێخ نووری شێخ ساڵەح لە پێش ئەمانیشەوە بە پێی سەردەمە و خواستە کولتووری و سیاسییەکە، کرۆک و فۆڕمی شیعری کوردی نوێ دەکەنەوە. جارێکی دیکە ئەمانیش لەلایەن کۆنەخوازانەوە ڕووبەڕووی بەرەنگاری دەبنەوە. ڕەنگە ئەمە مێژووی هەموو گۆڕانکارییەک بێت، ڕەنگە خودی مێژوو بەرهەمی هەر ئەم گۆڕانکارییانە بێت.
لە ڕوانگەی هەندێ کەسەوە بەرنگاریی کۆنەخوازەکان بۆ سەر ڕەوتی تازە بە مەترسی دەزانن. بەڵام بە بۆچوونی من ئەم ململانێیە کردەیەکی سروشتییە و بە پێچەوانەوە دەبێتە هەوێن و داینەمۆی داهێنانی زیاتر لە هەردوو بەرەدا. ئەگەر بەرەنگاربوونەوەی کۆنەخوازان نەبێت، هەرگیز دەنگە تازەکان نەگەنە بەر گوێ و نەبنە جێ سەرنج و نەبنە دیاردە، بەڵکو هەر لە گۆشەگیری و پەراوێزدا بمێننەوە. ئەوەی گرینگە ئەو ململانێ و بەرەنگاربوونەوەیە بچێتە بواری گفتوگۆ و مشتومڕ و نووسینی وتاری ڕەخنەوە. ڕەخسانی گفتوگۆ گرینگترین ئامانجی ئەدەبە و بە ژانری شیعریشەوە. لە جیهانی مۆدێڕندا بەرهەم و داهێنانی هونەری و ئەدەبی چێ کردنی مینبەرێکە بۆ ئاڵۆگۆڕی کولتووری و سەکۆیەکە بۆ ڕەخساندنی گفتوگۆ. من ئەو جۆرە ململانێ و بەرەنگاربوونەوانە بە هەوێنی ڕەخساندنی گفتوگۆ دەزانم. لە ڕاستیدا ئەوەی هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەوە تاکو ئەمڕۆ بە مەترسی لە سەر شیعر دادەنرێت، تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتنی زانستییە. ئەم تێڕوانینە لە سەرەتای سەدەی بیست لە ئەوروپا و ئەمریکا کەوتە ناوانەوە و جاڕی مەرگی شیعریان دا. بەڵام کەسانێک هەبوون وەکو شاعیر و وەکو ڕەخنەگر بەرگریان لە شیعر کرد وەکو ئەوەی نەمردووە و ماوە و بەردەوام دەمێنێت. ئایدیای پشتەوەی ئەو جاڕدانە، ئەوەیە کە زانست هەموو سیستەمەکان و بوارەکانی ژیان وەکو بەڕێوەبردن و ئابووری تا ئاستێک پێشخستووە کە هیچ کەلێن و بۆشاییەکی پەنامەکی نەماوە بۆ شیعر قسەی تێدا بکات. ئەم دیدە وەکو ئایین تەماشای شیعری کردووە. چونکە لەو سەروبەندەدا کە زانست زۆر پێشکەوت تا ئاستێک بۆشاییەکی غەیبانی نەهێشتەوە کە مرۆڤ ناچار بکات پەنا بباتە بەر هێزە میتافیزیکییەکان بۆیە لەو سەروبەندەدا گڵۆڵەی کاهینەکان لە کۆمەڵگەی ئەوروپی و ئەمریکیدا کەوتە لێژی. هاوتاکردنی ئایین و شیعر لەم تێڕوانینەدا لە چییەوە هاتووە؟ ڕەنگە لەوەوە هاتبێت کە دەوترێت: ئایین و هونەر جمکی یەکن و پێکەوە لە دایک بوونە. شیعریش وەکو ژانرێکی ئەدەبی لە ژێر لقی هونەردایە. ئەم جاڕدانە زۆری نەخایاند و شیعر بەردەوام بوو لە ژیانی خۆی. چونکە سیستەمەکانی بەڕێوەبردنی ژیانی مرۆڤ هیچکات ناتوانن بگەنە ئاستێک هیچ کەلێن و بۆشاییەک بۆ قسەی هونەر نەهێڵنەوە. ئەگەر ئەو سیستەمانە باڵاخانەیەک بن، هەمیشە بۆشایی و کەلێن لە نێوان مادە پێکهێنەرەکاندا بە جێدەمێنن، شیعر ئەو بۆشاییانە پڕ دەکاتەوە. شیعر قسە لە سەر کەلێنانە دەکات. تەنانەت لە هەندێ دیدی فەلسەفییەوە رزگارکەری خودی مرۆڤ و ژیان هونەرە.
ئەوەی دەمێنێتەوە مەترسی لە سەر شیعری ئەمڕۆی کوردی چییە؟ بۆچوونێک دروست بووە کە دەڵێت شیعری کوردیی ئەمڕۆ هیچ نییە. ئەو بۆچوونە و ئەو “هیچ نییە” لە کوێوە هاتووە. پێموایە ئەمە جۆرێکی مەترسییە، کاتێک بڕیارێکی نەرێنیی گشتگیر هزری زۆرینەی کۆمەڵگە دەتەنێتەوە. یەکەم شت ئەمە بڕیارێکی میراتی و بۆماوەییە کە تاکی کورد هەمیشە بە کەم تەماشای کەلەپوور و کالای خۆی کردووە. دووەم خاڵ ئەوەیە کە پێشتر وەکو رزگارکەر تەماشای شیعر کراوە بۆ ڕزگاربوون لە کێشە جڤاتی و ڕامیاری و کۆمەڵێک قەیرانی دەروونی و ژیاری دیکە. بەڵام ئەوەی تەکانێکی بەم بڕیارەوە داوە، بوونی ژمارەیەکی ئێجگار زۆری نووسەری دەقی بەناو شیعرە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا. ئەگەر تاکە کەناڵی خوێندنەوەی دەق لای خوێنەر پێش داهاتنی ئەم تۆڕەکۆمەڵایەتییانە، کتێب و گۆڤار بووبێت، کە لەوانەش بوار بۆ دەقی لاواز و نادەق زۆر کەم بوو، ئەوا ئاشنای دەقی بەرز دەبوو. بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەل بۆ هەموو جۆرە کەسێک ڕەخساوە کە نووسین بڵاوبکاتەوە. نەوەیەکی تازەتری خوێنەر بە چاوخشاندنێک بەو هەموو نووسراوانەدا بەر زۆر نووسراوی دەقی خواروخێچ و کرچ و کاڵ دەکەوێت و ئەو بۆچوونەی لا دروست دەبێت کە بە گشتی ئەمە دۆخی بزاوتی شیعری کوردییە. بە تایبەتی لەوێدا کە پێشتر وێنایەکی گەورەی بۆ شیعری کوردی هەبووە. وەکو ڕوونە سەردانیکارانی تۆڕە کۆمەڵایەتییان زۆرترن لەو کەسانەی سەریان لە ناو کتێبدایە. بۆیە ئەمە دەبێتە ڕوانگەیەکی گشتگیر لەناو توێژی خوێندەوارانی ڕووکەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە کۆمەڵگەدا. لە ڕاستیدا دەبێت ئەوە بێت کە زۆر بەداخەوە ئێمە ئێستا لە سەردەمێکدا دەژین کە زۆر بەها و کەلەپووری دیکە لای زۆرینەیەک لە توێژ و چینەکانی کۆمەڵگە و هەر پۆلە بە بیانوو و هۆکار و فاکتێک، نرخیان نەماوە و سووک سەیری ئەو بەها و میرات و کەلەپوورانە دەدەن. هێچ کەلەپوور و بەها و پیرۆزییەک نەماوە کە خەڵکانێک بە کۆمەڵێک بیانوو سووکایەتی پێ نەکەن! لە زمان و خاک و ئەدەب و ئاڵا و زۆرێک لە بەها مەعنەوییەکانمان. زۆری و بۆری نووسین لە تۆڕەکاندا بیانوو نییە بۆ ئەوەی بڕیارێکی گشتگیر بدەین لەبارەی ئەدەب و شیعری کوردییەوە. ئەگەر خوێنەری ڕژد بین دەبێت دەقی داهێنەرانە بناسینەوە و تەنها بەو دەقانە بڵێین شیعر. لە مێژووی شیعری کوردیدا بە شاعیرانی هاوچەرخیشەوە خاوەنی دیوان و دەقی بەرزین و جێگای ئەوەن بیانخوێنینەوە و شانازیان پێوە بکەین. ئەگەر ئێمە نەتەوەیەکی ئەدەبدۆست بووباین دەبوایە وەکو فارسەکان چۆن دیوانی حافیزی شیرازی لە هەموو ڕەفەی ماڵێکدا هەیە، ئێمەش دیوانی شاعیرانی وەکو مەلای جزیری و بێسارانی و نالی لە ماڵەکانماندا هەبوایە. بەڵام ئێمە ئەو بابەتانە نەبووەتە کولتوورێکی مەعنەوی و نان و ئاو و چێژ و خۆشییەکان نەبووەتە خەمی ڕۆژانەمان. وێڕای ئەوە جارجار خەڵک و کۆمەڵێک بەناو نووسەر و ڕۆشنبیران پەیدا دەبن و بە ناوی ڕەخنەوە شەق لە زۆر میراتی گرانبەها دەدەن. وەکو ئەوەی لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵێک پەیدا بوون، سوکایەتی نەما بە شیعری کلاسیکی نەکەن. دیار بوو ڕژێمی بەعشیش ئەمەی بە دڵ بوو. بۆیە هاوکاری دەکردن و هەوڵی دەدا لە ڕێگای ئەمانەوە ئەم جۆرە تێڕوانینە پەرە پێ بدات. تاکو تاکی کورد هیچ شتێکی خۆی لا پیرۆز و بەهادار نەبێت.
لە کۆتاییدا ئەوەی مەترسییە لە سەر شیعری ئەمڕۆمان و هەموو میراتی کوردەواریمان، یەکەم: ناخێکی تێکشکاومانە کە کەم سەیری خۆمان و هەموو میراتمان دەکەین. ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە بواری ڕەخنە نییە، بەدڵنیاییەوە ڕەخنە جیاوازە و بگرە پەرە بە داهێنان دەکات. بەڵام مەخابن لە پەنای ڕەخنەوەشەوە ئەو ناخە تێکشکاوە کاری خۆی دەکات. دووەم: تەنکبوون لە باکگراوندی مەعریفی کە وەکو ئاماژەم پێ دا وەکو نان و ئاو نەبووەتە خەمی ڕۆژانەمان. عەقڵییەتی خورافەپەرستی زاڵە بە سەر کۆمەڵگەدا و خەریکبوون و هەوڵ و ماندووبوون لە پێناو زیندووڕاگرتنی کەلەپووری کوردەواریمان و پەرەپێدانیان بە کایەیەکی پووچ دەزانێت.
ئارام حاجی:
لێرە و لەوێ هەوڵ و کۆشش دەبینرێ بۆ هەڵسەنگاندن و ڕاڤەکردن و ڕەخنەگرتنی شیعر. بەشێک لەم هەوڵانە بەبێ پشتبەستن و گەڕانەوە بۆ هیچ میتۆدێکی ڕەخنەیین و دەتوانم بڵێم تەنها ”قسە” دەکەن بە پێوەر بۆ چاک و خراپ یان پەسەند و ناپەسەندێتی دەق و بابەت. ئایا ئەمانە شوێنێک دەگرن لەناو فەزای ڕەخنە و لێکۆڵینەوەدا؟ لە کاتێکدا لە سەردەمی ئەرستۆوە تا دەگاتە ئێستە کە سەدەی بیست و یەکەمە هەوڵی بە مێتۆد کردنی نووسین و ڕەخنە دراوە.
ڕزگار جەباری:
وەکو ئاماژەت پێ کردووە، دوو جۆر نووسین، یان خوێندنەوە یان هەڵسەنگاندن هەن، یەکەمیان پشتئەستوور بە میتۆد و دووەمیان بێ میتۆد. ڕەخنە لە سەر بنەمای میتۆد نووسین و توێژینەوەیەکە کە پێی دەڵێن زانستی (ئەکادیمی). لە بەرانبەر ئەمەدا مەرج نییە هەموو خوێندنەوەیەکەی دەق بێ میتۆد، هیچ بەهایەکی نەبێت و خاڵی بێت لە ڕوانینێکی وردی رەخنەیی و دۆزینەوە و ئاشکراکردنی ڕەهەندی داهێنانەی دەقەکە، بەڵام ئەوەندە هەیە کە ئەم جۆرە نووسینانە نابن بە سەرچاوە و ژێدەر. من بەر ئەم جۆرە نووسینانە کەوتووم، کە نووسەر بە بێ بەکاربردنی بنەمایەکی میتۆدی و تەنها بە پشت بەستن بە خودی دەقەکە یان کتێبەکە یان سەرجەم بەرهەمەکانی نووسەرەکە، توانیویەتی هەڵێنجانی جوان بکات و لایەنی شاراوە و دیوێکی دیکەی دەقەکانمان بۆ بخاتە ڕوو.
لە بنەڕەتەوە لایەنی ڕەخنە لە هزر و کلتووری ئێمەدا نەبووە و لە ئێستاشدا زۆر لاوازە و نەبووەتە کولتوور. ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چۆن باوەڕی پیرۆز گیانی ڕەخنەگرتن لە مرۆڤدا دەکوژێت. مرۆڤ بە درێژایی دەیان سەدە پشتاوپشت هەڵگری باوەڕێکی پیرۆز بێت کە پڕ بێت لە هێڵی سوور و بڤە و دەیان دیوار لە بەردەم گومان و پرسیار و لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی جیاواز، ئیتر ئەم خەسڵەتە ئەنتۆلۆژییەی مرۆڤ خۆبەخۆ دەمرێت. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەرگیز پرسیار لەو دیوی هێلە سوورەکان نەبووە. هەرگیز کەس پرسیاری لە چۆنێتی و ئەگەر و مەگەری باوەڕی خۆیشی نەکردووە. لە هیچ شتێکی خۆی بە گومان و دوودڵ نەبووە. هیچ ئەدگار و ڕەوتار و وتارێکی خۆی نەخستووەتە ژێر پرسیار و گومانی لا دروست نەبووە. ئەمە بووەتە کۆنەستی ئێمە. تەنانەت سێبەری لە سەر هزر و گیانی زۆرێک لەوانەی لە کایەی ئەدەبدا دەبزوێن ماوەتەوە. کاتێک ڕەخنەیەکی لێ دەگرێت، لێت وەرناگرێت. ئەگەر لە فەیسبووکێک یەکسەر بلۆکێکت بە سەردا دەکێشێت! ئەمە لە کاتێکدا هەر جۆرە بیرکردنەوەیەک بوار بە ڕەخنە نەداتم بێ گومان دەبێت کایەی ئەدەب ئەو بوارە بدات. ڕەخنە لە ئەدەب وەرگریتەوە گۆڕەپانەکە پڕ دەبێت لە کالای ئیکسپایەر و بەسەرچوو و کرچ و کاڵ. ڕەخنە دروست وەکو کۆنتڕۆڵی جۆرییە لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، نابێت خۆراکی خراپ دەرخواردنی مرۆڤ بدرێت. ڕەخنە سەکۆیەکە کە لێکدانەوە و شرۆڤە جیاوازەکان لە مەڕ دەق دەخاتە ڕوو. ئەمەش واتا گفتۆگۆ. لە باوەڕی پیرۆزدا گفتوگۆ نییە، یەک تاکە کەس قسە دەکات و ئەوانی دیکە هەموو گوێ دەگرن. بەڵام لە ئەدەب و لە ئەفڕاندنی دەقی ئەدەبیدا تەنانەت خوێنەریش قسەی خۆی دەکات. رەخنەی ئەدەبی لە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە. یەکەم قۆناغ نووسەری دەق تەوەر بووە بۆ شرۆڤە کردنی دەق. قۆناغی دووەم دەق تەوەر بووە، قۆناغی سێیەم خوێنەر تەوەرە. ئەوە خوێنەرە (بەڵام خوێنەری ڕژد و هەگبەپڕ) چۆن لە دەق تێدەگات و واتای لێ هەڵدەهێنجێ و واتای پێ دەبەخشێت و چۆن چێژی لێ وەرگرتووە. ئەو واتابەخشینە قسەی خوێنەرە واتا خوێنەر بەشداری لە بنیاتنانی دەق کردووە. هەروەها دەتوانێت فۆڕ و دەنگیش بەو واتا بەخشینە بدات و بۆ کەسانی دیکەشی بخاتە ڕوو و باسی ئەزموونی چێژوەرگرتنەکەی بکات.
پێش هەموو شتێک زەمینەی گفتوگۆ بسازێین، دەبێت هەموو جۆرە هزرێکی دەمارگرژانە لە خۆماندا وەلاوە بنێین. لە ناو گفتوگۆدا دەتوانین ڕەخنە گەڵاڵە بکەین. من باوەڕم وایە لە ناو ڕەخنەدا هەموو جۆرێکی هزر و گیانێک کە لەگەڵ ڕەوتی سەردەم و لۆژێک و بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی تێک ناکاتەوە، ڕەدبکەینەوە، بە بێ ئەوەی کەسی بەرانبەر هەست بە برینداربوون بکات یان هەست بەوە بکات بێڕێزی بەرانبەری کراوە. چونکە لە گفتوگۆدا دەبێت هەردوو لا ئارگیۆمێنتی خۆی بخاتە ڕوو. ئەوە بەڵگەی هزرییە کاری خۆی دەکات، نەک هەست و سۆز، نەک میزاجی تاکەکەس. ئەگەر ئێمە بە کۆمەڵێک بیروباوەڕی چەسپاوی پێشوەختەوە بچینە ناو گفتوگۆ لەبارەی دەقەوە، کەواتە هەر لە سەرەتاوە دەرگای پەرەسەندنی گفتگۆیەکەمان داخستووە و تەنها دەمەقالە و مشتومڕی بێ واتای لێ بەرهەم دێت. ئەو ڕەخنانەی بە میتۆد نووسراون ئەگەر هەموو هەوڵەکە بۆ ئەوەێت کە دواجار یەک بڕیار بدات، کە ئەم دەقە باشە یان خراپە، بڕیاری باشەکە لە سۆنگەی هاوڕێیەتی و بەرژوەندییەک بێت و بڕیاری خارپەکە لە سۆنگەی کینەیەکی کەسێتی بێت، لە ڕاستیدا ئەوە ڕەخنە نییە و بگرە زەبرێکی کوشندە لە کایەی رەخنە دەدات. چونکە تێگەیشتنی هەڵە فەزاکە دروست دەکات و خۆی بۆ خۆی دەبێتەوە بەهێزکردنی گیانی پەسندکردنی یەکتر. ئەدەب کایەکی مەعریفییە کە کار لە سەر هەقیقەتی ڕەها ناکات. نەتانەت لە بنەڕەتەوە دژی هەقیقەتی ڕەهایە. ئەوە ئەدەبە بە شێوازی خۆی بانگی مرۆڤایەتی دەکات بۆ پێکەوەژیان و یەکترپەسندکردن. بە گوێی مرۆڤدا دەچرپێنێت کە هەقیقەتی ڕەها لای هیچ کەس و گروپێک نییە و لە پێناوی ئەو وەهمە نە خۆتان و نە کەسانی دیکە لەناومەدەن. ئەو کەسانەی لە ئەدەبدا قووڵ بوونەتەوە جوان درک بەوە دەکەن کە مرۆڤ دوو بەرەی ڕەش و سپی نییە. من سپی و تۆ ڕەش. بەشێکی ئەنگێزە و هەوێن ئەفڕاندنی دەق، زاتییە. ئەم ڕوانین و چەشە زاتییانە تەنها دەگوازرێنەوە نەک دەسەپێنرێن، لەبەر ئەوەی بابەتێکی رێژەییە و ناکرێت بکرێت بە ڕەها و بەسەر هەمووانەوە گشتگیر بکرێت. کاتێک بڕیاری باشی یان خراپی دەق دەدرێت، ڕێک ئەوە دەگەیەنێت کە ڕەخنەگر بیەوێت ڕوانین و چەشەی خۆی بکات بە ڕاستی ڕەها و بیسەپێنێت. ئەم جۆرە بڕیارانە تەنها لە دادگادا هەیە، نەک لە ئەدەبدا. ئاسایی دوای بڕیاری دادوەر هەموو جۆرە گفتوگۆیەک دەبڕێتەوە، بەڵام لە رەخنەی ئەدەبیدا گفتوگۆ دەتوانیت بەردەوام درێژ بێتەوە و دوابڕیاری تێدا نەبێت. نابێت بە هیچ جۆرێک میزاجی تاکە کەسی بکەین بە پێوەری بڕیاردان بە سەر دەقدا. تەنها دەتوانین ئایدیا و بۆچوونەکانمان دەرببڕین و ئەمەش دەبێت بە میتۆد پشت ئەستوور بکەین و پاسەدانی بکەین. من باوەڕم بە ڕێژەییە لە واتا و جوانی و چەشە و بەها هەیە لە توخمەکانی پێکهاتنی دەقدا. خاوەنی دەق تا چەند توانیویەتی ورد و قووڵ کاربکات لە ئەفڕاندنی دەقەکە و واتای ورد و قووڵی تێدا جێ کردووەتەوە، بێ گومان ئەو دەقە قسە و ڕاڤەی زیاتر هەڵدەگرێت بۆ پەی بردن بە لایەنە شاراوەکانی. باوەڕم بەوە نییە، نووسینێک یان دەقە یان دەق نییە، ئەدەبە یان ئەدەب نییە. شیعرە یان شیعر نییە. نابێت خوێنەر بخرێتە سەر ئەم دووڕێیانە. لە بنەڕەتەوە دەق خاوەنی کۆمەڵێک توخم و ڕەهەندە کە خوێنەری ڕژد لەمیانی خوێندنەوەوە دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرم دەکات و لەوێوە بەشداری دەکات لە پڕۆسەی ئەفڕاندنی واتا و چێژوەرگرتن.
ئارام حاجی:
زمان گەورەترین و سەرەکیترین سەرمایەی دەق و یەکەی بەرجەستەکەری دەقیشە، ئەدەبی پاش ساڵی دوو هەزار، توانیویەتی زمانێکی جیاواز لە ئەدەبی پێش دووهەزار بچەسپێنێت و پێی بناسرێتەوە لە نێو شیعردا؟
ڕزگار جەباری:
هەموو بیرکردنەوەیەکی نوێ دەبێت بە دایکی زمانێکی نوێ و زمانێکی نوێ لە باوەشی خۆی پەروەردە دەکات. وەکو خۆم تا ئەو شوێنەی هەوڵم داوە شیعری کوردی هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانەوە تاکو ئێستا بخوێنمەوە و ئاگادار بم، لە شیعری نەوەی دوای ساڵی دوو هەزارەکانەوە بەر هەندێ دەنگی تازە دەکەوم کە جیاواز لە نەوەی پێش خۆیانن و هەوڵی ڕژد دراوە بۆ کارکردن لە ناو زماندا. دەنگ هەیە تەنها هەڵسوکەوتێکی هزری لەگەڵ زماندا دەکات لە خزمەت بیرۆکە شیعرییەکەیدا، هەموو هونەرە دەقگرتووەکانی رابردووی لە زمانی خۆی دەرکردووە. واتە دەمەوێت بڵێم بە شێوەی ستوونی لە ناو زماندا کاری کرووە. دەنگی دیکە هەن هەوڵی داوە ئاسۆیی لە ناو زماندا کاربکات بەو واتایەی زۆرترین وشە بخاتە شیعرەوە، تەنانەت ئەو وشە بازاڕییانەی ڕۆژانە کە لە ڕوانگە کۆنەکەوە ئەوانە شیعری نین و بۆ شیعر ناشێن. وەکو خۆم زۆر دڵخۆشم بە ژمارەیەک لەو دەنگە تازانە کە دووبارە و پاتبووەوەی پێش خۆیان نین، بەڵکودرێژەپێدەری کاروانەکەی پێش خۆیانن.